نوچەنێت
دوای چەند هەفتەیەك لەکێشمەکێش و ناڕەزاییەتییەکانی شەقام و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەرۆك وەزیرانی عێراق گۆڕانکارییە گەورەکە لە کابینەی حکومەتەکەیدا ئەنجام بدات و وەك پاڕلەمانتارێكی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایگەیاندووە بۆ ئەو مەبەستە سەرەك وەزیرانی عێراق لیستێكی پڕ ناوی ئامادە کردووە بۆ پڕکردنەوەی وەزارەتەکانی حکومەتەکەی.
رەزاق حەیدەری پاڕلەمانتاری فراکسیۆنی بەدر لە پاڕلەمانی عێراق ئاشکرای کردووە و لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەنووسیدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە هەفتەی داهاتوو حەیدەر عەبادی ئەو لیستە ئاشکرا دەکات کە پێك هاتووە لە 7-9 ناو بەمەبەستی پڕکردنەوەی ئەو وەزارەتانەی کە بڕیاریداوە گۆڕانکارییان تێدا ئەنجام بدات و ئەو پڕۆسەیە عەبادی ناوی ناوە گۆڕانکاری گەورە لە کایەی حکومڕانی عێراقدا.
پاڕلەمانتارەکەی فراکسیۆنی بەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە ئەو ناوانە وەك وەجبەی یەکەم ئاشکرا دەکرێت و بڕیاریشە دوا بەدوای ئەوە بڕیارە ناوی وەجبەی دووەمی ئەو کەسانە ئاشکرا بکات کە بڕیاریداوە پۆستی وەزیر وەربگرن لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا.