نوچەنێت
خۆپیشاندەران لە بەغدا دوای گوتارەکەی موقتەدا سەدر دەرگاکانی ناوچەی سەوزیان تێکشکاند و، گەیشتنە بەردەم پەرلەمانی عێراق، دواتر بەبێ رووبەڕووبوونەوە لە گەڵ هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق و کەمێک پێش ئەو رووداوەش پەرلەمانتاران لە پەرلەمان هەڵهاتبوون.
بە گوێرەی زانیارییەکان “دەرگای ناوچەی سەوز لەلایەن سەدان هەزاران لە خۆپیشاندەرانەوە شکێندرا، موقتەدا سەدر لە گوتارەکەیدا داوای کرد خۆپیشاندەران لەبەردەم باڵەخانەی پەرلەمان مانبگرن، لەو ساتەوەی من قسە دەکەم خۆپیشاندەران هەوڵدەدەن دیوارەکانی ناوچەی سەوز بڕوخێنن”.
پەرلەمانتارانی لە پەرلەمانی عێراق هەڵهاتوون و ترسیان لە خۆپیشاندەران هەیە، چونکە خۆپیشاندەران توڕەن و دەڵێن پەرلەمانتاران گاڵتە بە ئیرادەی خەڵک دەکەن.
سەدان خۆپیشاندەر لە پیاو گەنج و ژن بەدرووشمی “بە رۆح و بە خوێن خۆمان بە قوربانی عێراق دەکەین” چوونە نێو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراقەوە کە بڕیار بوو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی تێدا ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاساییەوە کۆبوونەوەکە بۆ سێشەممەی داهاتوو دواخرا.