نوچه‌نێت- میدڵ ئیست ئای
قه‌یرانێكی بێ پێشینه رووبه‌ڕووی په‌رله‌مانی عێراق ده‌بێته‌وه، كه له چوارشه‌ممه‌ی پێشوه‌وه زیاتر له 170 ئه‌ندامی له‌ناو په‌رله‌ماندا مانیان گرتوه، داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق ده‌كه‌ن، توڕه‌یی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه گه‌یشته ڕادده‌یه‌ك كه ده‌نگیان به له‌سه‌ركار لابردنی سه‌لیم جبوری سه‌رۆكیین و دوو جێگره‌كه‌یدا.
ئه‌و په‌رله‌مانتارانه ده‌ڵێن، كه ئه‌وان یاسای په‌رله‌مانییان جێبه‌جێ كردوه، به‌ڵام له‌وانه‌یه دادگای فیدراڵی له‌به‌ر چه‌ند رێكارێك بڕیاره‌كه جێبه‌جێ نه‌كات، به‌ڵام په‌رله‌مانتاره یاخییه‌كان به‌هه‌ر جۆرێك بێت سه‌رۆكێكی نوێ بۆ په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێرن، وه‌ك ئاماده‌سازییه‌ك بۆ بانگهێشت كردنی سه‌رۆكوه‌زیران و سه‌رۆككۆمار و لێپرسینه‌وه‌یان، له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی ئه‌وه‌ی كه ئاره‌زووی له‌سه‌ر كار لابردنی ئه‌وانیش ده‌كه‌ن.
زۆرن ئه‌وانه‌ی پرسیاری ئه‌م قه‌یرانه ته‌مومژاوییه سیاسییه‌ی وڵات ده‌كه‌ن.
پێگه‌ی میدڵ ئیست ئای به‌ریتانی، له راپۆرتێكیدا ده‌رباره‌ی قه‌یرانه‌كه له‌سه‌ر زاری هه‌ندێك له ئه‌ندام و گه‌وره سیاسه‌توانانی عێراق گواستویه‌تییه‌وه و ده‌ڵێت، نوری مالیكی سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی عێراق له‌پشت كوده‌تاكه‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بوه.
تۆڵه سه‌ندنه‌وه له عه‌بادی
عه‌بدولواحید ته‌وامه، شیكه‌ره‌وه‌ی سیاسی عێراقی ده‌ڵێت، ئه‌م بابه‌ته په‌یوه‌ندی به تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌وه هه‌یه، مالیكی ده‌یه‌وێت تۆڵه له عه‌بادی بكاته‌وه جا ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌رچییه‌ك بێت. ئه‌و ده‌ڵێت ئامانجه‌كه سه‌رۆكی په‌رله‌مان نه‌بوو به‌ڵكو سه‌رۆكوه‌زیران بوو، ته‌وامه دوپاتی ده‌كاته‌وه كه سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت له هه‌وڵه‌كانی هه‌تا عه‌بادی له‌سه‌ر كار لاده‌بات.
چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی بێلایه‌ن ده‌ڵێن، پێویسته سه‌ركرده‌ی كوتله سیاسییه‌كان دانوستان له‌گه‌ڵ مالیكی بكه‌ن كه كۆنترۆڵی زیاتر له سێ به‌شی په‌رله‌مانتاره مانگرتوه‌كانی له‌ده‌ستدایه، هه‌روه‌ها سه‌ركرده‌یه‌كی شیعه‌ی ئاگادار له دانوستانی كوتله سیاسییه‌كان كه نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت گوتی، ئه‌وانه‌ی به‌رپرس بوون له ئاراسته كردنی كوده‌تاكه ئه‌و په‌رله‌مانتارانه بوون كه سه‌ر به مالیكین، فه‌رمانه‌كانی ئه‌و جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌شی گوت كه ته‌نها مالیكی سه‌ره‌داوی هه‌موو گه‌مه‌كه‌ی له‌ده‌ستدایه، هه‌ر ئه‌ویش ده‌توانێت به‌رده‌وامی به‌و قه‌یرانه بدات یان بیوه‌ستێنێت.
داواكاری گه‌وره‌تر
یه‌كێك له یاریده‌ده‌ره‌كانی مالیكی رایگه‌یاند، لایه‌نگر و شوێنكه‌وتوانی مالیكی هه‌وڵی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌یبه‌تی ده‌وڵه‌ت و دووباره بنیات نانه‌وه‌ی دامه‌زراوه جێبه‌جێكاره‌كان ده‌ه‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی هێنانی سه‌رۆكوه‌زیرانێكی به حیكمه‌ت و ئازا و به‌هێزه‌وه ده‌بێت.
یاریده‌ده‌ره‌كه‌ی مالیكی ده‌ڵێت، حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی هه‌ڵوێستی عێراقی لاواز كرد، بۆیه ده‌بێت بگۆڕدرێت، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌شی كرد كه ئه‌وه‌ی روویدا ته‌نها له جبوریدا كۆتایی نایه‌ت.
عه‌لی سوبحی په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی ده‌وڵه‌تی یاسا و برازای مالیكی له چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا دەڵێت، گه‌لی عێراق چاكسازییان ده‌وێت، په‌رله‌مانتاره مانگرتوه‌كانیش له‌لایه‌ن گه‌له‌وه رێگه‌یان پێدراوه، كه هۆكارێك بدۆزنه‌وه بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و چاكسازییه. پێویسته به گۆڕینی سێ به‌رپرسه گه‌وره‌كه ده‌ست پێبكه‌ین، ئه‌و پۆستانه به ته‌نیا بۆ ئه‌و كه‌سانه دانه‌نراون، چونكه ئه‌وان نوێنه‌ری عێراق نین. ئێمه نوێنه‌ری گه‌لی عێراقین نه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مان یان سه‌رۆكوه‌زیران یان سه‌رۆككۆمار.
چه‌ند ڕێوشوێنێك بۆ هێور كردنه‌وه
وه‌ك هه‌وڵێك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان عه‌بادی، گۆڕانكارییه وه‌زارییه‌كه‌ی دواخست و ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه گۆڕانكارییه‌كه ته‌گه‌ره بۆ كاره‌كانی حكومه‌ت دروست ده‌كات و، كاریگه‌ری بۆسه‌ر پرۆسه سه‌ربازییه‌كانی جه‌نگی دژی داعش ده‌بێت.
هه‌روه‌ها فوئاد مه‌عسومیش ئه‌وه پێشنیاری كرد، كه رێكکه‌وتنی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه له هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ده‌سته سه‌ربه‌خۆكان و سلكی دیبلۆماسی و دامه‌زراوه سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كان.
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پۆستی مالیكی
مالیكی له ماوه‌ی ساڵانی 2006 – 2014 حوكمی عێراقی كرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2014 دا زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی هێنا، به‌ڵام ڕێگری لێكرا سه‌رۆكایه‌تی ویلایه‌تی سێهه‌م بكات له‌لایه‌ن ركابه‌ره سیاسییه‌كانی و پیاوه ئاینییه شیعه‌كانه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌كی زۆری عێراقییه‌كانه‌وه لۆمه كرا، به‌و زیانه گه‌وره‌یه‌ی كه سێیه‌كی خاكی عێراقی له‌ده‌ستدا و كه‌وته ده‌ست داعشه‌وه.
عه‌بادی دۆخی مالیكی هاوڕێی كه له هه‌مان پارت بوون، قۆسته‌وه بۆ گه‌یشتن به پۆستێكی به‌رزتر و مالیكی تێپه‌ڕاند، له‌رێگه‌ی كاركردنی له‌گه‌ڵ دوژمنه‌كانی له شیعه و سوننه و كورد.
مالیكی وه‌ك جێگری سه‌رۆككۆمار ده‌سبه‌كار بوو، به‌ڵام عه‌بادی وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ خۆپیشاندانه‌كان ئه‌و پۆسته نوێیه‌شی هه‌ڵوه‌شانده‌وه له مانگی هه‌شتی پێشوودا، وه‌ك به‌شێك له پاكێجی چاكسازییه‌كه‌ی، له‌و كاته‌وه گرژییه‌كانی نێوان مالیكی و ركابه‌ره‌كانی له زیادبووندایه.