نوچەنێت
یاریدەدەری جیهادی، رێبەری رەوتی سەدر هەڕەشەی ئەوەدەکات، ئەگەر سەرجەم وەزارەتەکان نەگۆڕدرێن ئەوا خۆپیشاندانەکان دەبەنە ئەو وەزارەتانەی، کە نەگۆڕدراون. راشیگەیاند: بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە ئەو هەنگاوەی حکومەتمان قبوڵکرد، هەروەها پشتیوانیش لەو حکومەتە دەکەین، دوای ئەو ئێش و ئازارەی بەدەستی حکومەتەکانی رابردوو چەشتوومانە.
کازم عیساوی، یاریدەدەری” جیهادی” رێبەڕی رەوتی سەدر رۆژی سێشەممە 26-4-2016 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، کەلەنزیک ناوچەی سەوز ئەنجامیدا رایگەیاند” پێویستە بەردەوامبن لە ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکان لە کابینەی حکومەتدا، ئەگەر بەردەوامنەبن ئەوا شوێنمان ئەو وەزارەتانە دەبێت، کە گۆڕانکاریان تێدا ئەنجام نەدراوە”.
گوتیشی” ئەو گۆڕانکارییانە مانای رازیبوونی گەلی عێراق ناگەیێنێ، بەڵام بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە ئەو هەنگاوەمان قبوڵکرد، هەروەها پشتیوانیش لەو حکومەتە دەکەین، دوای ئەو ئێش و ئازارەی بەدەستی حکومەتەکانی رابردووچەشتوومانە”.
یاریدەدەری سەدر داواشیکرد”ئەو گەندەڵکارانە دادگایی بکرێن، کە دەستیان بە خوێن و ماڵی عێراقییەکان سوورە”.
ئاماژەی بەوەشدا، چاکسازییەکان بەردەوامدەبن تاوەکو سەرجەم وەزارەتەکان بەبێ جیاوازیکردن دەگوڕدرێن.