نوچەنێت-شفقنا
کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی لە راپۆرتێکدا دەڵێت: بەشار جەعفەری نوێنەری سوریا لە نەتەوەیەکگرتووەکان و سەرۆکی وەفدی ئەم وڵاتە لە وتووێژەکانی جنێف، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئامانجی دەوڵەتی سوریا لە وتوێژەکانی پەیوەندیدار بە قۆناغی ئینتقالیەوە، رێککەوتنە بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی گشتگیر کە سەرۆکایەتییەکەی لە ئەستۆی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری ئێستای ئەم وڵاتەیە.
بە پێی ئەم راپۆرتەی سکای نیوزی عەرەبی، سەرۆکی وەفدی نوێنەرایەتی سوریا لە وتووێژەکانی جنێف ئەوەشی خستۆتەڕوو کە، مەبەستیان لە دەوڵەتی گشتگیر هەموو دامەزراوەکانی ئیستای ئەم وڵاتەیە و دەبێت پارێزگارییان لێ بکرێت.
بەشار جەعفەری جەخت لەوە دەکاتەوە کە، چارەنووس و داهاتووی ئەسەد ناکەویتە چوارچێوەی ئەو باس و رەوتە سیاسییەی کە لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە پاڵپشتی لێدەکرێت.