نوچه‌نێت-هه‌ولێر
هه‌ردوو په‌رله‌مانتاری عێراقی، حه‌نان فه‌تلاوی و هه‌یسه‌م جبوری داوا له حه‌یده‌ر عه‌بادی ده‌كه‌ن ده‌ست له‌كاربكێشێته‌وه، فه‌تلاوی ده‌ڵێت، مانه‌وه‌ی عه‌بادی واته فه‌وتانی عێراق، جبوریش داوا ده‌كات حكومه‌تێكی ته‌كنۆكرات به سه‌رۆكایه‌تی كه‌سێكی سه‌ربه‌خۆ پێكبهێنرێ.
له به‌یاننامه‌كه‌ی جبوریدا هاتووه “داوا له عه‌بادی ده‌كه‌ین ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه، چونكه شكستی هێنا له ئیداره‌دانی قه‌یرانه‌كه و بووه‌هۆی ئاڵۆزبوونی مه‌شهه‌دی سیاسی عێراق و نه‌مانی هه‌یبه‌تی ده‌وڵه‌ت و شكستیشی هێنا له‌و چاكسازییه‌ی به‌ڵێنیدا به‌دی بهێنێ”.
له به‌یاننامه‌كه‌ی جبوریدا هه‌روه‌ها هاتووه “داوا ده‌كه‌ین حكومه‌تێكی ته‌كنۆكرات دوور له دابه‌شكاری و حیزب حیزبێنه پێکبهێنرێ به سه‌رۆكایه‌تی كه‌سێكی سه‌ربه‌خۆ”.
هه‌رچی حه‌نان فه‌تلاوی سه‌رۆكی لیستی ئیراده‌یه، ئه‌وه داوای كردووه عه‌بادی ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه و وتویه‌تی مانه‌وه‌ی عه‌بادی واته فه‌وتانی عێراق بۆ هه‌تا هه‌تایه.
له درێژه‌ی به‌یاننامه‌كه‌ی فه‌تلاویدا هاتووه “داوا له عه‌بادی ده‌كه‌م ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه چونكه روژ له‌دوای رۆژ شكستی زیاتری خۆی ده‌سه‌لمێنێ و ده‌ریده‌خات ناتوانێ ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه ببات و ناتوانێ هاوڵاتییانی بپارێزێ، نموونه‌شمان ته‌قینه‌وه‌كه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ی سه‌ماوه‌یه”.
فه‌تلاوی به ته‌نزه‌وه ده‌ڵێت “عه‌بادی نه‌ك ده‌وڵه‌ت به‌ڵكو ناتوانێ قوتابخانه‌یه‌كیش به‌ڕێوه‌ببات، ده‌وڵه‌ت رۆژ له‌دوای رۆژ له داڕوخاندایه و ئه‌ویش هه‌ر سه‌رقاڵی ئه‌وه‌یه چۆن له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی بمێنێته‌وه”.