نوچە-دەنگی ئەمریکا
بەرپرسێکی باڵای ئێران دەڵێت، داعش لە رەقە کە وەک پایتەختی خۆی دەستنیشانیکردووە، خەریکی پیلانگێڕییە لە دژی ئێرنان و چەندی جار هەوڵی داوە تیمە تیرۆریستیەکانی خۆی رەوانەی ئێران بکات.
بە گوێرەی رۆیتەرز، مەحمود عەلەوی، وەزیری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژ لە گەڵ تەلەفزیۆنی لوبنانی”المیادین”گوتویەتی: ئەگەر ئێران لە سوریا و عێراق روبەروی تیرۆریزم نەدەبووەوە، ناچار دەبوو لە ناوخۆی ئێران بەرەنگار ببێتەوە. ئەمەش رۆڵی ئێران لە پەیوەندی لە گەڵ قەیرانی سوریا وەک بابەتێکی ئاسایشی نەتەوەیی ئەم وڵاتە دەسەلمێنێ.
عەلەوی ئەوە دەخاتە روو، کە رەقە یەک لەو شوێنانەیە کە داعش لە دژی ئێران پیلانگێڕی دەکات.
لە درێژەی راپۆرتەکەی رۆیتەرز هاتووە: کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ عێراق هاوسنوورە و، ئەم دواییانەش باسی لە ناردنی هێزی سەربازی و دڵخواز کردووە بۆ سوریا تا بەم هۆیەوە پشتگیریی بەشار ئەسەد بکات.
ئێران دوو هێزی چەکداری هەیە ،ئەرتەش و سوپای پاسداران. ژمارەیەک لەم هێزانە لە سوریا لە قازانجی دەوڵەتی سوریا شەڕی بە وەکالەت دەکەن، یان ئەوەی کە کاروباری راوێژکاری ئەنجام دەدەن.