عەزیز ئەحمەد حەمە : سروەی بەهار

0

عەزیز ئەحمەد حەمە : سروەی بەهار

سەرەتای ساڵەو بەهارە
دنیای جوان پڕ لە نیگارە
لەو شاخ و دۆڵ و پێدەشتە
هەڕەتی سیحری سروشتە
کوردستان هەمووی خەمڵیوە
ئاڵ و واڵا خۆی گۆڕیوە
دەشت بەرگی سەوزی کردە بەر
تاجی گوڵ گوڵی نایە سەر
بەفری سەر شاخ چۆڕاوگەی بەست
بە تیشکی خۆر خۆی دا لە دەست
هاتە خوارێ زەنگۆڵ زەنگۆڵ
گرتی ڕێگای شیوەڵ و دۆڵ
چرۆیان کرد دارو درەخت
نەما زستانی ساردو سەخت
بەیبون و خاش خاش ، هەڵاڵە
وەنەوشەی بۆنخۆش گوڵالە
نەستەرەن و لالەو نەسرین
شلێر و بیزاو یاسەمین
تێک ڕژاون خۆ دەنوێنن
دڵی دڵدار دەبزوێنن
وەک پیشەی هەمیشەی بولبول
دەخوێنێ بەرانبەر بە گوڵ
قومری بۆ یەکتر دەخوێنن
ڕازی دڵیان دەدرکێنن
پەپولە باڵ لە یەک دەدەن
مژدەی بەهار بۆ گوڵ دەبەن
گوڵیش لە پاداشتی ئەوە
سنگ و بەرۆکیان کردەوە
کام گوڵە بۆن خۆش و جوانە
پەپولە لای ئەو میوانە
دەقاسپێنێ کەوی لاسار
لە بن ڕەوەزو لانزار
شمشاڵی شوان لە دور دێ
تێکەڵ بە قاسپەی کەو دەبێ
ڕاستە شمشاڵ مەڕ مۆڵ دەدا
بەڵام بێریش لێ ی تێدەگا !
ئەم دوو ئاوازەو زۆری تر
تێکەڵاو دەبن کتوپڕ
جوانتر سروشت دەخەمڵێنن
خەم ڕەوێنن دڵڕفێنن
سیحری سروشت خۆ دەنوێنێ
دڵ لە دڵخوازی دەستێنێ
سروەی فێنکی سبەینان
بە شێنەیی و لە پێش هەموان
دێ و باوەشێن دەکا ووڵات
بۆنی خۆش دێنێ بە خەڵات
خاڵۆی جوتیار بە جوتێک گــا
گاسن لە زەوی گیر دەکا
دەیکێڵێ و خۆی ئەڕەتێنی
دڵی خاکیش دەبزوێنێ
کیژان کەوتنە کەژو کێوان
بەیانی تا نوێژی شێوان
لێواو لێو دەکەن چارۆکە
کەنێرو پیشۆک ترشۆکە
بەهارە جێ ژوانگەش هەردە
سێبەری دارو پاڵ بەردە
لەوێ بەیەک دەگەن دڵدار
دوور لە چاوی پیسی بەدکار
دڵدار بەهاری پێخۆشە
دڵ بەجۆشە بە پەرۆشە
چەپکێ گوڵ بەرێ بۆ یاری
جوانە دابی کوردەواری!
من شەیدای ئەم دیمەنانە
هەڵوەدای ئەم نیشتیمانە
گوێ هەڵدەخەم و بۆن دەکەم
چاو دەگێڕم دیقەت دەدەم
لێرە دنیا خوای جوانیە
بەهەشتی شادمانیە
دڵگیرە هەموو دیمەنێ
دنیا هەمووی پێدەکەنێ
سروشتێکی سیحراویە
بەهەشتێکی خوداییە
دەستە بەستم لە ئاستی هەست
ناتوانم دەریبڕم مەبەست
زمان لاڵەو دەم بەسراوە
قەڵەم کۆڵ و نوک شکاوە
وەسفی بەهاری کوردستان
نایەتە مێشک و سەر زمان !

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com