پەکەکە ئێستاش گرفتاری ئایدیۆلۆژیای خۆیەتی

0

نوچەنێت_ الحیاە

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قۆناغێکی دژوار و قەیراناوی تێپەڕ دەکات. لە بەردەم لە دایکبوونەوەیەکی نوێیە. پڕاوپڕە لە کێشە و گرفتی قەومی و ئایینی. قەدەر نییە تا سەر لەم جەهەندەمە بمێنێتەوە. تەنانەت ئەگەر هەموو شۆڕشەکان شکست بێنن، زانستی کۆمەڵناسی سیاسی وەک شۆڕش وەسفی دەکات، چونکە بنیاتی کۆمەڵایەتی و فکریەتی چەقبەستووی کۆمەڵگای بەرەوڕووی پرسیار کردۆتەوە و بواری بۆ گۆڕانکاری و بەرهەمهێنانی بیری نوێ رەخساندووە.

ئەم چەند وتەیەم خستەڕوو تا تیشک بخەمە سەر هەڵوێستی نەرێنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بەرامبەر بە شۆڕشەکانی ناوچەکە. پارتێک کە هەڵەکانی بە نیسبەت شۆرشەکانەوە هیچ جیاوازیەکی لە گەڵ لێدوانی ئەو کەسانەی کە بە هەر نرخێک دەیانەوێ لاتاو و تەشەرێک لێدەن و دواتر ناوی لێ بنێن پیلانی ئەمپەریالیستی لە دژی شۆڕشە مۆدێڕنەکان، نییە.

پارتی کرێکارانی کوردستان، بە بیانوی دەستوەردانی ناتۆ و چالاکبوونی گروپە ئیسلامیە سیاسیەکان، گومانی خستە سەر شۆڕشی لیبیا. ژمارەیەک لە سەرکردەکانی پێیانوایە کە قەزافی رۆژێک لە رۆژان لە گەڵیان بووە. لە کاتێکدا لە بیریان کردووە کە، قەزافی دیکتاتۆرێکی سەرکێش بوو کە، شەڕاشۆییەکی دەرەوەی سنوورەکانی لیبیاشی تەنییەوە. قەزافی لە کاتێکدا خەڵاتی مافی مرۆڤی بەخشیە ئەردۆغان، کە ئەو کوردەکانی سەرکوت دەکرد.

ئەگەر کوردەکان بە راستی لە بیری گەیشتن بە مافەکانی خۆیاندان، دەبێت لە ریزی پێشەوەی داکۆکیکارانی شۆڕشەکاندا جێبگرن. بەڵام مخابن بەرژەوەندی بەرچاوتەنگی حزبی و واقعەکانی ناوچەیان لە بیر کردووە. کوردەکان بۆ پاساودانی هەڵوێستی نەرێنی خۆیان دەستوەردانی ئەمریکا، تورکیا، قەتەر و سعودیە و ئەمپەریالیستیان لەم شۆڕشانە کردۆتە بیانوو. ئەمە بە جێی خۆی، بەڵام نابێت لە بیر بکرێ کە شۆڕشی کوردەکان لە تورکیا بۆ گەیشتن بە مافەکانیان بوو.

ئۆجالان بە درێژایی  ئەو ساڵانەی کە دەستبەسەر کراوە، لە رووی سیاسی و فکریەوە هەوڵی زۆریدا تا بتوانێت لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندی شەڕ و ململانێ لە گەڵ تورکیا هەلبداتەوە. دەکرێ بگوترێت کە، ئەردۆغان لەم بارەیەوە قەرزداری ئۆجالانە، چونکە لەم رێگەوە توانی بۆ پارتی داد و گەشەپێدان سەرکەوتنی بەرچاو بەدەست بێنێت و گەلێک دەستکەوتی سیاسی و ئابوری هەبێت. ئەگەر ئەردۆغان توانی ئەم دەستکەوتانەی هەبێت، بە هۆی سینگ فراوانی و نەرمکێشی بەرچاوی ئۆجالانەوە بوو کە، یارمەتیدەر بوو لە چآرەسەری پرسی کورد لەم وڵاتە.

ئۆجالان هەوڵێکی زۆریدا کە پارتەکەی لە ژێر کۆنتڕۆلی خۆیدا بهێڵێتەوە و، سەرباری ئەمانەش هەوڵیدا کە پارتەکەی لە شاخەوە تێکەڵ بە ژیانی مەدەنی بکات. ئەمە راستە کە کوردەکان، لەوانە ئۆجالان وەک سەرکردەیەک لە زۆر رووەوە پێداچوونەوەیان بە روانگەکانی خۆیاندا کرد و هەوڵیان دا کە، چەمکەکانی کۆمەڵگای دیموکراتی و ئازاد فام بکەن، بەڵام راستیەکی دیکە ئەوەیە کە ئێستاش دەربەند و گرفتاری ئایدیۆلۆجیای پێشووتری خۆیانن، واتە هەمان ئایدیۆلۆجیای چەپ و ئێستاشی لە گەڵدا بیت نەیانتوانیوە لێی دوور بکەونەوە. بە تایبەت لە سوریا کە هەر بەم روانگەوە دەرواننە پرسەکان، بە جۆرێک کە تۆمەتی خیانەت سەرەتاییترین بابەتە کە هەر کەس و لایەنێک دژایەتییان بکات، نازناوی خائینی لە سەر دادەنێن.

ئایا ئۆجالان لەوە تێدەگات کە پارتەکەی لە سوریا چۆن هەڵسوکەوت دەکات؟ ئایا دەزانێت کە بیرۆکەی خیانەت بە سەر کاروکردەوەی کوردەکان و پارتەکەی زاڵە؟ ئایا دەزانێت ئەم بیرۆکەیە لە ئاستی کاروفکریەتی پارتەکەی پەیرەو دەکرێ؟ ئایا دەزانێ کە پارتەکەی لە دژی هەموو کوردەکانی سوریا و تێکڕای چالاکان و رۆژنامەنووسان توندوتیژی بە کار دەبات؟ ئایا دەزانێت کە هاووڵاتیانی ئاسایی لە عامودا و کۆبانێ دەکوژێ؟ ئایا دەزانێت کە پارتەکەی لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسعود بارزانی شەڕێکی میدیایی و سیاسی توندی دەستپێکردووە و بە خیانەت تاوانباری دەکات؟

بە بۆچوونی من زۆربەی ئەو زانیاریانەی کە دەرباەی کوردەکان لە سوریا و عێراق دەگاتە ئۆجالان، پڕاوپڕە لە بەلارێدابردن و زیادەڕۆیی. رەنگە پێی بڵێن کە بارزانی خائین و بەکرێگیراوی تورکیایە و لە دژی پارتەکەی دەجوڵێتەوە. بەڵام دەبێت ئۆجالان لەوە تێبگات کە  کۆمەڵیک کەس بە درۆ خەریکی دووبەرەکی نانەوەن. ئۆجالان دەبێت لەوە تێبگات کە لەم قۆناغە مێژوویەدا بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی و گەورەی لە سەرشانە و ئەگەر بەڕاستی لە هەوڵی پێشگرتن بە خوێنڕێژییە، دەبێت پێداچوونەوەیەک بە رەفتار و کرداری خۆیدا بکات، لە غەیری ئەم حاڵەتە پارتەکەی بەرگی یاری دەستی ئەویترە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com