ئه‌حمه‌دی مه‌لا
تایبه‌ت به نوچه‌نێت نوسیویه‌تی.
کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی وه‌کو زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگه‌کانی دی، خاوه‌ی په‌رادۆکس و دژایه‌تییه ناوه‌کییه‌کانی خۆیه‌تی، له هه‌ندێ باری تایبه‌تدا ئه‌م دژایه‌تییانه له جێگه‌یه‌کی هه‌موار ده‌گه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌کو چیای ئاگرپژێن لێوه‌ی بته‌قنه‌وه. ره‌نگه شوێنی ئاگرپژێنهکه جه‌سته نهساغهکهی کۆمه‌ڵگه‌که نه‌بێت، ره‌نگه گرفته‌کان به فلته‌ر و که‌ناڵی دیکه‌دا تێپه‌ڕن و له شوێنێک سه‌رهه‌ڵده‌ن که ئه‌ڵقه لاوازه‌کانی جه‌سته‌ی کۆمه‌ڵ پێکهێنابێت.
بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ته‌نگژه کاتییانه، نموونه‌ی ته‌نگژه‌که‌ی شاری سلێمانی و له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دواییه‌ش له ناوچه‌ی بادیناندا، پێویست ده‌کات که چاودێرانی سیاسی و به تایبه‌ت حکوومه‌ت تووشی هه‌ڵوێسته‌یه‌کی ته‌ندروست بکات و بۆ ئه‌مه‌ش کاری لێکۆڵینه‌وه‌ی جیدی بۆ بکرێت. ته‌نها ده‌سته‌واژه‌کانی ” هێورکردنه‌وه” و ” شیراژهتێکنهدانی کۆمه‌ڵگه” و ” تێکچوونی ئه‌زموون” و “ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌کی” و هتد به‌س نین. ئه‌م کهپوسووله هێمنکهرهوانه کێشه‌کانی به ته‌واوی چاره‌سه‌ر ناکات.
ئه‌وه‌ی جێی بایه‌خه ده‌بێت سه‌رله‌نوێ پێناسه‌کانی ” هاوڵاتیبوون” و “سهروهرهری یاسا” و ” سه‌کۆکانی تهشریعدانان” و چه‌مکه‌کانی “پێکه‌وژیان” فره‌یی” دابڕێژینه‌وه. کارکردن بۆ ئه‌م ئامانجانه به شێوه‌یه‌کی روون و راست و ره‌وان. ئه‌و بنامایانه‌ی که حیزب و حکوومه‌تی له‌سه‌ر دامه‌زراوه پێویستی به پێداچوونه‌وه هه‌یه. جۆره تێکهڵیوپێکهڵییهک له‌م بنه‌مایه به‌دیده‌کرێت رۆژ له دوای رۆژ دژایه‌تییه‌کان زیاتر ده‌کات و هێورکردنه‌وه کاتییه‌کان ته‌نها گرفته‌کان بۆ کات و ساتێکی دی هه‌ڵده‌گرن، ئه‌گینا پێویستی به چاره‌سه‌ری بنبڕ هه‌یه.
ئه‌و دیموکراسییه‌ی که له کوردستان باسی لێوه ده‌کرێت، ده‌سکه‌وتێکی گرینگه، به‌ڵام ده‌سکه‌وت خه‌ڵاتێک نییه و له‌سه‌ر ره‌فه‌کان دابنرێت له کاتی شکسته‌کاندا به سه‌یرکردنی فێنکی به دڵ و ده‌رووندا بهێنێته‌وه، به‌ڵکو ده‌سکه‌وتی سیاسی پێویستی به پێداچوونه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی هه‌یه، چونکه ده‌سکه‌وت ئه‌زموونه، هه‌موو ئه‌زموونێکیش بۆ ئه‌وه‌ی به نه‌مریی بمینێته‌وه، ده‌بێت له نێو گۆڕانکارییه‌کاندا هه‌ڵ ده‌کات.
ئاین پێکهاته‌یه‌که له کۆمه‌ڵگا، وه‌کو خێڵ و خێڵایه‌تی پێکهاته‌یه‌کن، دوو چه‌مکی دژ به یه‌ک به‌ڵام سه‌دان ساڵه ئه‌م دوو پێکهاته‌یه کۆمه‌ڵگای کوردستانیان پێکهێناوه. ئه‌گه‌ر ئاین “فه‌توادان” و “مینبه‌ره‌کانی هه‌ینی” بکاته سه‌کۆی ده‌ڕبڕینه‌کانی خۆی، له پاڵ ئه‌مه” په‌رله‌مان” و ” ده‌سته‌ی یاسادانانیش” هه‌یه. ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی خوێن و خزمایه‌تی و بنه‌ماڵه، ریشاڵه‌کانی خێڵ پێکه‌وه‌گرێ بده‌ن، به‌ڵام جه‌سته‌ی حکوومه‌ت له سه‌رووی ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌وه کاره‌کانی خۆیان رێکده‌خه‌ن. بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م دژایه‌تییانه، پێویستمان به ئه‌وه هه‌یه که ده‌ستوور و یاسای گه‌مه‌کان بۆ هه‌مووان روون و ئاشکرا بن.
سنووره‌کانی ئه‌م جه‌ستانه ده‌بێت له کۆمه‌ڵگای کوردی پێناسه‌بکرێت و سه‌رله‌نوێ ئازادییهکانییان دیاریی بکرێت.
ئه‌کته‌ره سیاسییه‌کان، ده‌بنه فیگه‌ری جێگیر، به پێویست ده‌زانرێت ئه‌وانیش رچه‌کانی کوولیس بناسن و رێ بۆ ره‌نگ و روخساری دیکه خۆش که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کی جه‌ده‌لی و ته‌ندروست له نێوان نوێنه‌ران و جه‌ماوه‌ر پێک‌بێت. ئه‌کتیڤکردنی رۆڵی موعاره‌زه و رێخۆشکردن بۆ دروستبوونی پارتی نوێی دیکه که له‌سه‌ر بنه‌ماکانی شار و شارستانییه‌ت دروستبووبێتن، گه‌ره‌نتی دوارۆژی کوردستانن، چونکه بنه‌مانی هه‌موو حیزبه‌کان سه‌ر به دونیایهکهن رۆژ له دوای رۆژ کۆن و کۆنتر ده‌بن.
خیتاب و دیسکورسی نه‌ته‌وایه‌تی زوو ده‌گاته بنبه‌ست ئه‌گه‌ر کرانه‌وه‌یه‌کی راسته‌قینه به‌ره‌و موماره‌سه‌کردنێکی راسته‌قینه‌ی دیموکراسی به خۆیه‌وه نه‌بینێت.
له کۆتاییدا، پێکهاته ئاینییه‌کان ره‌گوڕیشه‌یان قووڵن، له ناخی تاکه‌کاندان، ئه‌گه‌ر به ته‌واوی له نێو یاسا و رێسای گونجاو‌دا چوارچێوهرێژ نه‌کرێن، هه‌میشه وه‌کو وزه‌یه‌کی حازربه‌ده‌ست ئاماده‌یی خۆی له کۆمه‌ڵگادا به‌یان ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر ئاین نه‌بێته مایه‌ی دڵشادی و به‌خته‌وه‌ریی تاکه‌کان، ئه‌وه هه‌میشه وه‌کو ته‌نگژه‌یه‌ک له هه‌موو ئان و ساتێکدا به‌رووی ئه‌م ئه‌زموونه ده‌ته‌قێته‌وه.
ئه‌گه‌ر ئه‌م ئه‌زموونه‌ش نه‌بێته ئه‌زموونی هه‌موو خه‌ڵکی، به‌هارێکی دیکه به‌ڕێوه‌یه ئه‌و کات به “به‌هاری کوردستان” نێوزه‌د ده‌کرێت.