نوچەنێت-شفقنا
باراک ئۆباما، سەرۆککۆماری ئەمریکا کە لە ئێستادا لە ئەڵمانیایە، لە وتووێژ لە گەڵ رۆژنامەی بیڵدی ئەم وڵاتە دەڵێت: بە سەرنج دان بەو دۆخ وهەلومەرجە پڕکێشەیە کە ئەوروپیەکان لە گەڵی بەرەوڕوون ئایندەی یەکێتی ئەوروپا چەندان روون نییە.
ئۆباما، لە درێژەی وتوێژەکەی بە بیڵدی راگەیاندووە: ئەم کێشانە بریتین لە: گەشەی ئابوری ئەوروپا، گشتپرسی لە بەریتانیا سەبارەت بە چوونەدەرەوە یان مانەوەی لەم یەکیەتیە و نایەکسانی دارایی لە وڵاتانی ئەوروپی.
باراک ئۆباما، لە بەشێکی دیکەی وتوێژەکەی، وێڕای ئاماژەدان بە هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراینیا دەڵێت: روانگەی واشنتۆن سەبارەت بە ئەوروپای ئازاد و ئارام گۆڕدراوە. هەر بۆیە ئێمە خوازیاری ئەوروپایەکی بەهێز و یەکگرتووین.
سەرۆکی ئەمریکا جەخت لەوەش دەکاتەوە کە، لە ئێستادا بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم بابەتی سەرەکی و هاوبەشی ئەمریکا و ئەوروپایە. ئۆباما هەروەها بێرێزکردن و ئەتک کردنی موسوڵمانان، بە روانگە و ئەدەبیاتێکی مەترسیدار وەسف دەکات.