نوچەنێت-مێهر
کتێبی داعش لە نووسینی فواز جێرجیس، یەکێک لە نووسەرە بەناوبانگەکانی بواری ئیسلامی سیاسییە، کە تایبەتە بە مێژوو و چۆنیەتی سەرهەڵدان و پەرەسەندی داعش بڵاوکرایەوە. نووسەر لەم کتێبەدا وەڵامی زۆرێک لە پرسیارەکانی خستۆتەڕوو، کتێبەکە بە دوورکەوتنەوە لە شێوازی رۆژنامەوانی باس لە ژێرخان و فاکتەرەکانی بەهێزبوونی داعش دەکات.
چۆنیەتی سەرهەڵدانی داعش لە گەرمەی نائارامیەکانی ناوخۆی عێراق، چۆنیەتی پەرەگرتنی ئەم گروپە لە ژیر گاریگەری سەرکوتی بەهاری عەرەبی و شەڕی ناوخۆی سوریا و هەروەها ململانێی سەرکردایەتی بزووتنەوە جیهادییەکان، تەوەرە سەرەکیەکانی ئەم کتێبەن.
نووسەر لەم کتێبەدا داعش وەک گروپێک وەسفدەکات کە، دوژمنی نزیکی شیعەکان و دەوڵەتەکانی عێراق سوریایە و هاوکات دژ بە دەوڵەتانی سێکۆلار و لایەنگری رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەستاوەتەوە.
نووسەر لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەدا، ئاماژە بە گۆڕینی تاکتیکی داعش دەکات کە، چۆناوچۆن هێرشەکانی دەگوازێتەوە بۆ سەر ئەوروپا و دەرەوەی سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئەمەش حەز و خولیای داعش دەگەیێنیت بۆ کردە ئامانجی دوژمنە دوور دەسەتەکانی.
نووسەر لە کۆتایی کتێبەکەی وێڕای ئاماژەدان بە چەندین دەیە دیکتاتۆریەت و هەژاری و سەرهەڵدانی فیرقەگەرایی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت، رەوشەکە دوای دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی ئاڵۆزتر بۆتەوە و لە ئەنجامدا بۆتە هۆی سەرهەڵدانی داعش. رای نووسەر وایە کە، کۆتایی هێنان بە فاکتەری داعش بەستراوەتەوە بە کۆتایی هێنان بەو کێشە و گرفتانەی کە ئاماژەی پێداون.