رۆژنامەی واشنتۆن پۆست دەنووسێت: پلانەکانی دەوڵەتی ئۆباما بۆ روبەروبوونەوەی داعش پێویستی بە عێراقێکی یەکگرتوو و شوێندانەر هەبوو لە دەوڵەتەکەی حەیدەر عەبادی.
واشنتۆن پۆست سەبارەت بەم دۆخەی عێراق دەڵێت: لەم رۆژانەی دوایی سەرباری نائارامیە سیاسیەکان لە بەغداد دەوڵەتی واشنتۆن سەبارەت بەم داهاتووی عیراق گەشبین بوو، بەڵام ئەم گەشبینیە لە پاڵ ستراتژی واشنتۆن بۆ روبەروبوونەوەی داعش لە ئێستادا گومان و دڕدونگی لە سەرە.
لە وتارەکەی واشنتۆن پۆستدا هەروەها هاتووە، پرسیارێکی گەورەتر لەبەردەم ئیدارەی ئۆباما ئەمەیە کە ئەگەر عەبادی نەتوانێ لە میانەی ئەم نائارامی و ئاڵۆزیانەدا خۆی رزگار بکات چی روو دەدات؟
پلانداڕێژێکی پێشووی سەربازی ئەمریکا لە بەغدا لەم بارەوە رایگەیاندووە، ئێستا تیگەیشتنێک هەیە، کە دەوڵەتی عێراق بەم پێکهاتەوە ناتوانێ بەردەوام بێت، روون نییە کە عێراقیەکان چۆن دەتوانن خۆیان لەم دۆخە دەرباز بکەن.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، کە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانە عێراق هەڵەیەکی گەورەی ئۆبامای خستە روو، هەڵەیەک کە بریتی بوو لەوەی کە ئۆباما سیاسەتی شکست پیهێنانی داعشی لە یارمەتیکردن بە عەبادی بۆ ژیانەوەی دەوڵەتە ناکارامەکەی پێ گرنگتر بوو.
چاودێرانی سیاسی رایان وایە، کە شەڕی ئۆباما لە دژی داعش هەر لە سەرەتاوە بەستراوە بە عەبادییە، سەرۆکوەزیرانێکی لاواز کە لە هەوڵدایە لە سیستمێکی ئاخێنراو بە رکابەرایەتی وململانێی لایەنەکان خۆی دەرباز بکات.
هیچ ئاماژەیەک نابیندرێ کە دەوڵەتی ئۆباما لە ئێستادا گۆڕانکارییەکی گەورەی لە سیاسەتەکانی روبدات. ئێستا هیواکان لە سەر ئەوە هەڵچنراوە کە ئاڵۆزی و نائارامیەکانی بەغداد حاڵتێکی کاتی و کورتماوەی هەبێ.