نوچەنێت
حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە کۆشکی کۆماری لە ناوچەی سەوزی بەغدا، کە بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 1-5-2016 کۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکە و لایەنە سیاسییەکانی عێراقی تێدا ئەنجامبدرێت.
بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی بەغدا و دوایین پێشهاتەکانی عێراق هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق: سەرۆکایەتی کۆمار، سەرۆکایەتی وەزیران و سەرۆکایەتی پەرلەمان لە کۆشکی کۆماری کۆدەبنەوە. لەبەرئەوە هەموو رێگاکانی کۆشکیی کۆماری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گیراون.
بڕیارە کاتژمێر 11:00 بۆ 12:00 کۆبوونەوەکە دەستپێبکات و رێوشوێنێکی ئەمنیی تووندیش لە دەوری کۆشکی کۆماری گیراوەتەبەر، هەریەکە لە پۆلیس و سوپا و کەتائیبەکانی حیزبوڵڵا و خۆراسان و کەتائیبی ئەهلی حەق رژاونەتە سەر شەقامەکان.
رۆژی 30-4-2016 دوای گوتارەکەی موقتەدا سەدر خۆپیشاندەران لە بەغدا روویانکردە ناوچەی سەوز و ئاڵۆزی دروستبوو، دەروازەکانی ئەو ناوچەیەیان بڕی و خۆیان گەیاندە تەلاری پەرلەمانی عێراق و چوونە نێو ھۆڵی پەرلەمان، پاشان خۆپیشاندەران چوونە چەند شوێنی دیکە، لەوانە باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران، هۆڵی بۆنەكان و میوانخانەی ئەنجوومەنی وەزیران.
ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران پێش گەیشتنی خۆپیشاندەران بۆ ناوچەی سەوز هەڵاتن، بەڵام هەندێکیان لەنێو باڵەخانەی پەرلەمان گیریانخوارد و زیاتر لە 8 كاژێر گەمارۆدران، بەشێکیشیان کە چەند پەرلەمانتارێکی کوردیشیان تێدابوو، هێرشیان کرایە سەر، لێیان درا و سووكایەتییان پێکرا.
ئەمڕۆ لەبەردەم پەرلەمانی عێراق لە ناوچەی سەوزی شاری بەغدا، شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان دروستبووە.