نوچەنێت
لە ئێستادا پاڕلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەدایە و لەهەمان کاتدا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی ئامادەیی لەو کۆبوونەوەیەدا هەیە، عەبادی لیستێكی لەگەڵ خۆیدا هێناوە و بڕیارە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەدا لیستەکە بکاتەوە و ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا بکات کە لە کابینەی تەکنۆکراتدا دەبنە وەزیر.
پاڕلەمانی عێراق لە بارودۆخێكی زۆر گرژدا کۆبوونەوە ئەنجام دەدات، لەناو هۆڵی پاڕلەمان بەشێك لە پاڕلەمانتاران داوای کردنە دەرەوەی حەیدەر عەبادی دەکەن و بەشێكی تریش پەلەی ئاشکرا کردنی ناوەکانن بۆ پێكهێنانی حکومەتی تەکنۆکرات، لەدەرەوەی پاڕلەمانیش لەسەر داوای موقتەدا سەدر خۆپیشاندانی ملیۆنی ئەنجام دەدرێت.
موقتەدا سەدر لەڕێگەی پەیامێكەوە هەڕەشەی ئەوە دەکات لە ئەگەری سەر نەکەوتنی کۆبوونەوەکەی پاڕلەمانی عێراق بۆ پێكهێنانی حکومەتی تەکنۆکرات، خۆپیشاندەران هێرش دەکەنە سەر پاڕلەمان.
سەدر چەند ڕۆژێکە داوای خۆپیشاندانی ملیۆنی لە لایەنگارانی دەکات و ئەمڕۆش هاوکات لەگەڵ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئاشکرا کردن و دەنگدان لەسەر لیستی ناوەکانی حکومەتی تەکنۆکرات لە عێراق، لەدەرەوەی پاڕلەمان لایەنگرانی سەدر بە دەیان هۆتافی جیاجیاوە هەڕەشە دەکەن لەوەی کە دەبێت کۆبوونەوەکە دەبێت ئەنجامبدرێت.