نوچه‌نێت- هه‌ولێر
له‌گه‌ڵ بره‌و په‌یداكردنی ئه‌و جووڵانه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌ی موقته‌دار سه‌در، له‌دژی هاوبه‌شه فه‌رمانڕه‌واكانی رێبه‌رایه‌تی ده‌كات، هه‌ندێ گۆڕانكاری نوێ هاتوونه‌ته‌گۆڕێ كه پێده‌چێ ببنه‌هۆی په‌یدابوونی رووداوگه‌لێكی سیاسی نوێ و ته‌نانه‌ت چاوه‌ڕوانننه‌كراو.
سه‌ره‌تاكانی ئه‌و رووداوه نوییانه به موجامه‌له‌ی نێوان دوژمنه‌كانی دوێنێ ده‌ست پێكرد، ئه‌وانیش ئه‌مریكییه‌كان و سه‌درییه‌كانن.
دیارترین نموونه‌یه‌ی ئه‌و موجامه‌لانه، لێدوانێكی دوێنێی مارك تونه‌ر جێگری وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بوو كه وتی “ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا پشتیوانی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی لایه‌نگرانی ره‌وتی سه‌در ده‌كات كه بۆ به‌دیهێنانی چاكسازی ده‌ستیان داوه‌تێ”. رۆژنامه‌ی واشنتن تایمز ئه‌و گوته‌یه‌ی تونه‌ری گواستووه‌ته‌وه.
تونه‌ر له درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا وتوویه‌تی “واشنتن پشتیوانی له سه‌ربه‌ستی گه‌لی عێراق و ئازادی راده‌ربڕینیان ده‌كات، له رێگه‌ی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌وه كه ئاشتیانه‌ن و پشت به توندوتیژی نابه‌ستن، ئێمه پێمانوایه خۆپیشانده‌ره ئاشتیخوازانه‌كان به‌رجه‌سته‌كاری دیموكراسییه‌تن”. چاودێران ده‌ڵێن ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌مریكا پشتیوانییه بۆ سه‌در له به‌رامبه‌ر شیعه فه‌رمانڕه‌واكاندا و ده‌وترێ فشاریشی له ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا كردووه كه له‌گه‌ڵ سه‌در گفتوگۆ بكه‌ن.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا دانی به‌وه‌دانا، كه سه‌در توانای كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌یه و كه‌سێكی كاریگه‌ره، تونه‌ر له‌م باره‌یه‌وه گوتی “خۆپیشاندانه‌كان باش ده‌ڕۆن به‌تایبه‌ت كه سه‌در ده‌یه‌وێ به‌شێك بێ له پرۆسه‌ی سیاسی و به‌رجه‌سته‌كاری ده‌نگی گۆڕانی ئه‌رێنی، ئه‌وه‌ش به‌شێكه له‌و پرۆسه سیاسیه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان پشتیوانی ده‌كات”.
سه‌در بۆ یه‌كه‌مجار سوپاسی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا ده‌كات
موقته‌دا سه‌در به‌وه ناسرابوو كه هه‌میشه دژایه‌تی هه‌موو رۆڵێكی ئه‌مریكی و نێوده‌وڵه‌تی كردووه له عێراق، كه‌چی هه‌فته‌ی رابردوو به‌یاننامه‌یه‌ك بڵاوكرده‌وه و سوپاسی باڵیۆزخانه بیانییه‌كانی كرد كه ده‌ستیان وه‌رنه‌داوه‌ته خۆپیشاندانه‌كان. داوایشی له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و كۆنگره‌ی وڵاتانی ئیسلامییكرد، رۆڵ ببینن له رزگاكردنی خه‌ڵكی عێراق له كاره‌ساته‌ی تێیدایه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێویست به هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختیش بكات. ئه‌م هه‌ڵویسته‌ی ئێستای سه‌در هه‌ر ئه‌وه‌یه كه ئه‌مریكا و وڵاته عه‌ره‌بیه‌كان كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و ته‌واو دژی بۆچوونی ئێرانه.
سه‌لام داودی شرۆڤه‌كاری سیاسی له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌ی ئه‌لوه‌سه‌تی به‌حره‌ینی پێیوایه “هۆكاری لێكنزیكبوونه‌وه‌ی سه‌در و ئه‌مریكییه‌كان، هه‌ڵوێستی هاوبه‌شیانه له به‌رامبه‌ر زاڵبوونی هه‌ژموونی ئێرانی به‌سه‌ر بڕیاره سیاسییه‌كانی عێراقدا كه له رێگه‌ی حیزبه شیعه‌كانی سه‌ربه ویلایه‌تی فه‌قێ پیاده‌یان ده‌كات”.
داودی هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “ئه‌مریكییه‌كان وای ده‌بینن رۆڵی ئێران له عێراقدا مه‌ترسییه‌كی ستراتیژی هه‌یه، چونكه سیاسه‌تی ئێران هاوئاهه‌نگه له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی روسیای دژه ئه‌مریكا، هه‌رچی موقته‌دا سه‌دره ئه‌وه نیگه‌رانه له‌وه‌ی زاڵبوونی ئێران به‌سه‌ر سیاسه‌تی عێراقیدا ده‌بێته‌هۆی كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له ده‌وری حیزبه شیعه‌كانی سه‌ر به ویلایه‌تی فه‌قێ (قوم و تاران)، ئه‌وه‌ش ته‌واو دژی بۆچوونی قوتابخانه‌ی فیكری ئایینی سه‌درییه‌كانه كه ده‌ڵێن، خه‌ڵكی ده‌بێ له ده‌وری حه‌وزه‌ی ئایینی نه‌جه‌ف كۆببنه‌وه”.
دابڕین و له قاڵبدانی هاوپه‌یمانانی ئێران
ره‌وتی سه‌در كه خاوه‌نی یه‌كێك له میلیشیا به‌هێزه‌كانی شیعه‌یه (سه‌رایای سه‌لام) هه‌ستی به مه‌ترسیداریی زاڵبوونی ئێران به‌سه‌ر جومگه سیاسی و ئه‌منییه‌كانی عێراق كردووه، به‌تایبه‌ت له رێگه‌ی كۆنترۆڵكردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی حه‌شدی شه‌عبی.
نه‌جم شه‌لال ئال جه‌واد، شرۆڤه‌كاری سیاسی، ده‌ڵێت “مه‌به‌ست له خۆپیشاندانه‌كانی سه‌درییه‌كان چاكسازی پرۆسه‌ی سیاسی نییه وه‌ك ئه‌وه‌ی بانگه‌شه ده‌كرێ، چونكه 30%ی پۆسته سیاسییه‌كانی عێراق به‌ده‌ست سه‌درییه‌كانه‌وه‌یه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه تووڕه‌یی موقته‌دا سه‌دره له زاڵبوونی لایه‌نه‌كانی سه‌ر به ئێڕان به‌سه‌ر حه‌شدی شه‌عبیدا، به‌تایبه‌ت كه حه‌شدی شه‌عبی سۆزی شه‌قامی شیعه‌ی به‌لای خۆیدا راكێشاوه و سه‌در ده‌ترسێ ئه‌مه كۆتایی به هه‌ژموونی سه‌درییه‌كان بهێنێ له‌ناو شه‌قامی شیعه‌ی عێراقیدا”.
ئال جه‌واد ده‌ڵێت “مێدیاكان ئاگاداری ئه‌وه نین كه مه‌سه‌له‌ی گرنگ له‌م خۆپیشاندانانه ئه‌وه‌یه كه سه‌در چیتر ئارامی نه‌ماوه، له‌وه‌ی میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران حه‌شدی شه‌عبییان كۆنترۆڵكردووه و كردوویانه به ئامرازێك به‌ده‌ست ئێرانییه‌كانه‌وه، كه ده‌یانه‌ێ شیعه‌ی عێراق به‌ره‌و ئایدۆلۆجیای خومه‌ینی رابكێشن و له سرووشته عه‌ره‌بییه‌كه‌ی مه‌زهه‌بی جه‌عفه‌ری دووریان بخه‌نه‌وه‌و، ئیدی شیعه ببنه ئامرازی ده‌ستی ئێران بۆ دژایه‌تی وڵاتانی عه‌ره‌ب”.