شەڕی دەسەڵات بۆ دوارۆژی ئازادکردنی موسڵ

0

نوچەنێت

پرۆسەی ئازادکردنەوەی موسڵ لە ژێر دەستی داعش دەستیپێکردووە، بەڵام لە ئێستادا تەنها لە رووی سیاسییەوە قسەی لە سەر دەکرێت. پێکهاتە  و لایەنەکانی عێراق لە سەر چۆنیەتی گرتنەوەی دووەم شاری گەورەی عێراق لە رکابەرایەتیدان .

نزیک بە تەواوی گروپە چەکدارەکانی عێراق و پشتیوانە دەرەکییەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ ددانیان تیژ کردووە. باس و خواسەکان لە دەوری ئەو تەوەرەیە کە، کێ هێرش بکاتە سەر موسل. ئەوەی کە سەرئەنجام کام گروپ و لایەن بە سەر ئەم شارەدا زاڵ بێت یەکلاکەرەوە و چارەنووسساز دەبێت.

حەیدەر عەبادی، دەبێت بتوانێ پلانێکی سیاسی یەکپارچە بۆ لە ناوبردنی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسیەکان و رکابەرکان بخاتەڕوو. کۆشکی سپی لە نزیکەوە هەموو گریمانە  و پیلانی لایەنەکانی خستۆتە ژێر چاودێری و، بێ ئاگا نییە لە هەموو ئەو سیناریۆیانەی کە دەتوانێ هاوسەنگیەکە لاسەنگ بکات.

بە بۆچوونی ئەمریکییەکان، ئەوەی کە چ کەس و لایەنێک لە موسڵ بالا دەست دەبن زۆر گرینگە و جێی تێڕامانە. میلیشێا شیعەکانی نزیک و بەستراوە بە ئێران، هێزی پیشمەرگە، سەرکردەی عەشیرە سوننەکان یان فەرماندەرانی سوپای عێراق، کە هەرکامەیان دید و روانگەیەکی جیاوازیان سەبارەت بە موسڵ و قۆناغی دوای ئازادکردنیان هەیە.

جۆ بایدەن، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە سەردانەکەی هەفتەی رابردووی خۆی بۆ عێراق، زیاتر لە هەموو شتێک جەختی لە سەر کۆدەنگی دەکردەوە بۆ گرتنەوەی شاری موسڵ. شەری دەسەڵات بۆ چارەنووسی موسل وێکچوونی زۆری هەیە لە گەل ئەو مشتومڕ و ململانێیەی کە ساڵی ٢٠١٥، سەبارەت بە گرتنەوەی تکریت هاتە ئاراوە. لە مەسەلەی تکریت فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا بەو هۆیەی کە میلیشیا شیعەکان ئامادە نەبوون لە هەڵوێستی خۆیان پاشەکشە بکەن و دەسەڵاتەکە بە دەستی سوپای عێراقەوە بیت، ئامادە نەبوون لە رووی هێرشی ئاسمانیەوە هاوکاریان بکەن. بەم حاڵەشەوە فەرماندەیەکی میلیشیا شیعەکان رایگەیاندووە لە هەر حاڵەت و ئەگەرێکدا بەشێک  دەبن لە ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی موسڵ.

لەم نێوەدا سوپای ئەمریکا، لە راگەیاندنی کاتی هێرشەکان بۆ گرتنەوەی موسڵ پەلەی کرد. ساڵی رابردوو، یەکێک لە بەرپرسە سەربازییەکانی ئەمریکا پێشبینی ئەوە کرد، کە تا بەهاری ٢٠١٥ ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی موسل دەستپێدەکات. مەبەست لەم لێدوانانە، هەڵسەنگاندن و بزاوتنی سەرکردەعێراقییەکان بوو، بۆ وەڵامدانەوەی خێرایان بە داعش. سەرکردە عێراقییەکان ئەم لێدوانەیان بە جۆرێک لێکدایەوە کە واشنتۆن خەریکی ئامادەکردنی پلانی سەربازی گرتنەوەی موسڵە، بەڵام دواتر بەرپرسانی ئەمریکا پاشەکشەیان لەم هەڵوێستەی خۆیان کرد.

سەرباری ئەم ململانێیانە، ئۆتۆریتە و هەیمەنەی حەیدەر عەبادی لە لایەن موقتەدا سەدرەوە بەرەوڕووی کێشە و پرسیار بۆتەوە و ئەمەش لەمپەرێکی دیکەی سەر رێگای دەستپێکی ئازادکردنەوەی موسڵە.

ئێران و ئەمریکا هەردووکیان پشتگیری لە دەوڵەتی عێراق دەکەن، چون نایانەوێت لە کاتێکدا کە کەمپەینی لێدان و بەرەنگاربوونەوەی داعش نەگەیشتۆتە ئەنجام، دەوڵەتەکەی عەبادی بکەوێت. ئەمریکییەکان، چاەڕوانییان لە عەبادی هەیە کە بە سەر تەنگژە و ئاڵۆزیەکاندا سەربکەوێت، بەڵام شارەزایان و چاودێرانی سیاسی بۆچوونێکی دیکەیان هەیە، ئەوان پێیانوایە، کە لاوازی و ترسی عەبادی وادەکات کە بەرامبەر بە کەسانی وەک سەدر شکست بێنێت.

لە سەر یەک دۆخەکە بە جۆرێکە، کە ململانێ و رکابەرایەتییەکان دەبنە هۆی دواکەوتنی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی موسل و لە رووی مەیدانییەوە ئەگەری ئەوە هەیە کە هاوپەیمانێتی دژ بە داعش ئاراستەیەکی دیکە بگرێتە بەر.

سەرباری ئەوەی کە هێزە توندڕوەکان ناچار بە پاشەکشە کران، هێزی پێشمەرگەی  و هێزەکانی حەشدی شەعبی ئەم دواییانە کەوتنە شەڕ و پێکدادانەوە. ژمارەیەکی بەرچاو لە عەرەبە سوننەکان خەریکن موسڵ و ناوچەکانی دەورووبەری چۆڵ دەکەن. ئەمەش دەبێتە بابەتێکی مەترسیدار، لەو رووەوە کە نەبوونی ناوچەیەکی ئارام لە نێوان موسڵ و کوردستان کێشەی لیبکەوێتەوە.

موسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوایە کە لە سنوری سوریا و کوردستانی باشوور هەڵکەوتوو و پێکهاتەی فرەچەشنی نەتەوەیی و ئایینی هەیە. عەرەبە سوننەکانی ئەم ناوچەیە نیگەرانی چارەنووسی خۆیانن لە دوای وەدەرنانی داعش لە ناوچەکە.

بە سەرنجدان بە پێکهاتەی دانیشتوانی موسڵ، ئەمریکا، عەرەبەکان و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوایی خوازیاری کۆنتڕٶلی ئەم شارەن لە لایەن هێزەکانی سوننەوە. بەڵام سەرباری هەوڵەکانی ئەمریکا، لە ماوەی ١٨ مانگی رابردوو بۆ مەشق پێکردن و ئامادەکردنی وەها هێزێک، رێژەی هێزە سەربازییەکانی سوننە زۆر بەرچاو نین. لە وەها هەلومەرجێکدا بە ناچار سوپای عێراق کە زۆرتر لە فەرماندە و هێزی شیعە پێکدێن، بە ئەگەری زۆر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکەیان لە ئەستۆ دەبێت.

گرفتی سوپای عێراق لەوەدایە، کە خاوەنی یەکگرتوویی و هێزی پێویست نییە و زۆرێک لە سوننەکانی ئەم وڵاتە هەست بە وەفاداری ناکەن. کێشە و جیاوازییە مێژووییەکانی نێوان عەرەبی سوننەی ناوچەکە و کورد لە روویەکەوە کێشەیەکەی گەورە و جددیتر لە مەسەلەی سوپای عێراق.

چارەنووسی موسڵ لە دوای ئازادکردنی بۆ تورکیاش جێی سەرنج و گرنگییە. لە مانگی دیسامبەری ساڵی رابردوو، تورکیا یەک لایەنە هێزێکی سەربازی خۆی رەوانەی ناوچەکە کرد و ئێشتاشی لە گەڵ بێت تیایدا جێگیرە. مەبەستی سەرەکی ئەنقەرە دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی لە دوای گرتنەوەی شاری موسڵ.

بە گشتیی دەکرێ بگوترێت، لە پەیوەندی لە گەل گەڕانەوەی ئەمن و ئاسایش بۆ شارەکە، نە تەنیا بەرپرسانی عێراق خاوەنی پلانێکی سیاسی یەکدەست و پەکپارچە نین، بەڵکو خودی بەغدا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش هیچ کامەیان ئامادەیی پێویستیان بۆ ئاوەدانکردنەوە و راگەیشتن بە کاروباری هاووڵاتییان نییە.

سەرچاوە:فارین پاڵیسی

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com