نوچەنێت
بە مەبەستی ئارامکردنەوەی دۆخی بەغدا، سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە کۆشکی کۆماری لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆدەبنەوە، لەهەمان کاتیشدا باڵی سەربازی رەوتی سەدر پەرلەمانی عێراق دەپارێزێت.
دوای ئەوەی رۆژی شەممە 30-4-2016 پەرلەمانی عێراق لەلایەن خۆپیشاندەران و لایەنگرانی رەوتی سەدر لە بەغدا دەستی بەسەرداگیرا، بڕیارە ئەمڕۆ، سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کە پێکهاتوون لە، سەرۆکایەتی کۆمار، پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆشکی کۆماری کۆببنەوە.
بەپێی زانیارییەکان، کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەبێت، بۆ ئەوەی بارودۆخی عێراق هێوربکەنەوە و تاوتوێی باشترکردنی دۆخەکە بکەن.
دوای هەڵکوتانە سەر پەرلەمانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە تاوەکو ئێستا دۆخی ئەمنی بەغدا ئاسایی نەبووەتەوە و بەشێکی زۆری رێگاکانی نێو بەغدا داخراون. ئێستا دۆخی ئەمنی و سیاسی بەغدا، لەوپەڕی خراپیدایە.