نوچەنێت
پەرلەمانتارە مانگرتووەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، دەستپێشخەرییەکەی د. فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری عێراق بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و دووبارە خستنە دەنگدانەوەی لابردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان نادەستوورییە، داواشیان لە خۆپیشاندەران کرد لە پشتیوانیكردنیان بەردەوامبن و بە ئارامی کارەکانیان ئەنجامبدەن و خۆیان لە تووندوتیژی بەدووربگرن.
پەرلەمانتارانی مانگرتووی عێراق، پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 19ی نیسانی 2016، لە تەلاری پەرلەمانی عێراق کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامداو رایانگەیاند “ئێمە وەک پەرلەمانتارانی مانگرتوو کە نوێنەری بەشی زۆری لایەنە سیاسییەکانی عێراقمان لەگەڵدایە، بەپێویستی دەزانین لەبارەی دەستپێشخەرییەکی سەرۆککۆماری عێراق بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان راگەیێندراوێك بڵاوبکەینەوە و، دەمانەوێت ئاماژە بەوە بکەین دەستپێشخەرییەکەی سەرۆککۆماری عێراق نادەستووری و نایاساییە، ئێمە ئەو دەستپێشخەرییە رەتدەکەینەوە”.
پەرلەمانتارە مانگرتووەکان لە راگەیێندراوەکەیاندا ئاماژەیان بەوەدەکەن” ئێمە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقمان گۆڕیوە و، هیچ بیانووێک نییە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بابەتی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە، ئێمە داوا لە سەرۆککۆماری عێراق دەکەین بڕیارەکەی ئێمە بەهەند و یاسایی وەربگرێت، داواش دەکەین پەرلەمانتارەکانی دیکە هاوکارمان بن بۆ ئەوەی دەستەیەکی نوێ بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێرین”.
پەرلەمانتارە مانگرتووەکان داوا لە خۆپیشاندەران دەکەن، بە هەستی نیشتمانی و پاراستنی عێراق بەشێوەیەکی ئارام خۆپیشاندان ئەنجامبدەن و پشتیوانی لە داخوازییەکانیان بکەن، دڵنیاییشیان دا لەوەی نوێنەری راستەقینەی خەڵكی عێراقن و بەرگری لە داخوازی و داواکانی خۆپیشاندەران دەكەن، هاوکات داوایان لە وڵاتان كرد ئەگەر پشتیوانییان ناکەن، ئەوا دەست لە کاروباری ناوخۆی عێراق وەرنەدەن.
لەسەر داواكاری د. فوئاد مەعسووم، سەرۆككۆماری عێراق، بڕیارە پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 19ی نیسانی 2016 ، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی تەواوی لایەنە سیاسییەكان كۆببێتەوە. ئەگەر كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان ئەنجامی نەبێت و دۆخەكە بەرەو ئاساییبوونەوە نەڕوات، بەغدا زۆرتر دەشڵەژێت، چونكە خۆپیشاندەران كە سێ رۆژە دەستیان بە خۆپیشاندان كردووەتەوە و ژمایەرەیەك وەزارەتیان گەمارۆداون، هەڕەشەی راگەیاندنی مانگرتنی سەرتاسەری دەكەن.