هادی عامری هێزی بۆ هاوکاری حەشدی شەعبی بردووەتە خۆرماتوو

0

نوچەنێت

دوای سەرهەڵدانی گرژییەکانی سەرەتای خورماتوو، هادی عامری فەرماندەی هێزی بەدر بە سەردانێك گەیشتە خورماتوو و دواتر لەگەڵ بەرپرسانی کورد لەو ناوچەیە  کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا، هاتنەکەی هادی عامری کاردانەوەی لێکەوتەوە بەتایبەت دوای ئەوەی چەند پێشمەرگەیەك بەدەستی هێزەکەی ئەو شەهید و بریندار بوون.

لەکاتی گەیشتنی هادی عامری و شاندەکەی هاوڕێی، لەلایەن نەجمەددین کەریم پارێزگاری کەرکووك پێشوازییەکی گەرمی لێکرا، ئەو پێشوازی لێکردنەی بووە هۆی ناڕەزایی دانیشتوانی خورماتوو، دانیشتوانی قەزاکە دەڵێن لەکاتێكدا پێشمەرگە و هاوڵاتی مەدەنی ئەو قەزایە بەدەست چەکدارەکانی هادی عامرییەوە دەکوژرێن و شەهید دەکرێن چۆن دەبێت لەو جۆرە پێشوازییان لێ بکرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان لەکاتی هاتنیدا بۆ ناو قەزای خورماتوو، هادی عامری زیاد لە 40 ئۆتۆمبێلی پڕ لە چەك و چەکداری لەگەڵدا بووە، زانیارییە ڕۆژنامەوانییەکان لەزاری پێشمەرگەو بەرپرسانی پێشمەرگەوە ئەوەیان ئاشکرا کرد، دوای گەڕانەوەی هادی عامری و دەرچوونی لەقەزای خورماتوو ئەو ژمارە ئۆتۆمبێلە چەکدارەی کە لەگەڵیدا بوون بەشێكیان نەگەڕاونەتەوە و لەناو خورماتوو ماونەتەوە.

وەك ئاشکرا بووە کە چەك و تفاقێکی زۆری سەربازی لەناو ئۆتۆمبێلەکاندا هەبووە، دوای ئیمزاکردنی ڕێك کەوتنێك لەنێوان هادی عامری و بەرپرسانی کورد لە خورماتوو، ڕێك کەوتنەکە تەنها ٢٠ کاتژمێر شەڕی ڕاگرت، گرژییەکانی خورماتوو دەستی پێکردەوە و چەکدارانی حەشدی شەعبی بە ئارپێچی و هاوەن هێرشیان بۆ سەر پێشمەرگە و گەڕەکە کوردییەکانی خورماتوو دەست پێکردەوە.

فەرماندەکانی پێشمەرگە سەرەڕای هەست کردن بەو فێڵە سەربازییەی هادی عامری، بەچەکی قورسەوە تەواوی خورماتوویان گەمارۆ داوە و ناتوانرێت جارێکی تر هیچ هاوکارییەك بگەیەنرێتە دەستی چەکدارانی حەشدی شەعبی.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com