نوچەنێت
پێشئەوەی پەرلەمانتارانی عێراق لەسەر كورسییەكانیان دانیشن، کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی عێراق پشێوی تێكەوت و هەڵوەشایەوە. كێشەكە لەسەر ئەوە بووە پەرلەمانتارانی مانگرتوو رازی نەبوون سەعدوون دلێمی، پەرلەمانتاری سوننە سەرۆكایەتی كۆبوونەوەكە بكات، پەرلەمانتارانی دیكەش رازی نەبوون عەدنان جەنابی كۆبوونەوەكە بەڕێوەببات.
کاتژمێر 02:00 ی پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 19ی نیسانی 2016 ، کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی عێراق لەسەر داواكاری د. فوئاد مەعسووم، سەرۆككۆماری عێراق بە بەشداری سەرجەم پەرلەمانتار و فراكسیۆنەكان دەستیپێكرد، بەڵام پێشئەوەی سەرجەم پەرلەمانتاران لەسەر كورسییەكانیان دانیشن، لەسەر سەرۆكایەتیكردنی دانیشتنەكە پشێوی دروستبوو، كۆبوونەوەكە هەڵوەشایەوە و بۆ رۆژی پێنجشەممە دواخرا.
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان، نزیكەی 240 پەرلەمانتار لە سەرجەم فراكسیۆنەكان بەشداری كۆبوونەوەكەیان كردووە، هەندێكی دیكەش لەڕێگە بووینە و نیازی بەشداریكردنیان هەبووە. لەسەر داوای سەرۆككۆمار عەدنان جەنابی بۆ سەرۆكایەتیكردنی دانیشتنەكە راسپێردراوە، دوای ئەوەی دەستی بە خوێندنەوەی گوتارەکە كردووە، بەڵام چەند پەرلەمانتارێكی كورد و عەرەب ناڕەزایەتییان دەربڕی، دوای ئەوە تەنیا پەرلەمانتارانی مانگرتوو مانەوە و ئەوانی دیكە كۆبوونەوەكەیان جێهێشتووە.
بڕیاربوو لە دانیشتنەكەدا لەسەرکارلادانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، جارێكی دیكە بخرێتەوە دەنگدان. دوای هەڵوەشانەوەی دانیشتنەكە ژمارەیەك پەرلەمانتار كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا. ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند “مانگرتووان دەستپێشخەری فوئاد مەعسووم، سەرۆككۆماری عێراقیان پشتگوێخست و هەڵوێستی مانگرتووان دژایەتیكردنی گەلە”.