گۆڕان لەنێوان تەوافقی عێراقی و تەوافقی کوردستانیدا

0

چاودێرێک : تایبەت بەنوچەنێت

  • گۆڕان لەبەغدا : سازنەکردنی دانیشتنی پەڕلەمان لەدروستبوونی ئاڵۆزیی سیاسیی باشترە
  • گۆڕان لەهەولێر: سازکردنی دانیشتنی پەڕلەمان باشترە لەخەمی سەرهەڵدانی ئاڵۆزیی
  • گۆڕان لەبەغدا: تەفاهومی سیاسی لەدانیشتنی پەڕلەمان گرنگترە
  • گۆڕان لەهەولێر: دانیشتنی پەڕلەمان لە تەفاهومی سیاسی گرنگترە
  • گۆڕان لەبەغدا : چۆڵکردنی بینای پەڕلەمان باشترە لەوەی لەم دۆخە پڕ تەشەنوجە بگەڕێینەوە پەڕلەمان
  • گۆڕان لە هەولێر : بەتەحەداوە دەگەڕێینەوە بینای پەڕلەمان و چۆڵی ناکەین

ئەنجامی دواین هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان، پێکهێنانی حکومەتی بنکەفرەوانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتەوافق و رێککەوتنی سیاسی پۆستەکانی حکومەت و پەڕلەمان لەنێوان لایەنە سەرەکییەکانی کوردستاندا دابەشکرا، هەر ئەو رێککەوتننەش وەک بنەما بۆ دابەشکردنی پشکی کورد لەپۆستەکانی بەغدا پشتی پێبەسترا و کورد بەیەک دەنگی چونەوە بەغدا.

بەپێی ئەو تەوافق و رێککەوتنە، لەهەردوو پەڕلەمانی کوردستان و عێراق، پۆستە باڵاکان بەر گۆڕان کەوت، لەپەڕلەمانی کوردستان، سەرۆکی پەڕلەمان و لەپەڕلەمانی عێراق جێگری سەرۆکی پەڕلەمان.

بەڵام لەکوردستان بزوتنەوەی گۆڕان نەیتوانی ڕێز لەبنەماکانی تەوافق بگرێت و بە‌هەڵوێستی نابەرپرسانە، سەرلەبەری تەوافقی کوردستانی هەڵوەشاندەوە، لەبەرانبەردا، تاکو ئەمڕۆش لەبەغدا بزوتنەوەی گۆڕان شەڕی مانەوەی تەوافقی سیاسی عێراقی دەکات و لەپێناو پاراستیندا لەهەوڵ و کۆششدایە.

1

پەڕلەمانی کوردستان

یوسف محەمەد سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان لەبزوتنەوەی گۆڕان، کە بەڕێگای تەوافقی کوردستانی کرابووە سەرۆکی پەڕلەمان، لەیەکەم پرس و گرفتی هەستیاریی سیاسییدا کە چووە بەردەستی، لەچارەسەرکردنیدا وەک سەرۆکی پەڕلەمان نەیتوانی ڕێز لەبنەماکانی تەوافق بگرێت، بەڕێگای تەوافق چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە، بەڵکو پەنای بۆ رێگای زۆرینەو کەمینەی پەڕلەمان برد و دۆخی ئارامیی سیاسیی لەکوردستاندا هەژاند و ئاڵۆزیی گەورەی دروستکرد.

لایەنە سیاسییەکان ئەوانەی کەپێکەوە بەتەوافق سەرۆکی پەڕلەمانیان هەڵبژاردبوو، و پۆستەکانی حکومەتیان دابەشکردبوو، بە ئامادەبوونی نوێنەری ئەمریکاو نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چارەسەری ئەو ئاڵۆزییە سیاسییەی سەرۆکی سەرۆکی پەڕلەمان لەپەڕلەمانەوە دروستیکرد، کۆبونەوەو بڕیاریاندا، تا چارەی ئاڵۆزییە سیاسییەکان دەکرێت و ئەو پرسەی سەرۆکی پەڕلەمان ئاڵۆزی کردبوو بەڕێککەوتن ئاسایی دەکەنەوە، پەڕلەمان دانیشت نەکات.

بەڵام یوسف محەمەد سەرۆکی پەڕلەمان، رێزی لەلایەنە سیاسییەکان و نێوانگیری نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکاش نەگرت، وێڕای ئەوەی کەدڵنیاش بوو بۆ دانیشتنەکە نیسابی قانونی نابێت، دانیشتنی پەڕلەمانی سازکرد و هێندەی دیکە دۆخەکەی ئاڵۆزکرد.

دوای یاخی بوونی سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان، لەبڕیاری لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان، و سازکردنی کۆبونەوەی پەڕلەمان، پارتی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێککەوتنەیدا کەلەڕێیەوە سەرۆکی پەڕلەمان هەڵبژێردرابوو، سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستانی ئاگادارکردەوە سەردانی هەولێر نەکات.

هەندێک لەکەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکەش، داوایان لەیوسف محەمەد کرد، کە رۆژی 12/10/2015 سەردانی هەولێر نەکات، تا ئاڵۆزیی زیاتر روونەدات و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام سەرۆکی پەڕلەمان بەردەوام بوو لەیاخی بوون، بەتەحەداوە بەرەو هەولێر گەڕایەوە، تا گەشتە ئەوەی لەبازگەی پردێ رێگری لێکرا و بەدوایدا وەزیرەکانی گۆڕان لەحکومەتدا ئیزن دران.

2

پەڕلەمانی عێراق

ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق لەبزوتنەوەی گۆڕان، کە بەڕێگای تەوافقی کوردستانی / عێراقی کرایە جێگری سەرۆکی پەڕلەمان، لەو رۆژەوەی جێگری سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق بە بزوتنەوەی گۆڕان دراوە، تاکو ئەمڕۆش یەک زەڕە لەتەوافقی سیاسی لاینەداوە و خۆی تێکەڵ بەکێشە سیاسییەکان نەکردووە و شەڕی پاراستنی تەوافقی عێراقی دەکات.

رەنگە ئەوەی جێگری سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق دەیکات، لانادات لەتەوافقی سیاسی عێراقی و خۆی تێکەڵ بە ئاڵۆزییە سیاسییەکان ناکات وەک سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان، رێگە دروستەکەی کاری پەڕلەمانی بێت، بەڵام ئایا ئەگەر ئەوە رێگە دروستەکەیە، بۆچی بزوتنەوەی گۆڕان رێگەی بە رێگە نادروستەکەی سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان نەگرت ؟

ئێستا لەپەڕلەمانی عێراق ئاڵۆزییەکی گەورەی سیاسیی هەیە، پەڕلەمانی عێراق دابەشی سەر دوو بەرەی جیاواز بووە، بەرەیەک لەگەڵ مانەوەی سەرۆکایەتی پەڕلەمانەو بەرەیەک داوای دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکایەتی پەڕلەمان دەکات، بەڵام تاکو ئێستاش سەرۆکایەتی پەڕلەمان کە جێگرەکەی لای بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەگەرچی زۆرینەشیان لەگەڵە کۆبونەوەی پەڕلەمانیان ساز نەکردووە، و نەچونەتەوە بینای پەڕلەمانیش هۆکاری ئەوەش وەک ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆکی پەڕلەمان دەڵێت، خۆ لادانە لەسەر هەڵدانی ئاڵۆزی زیاتر، بەڵام سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان سەد و هەشتا پلە پێچەوانەی ئەوە رەفتاری بەرانبەر ئاڵۆزییە سیاسییەکان کرد و بۆی گرنگ نەبوو چی ڕوو دەدات.

3

خەمی گۆڕان بۆ تەوافقی عێراقی

گۆڕان لەبەغدا : سازنەکردنی دانیشتنی پەڕلەمان لە دروستبوونی ئاڵۆزی باشترە

ئارام شێخ محەمەد کە لەسەر لیستی بزوتنەوەی گۆڕان جێگری سەرۆکی پەڕلەمانی عێراقە، لەبارەی ئاڵۆزییەکانی پەڕلەمانی عێراق کە بەشێک لەپەڕلەمانتاران مانیان گرتووە و دەڵێن دەبێ سەرۆکایەتی پەڕلەمانی عێراق بگۆڕدرێت، دەڵێت، ئاڵۆزییەکانی پەڕلەمان بەهۆی ئەوە سەریهەڵداوە، کە ئەو حکومەتە تەکنۆکراتەی بڕیار بوو عەبادی تەشکیلی بکات، تەشکیل نەکرا و ئاڵۆزی دروست بوو.

ئەوەش ئاشکرا دەکات، کە ئەوانەی پشتیوانی لەدەستەی سەرۆکایەتی پەڕلەمان دەکەن “زۆرینەی پەڕلەمانین و بڕیار بوو دانیشتنی پەڕلەمان بکەین، بەڵام بۆ ئەوەی کێشەکان قوڵتر نەبنەوە دانیشتنی پەڕلەمانمان سازنەکرد، سازنەکردنی دانیشتنی پەڕلەمان زۆر باشترە لەوەی دانیشتنێک سازبکەی کە بریتی بێ لەشەڕی نێوان کوتلەکان و دروستبوونی ئاڵۆزی.

گۆڕان لەبەغدا: تەفاهومی سیاسی لەدانیشتنی پەڕلەمان گرنگترە

لەم کاتەدا کە پەڕلەمانی عێراق دابەشی سەر دوو بەرە بووە، لایەنی دژ بەسەرۆکایەتی پەڕلەمانی عێراق، لەهەوڵی کۆکردنەوەی کورسی و دەنگی زیاتردایە، تا هەرچی زووترە، کۆتایی بەم سەرۆکایەتیەی ئێستا بهێنن و سەرۆکایەتییەکی نوێ هەڵبژێرن، بەڵام ئەگەرچی وەک ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق دەڵێت، لایەنی پشتیوان لەسەرۆکایەتی پەڕلەمان، لایەنی زۆرینەشن دانیشتن ساز ناکەن بۆ ئەوەی شەرعیەتی بەردەوامی بەخۆشیان بدەن.

هۆکاری ئەوەش بەوتەی ئارام شێخ محەمەد ئەوەیە، کە لایەنە عێراقییەکان لایەنی گەورەن، ناکرێ بە ئاڵۆزییەوە لەپەڕلەماندا کۆببنەوە، بۆیە پێی وایە تەفاهومی سیاسی لەپێش دانیشتنی پەڕلەمانییەوەیە و تەفاهوم گرنگترە.

گۆڕان لەبەغدا : چۆڵکردنی بینای پەڕلەمان باشترە لەوەی لەم دۆخە پڕ تەشەنوجە بگەڕێینەوە پەڕلەمان

لەعێراق سەرۆکایەتی پەڕلەمان هۆڵ و بینای پەڕلەمانی چۆڵکردووە بۆ ئەوانەی داوای دەستلەکارکێشانەوەی پەڕلەمان دەکەن، ئارام شێخ محەمەد نەگەڕانەوە بینای پەڕلەمانی پێباشترە لەوەی بچنەوە پەڕلەمان و کێشە سیاسییەکان گەورەتر بێت، و دەڵێت، حاڵەتەکە موتەشەنیجە، ئێمە بەهەستکردن مەسئولیەت وەک سەرۆکایەتی پەڕلەمان چۆڵمان کردووە، قسە لەسەر ئەوە کراوە، قاعەیەکی تر بگرین و دانیشتنی پەڕلەمان سازبکەین، ئەوە راست نییە، چونکە ئێمە دەستەیەکی سەرۆکایەتی هەڵبژێردراوین، سود لەوە نابینین لەپەڕلەمان دانیشین ئاڵۆزی دروست بێت. پێشی وایە “تا زروفەکە ئەهوەن نەکەینەوە دانیشتن سودی نییە. بۆیە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان لەسەر خەتین تا بگەیەنە جۆرێک لە تەفاهوم”. [1]

4

خەمی گۆڕان بۆ تەوافقی کوردستانی

گۆڕان لەهەولێر: سازکردنی دانیشتنی پەڕلەمان گەورەترە لەخەمی سەرهەڵدانی کێشەی سیاسی

جێگری سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق کەسەربە بزوتنەوەی گۆڕانە، لەم کاتەدا کەدۆخی سیاسیی عێراق ئاڵۆزە وەک خەمخۆرییەک بۆ عێراق دەڵێت، ئێمە زۆرینەی پەڕلەمانی عێراقین، دەتوانین دانیشتنی پەڕلەمان ساز بکەین، بەڵام سازنەکردنی دانیشتن باشترە لەگەورەترکردنی کێشەکان.

ئەوەش لەکاتێکدایە کەپێشتر پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان، پێش دانیشتنی 23 ی حوزەیران ی پەڕلەمانی کوردستان پەیوەندییان بە یوسف محەمەد سەرۆکی پەڕلەمانەوە کرد و داوایان کرد، لەپێناو دروست نەبوونی ئاڵۆزیی سیاسی لەکوردستان دانیشتنی ئەو رۆژەی پەڕلەمان دوا بخات، هۆشدارییان پێدا کەئەو دانیشتنە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی تەنگەژەی سیاسی، چونکە لادانە لەتەوافق، بەڵام سەرۆکی پەڕلەمان بێ باک لەئاڵۆزبوونی دۆخی سیاسی کوردستان، لەوەڵامدا پێی راگەیاندن”ئەوە كارێكی یاساییەو دەبێت رێكاری خۆی وەرگرێت”.

گۆڕان لەهەولێر: دانیشتنی پەڕلەمان لە تەفاهومی سیاسی گرنگترە

دەستەی سەرۆکایەتی لەپەڕلەمانی عێراق، کە وەک بەرپرسەکەی بزوتنەوەی گۆڕان ئەندام دەستەیە دەڵێت، دەستەی سەرۆکایەتی دەنگی زۆرینەی لەگەڵە نیسابی قانونیش تەواو دەکەن، بەڵام دەستەکە بۆ شەرعیەت دانەوە بەخۆشی کۆنابێتەوە، چونکە بەرپرسەکەی گۆڕان دەڵێت، لای ئێمە وەک دەستەی سەرۆکایەتی تەفاهومی سیاسی لەدانیشتنی پەڕلەمان گرنگترەو کار بۆ دروستبوونی ئەو تەفاهومە دەکەین، بەڵام سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان کە هەمانشێوە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە لەکوردستان سەدو هەشتا پلە پێچەوانەی ئەو قسانەی نوێنەری حزبەکەیەتی لەبەغدا کەلەبەرژەوەندی تەوافقی سیاسیی لەبەغدا دەیکات.

لەکوردستان نەک سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان وەک دڵسۆزی بۆ وڵات، وەک جێگری سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق کە لەیەک حزبن، هەوڵی نەدا تەفاهوم دروستبکات، بەڵکو لایەنی بێگانە بەکورد، (نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا) کەوتنە نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ دروستکردنی تەفەهومی سیاسیی بەر لەدانیشتنی پەڕلەمان، پێکەوە گەشتنە ئەو تەفاهومەی کە دانیشتنی پەڕلەمان سازنەکرێت، تا رێککەوتنی سیاسی دەکرێت، هێشتاش تەواو پێچەوانەی نوێنەرەکەیان لەبەغدا، سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان کە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەگەرچی دڵنیابوو لەوەش نیسابی قانونی نابێ، بۆ تەحەداو وەستانەوە دژ بەتەفەهومی سیاسی، رایگەیاند دانیشتنی پەڕلەمانی کوردستان گەورەترە لەهەموو ڕێککەوتنێکی سیاسی و بەسازکردنی دانیشتنێکی سەرنەکەوتوو لە ١٩ی ئابی ٢٠١٥ دۆخی کوردستانی ئاڵۆزترکرد.

گۆڕان لە هەولێر : بەتەحەداوە دەگەڕێینەوە بینای پەڕلەمان

ئارامی شێخ محەمەد کە لەسەر پشکی کورد و لیستی بزوتنەوەی گۆڕان جێگری سەرۆکی پەڕلەمانی عێراقە، لەگەڵ هاوڕێکانی لەسەرۆکایەتی پەڕلەمان بینای پەڕلەمانیان پێ چۆڵکراوە، هێشتاش دەڵێت نەگەڕانەوەیان بۆ بینای پەڕلەمان باشترە لەوەی لەم دۆخە پڕ تەشەنوجە سیاسییە بگەڕێنەوە بینای پەڕلەمان و ئاڵۆزی دروست بکەن.

بەڵام ئەگەرچی پارتی هۆشداریی توندیشی دابووە یوسف محەمەد کە لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆکی پەڕلەمانە نەگەڕێتەوە بینای پەڕلەمان و لایەنە سیاسییەکانی دیکەش هەمانشێوە داوایان لێکرد کە نەگەڕێتەوە هەولێر تا ئەو دۆخە ئاسایی دەبێتەوە کە پەڕلەمان ئاڵۆزی کردووە، هێشتاش سەرۆکی پەڕلەمان، بەتەحەداوە رایگەیاند دەگەڕێتەوە بینای پەڕلەمانی کوردستان، ئەنجام تەحەداکەی خۆی بردە سەر گەڕایەوە هەولێر تا سنورداشکرایەوە، و دۆخەکەی لەئاڵۆزییەوە بردە لێواری تەقینەوەیەکی حەتمی سیاسی.

5

ئەنجام هەڵسەنگاندن و بەراوردی گۆڕانی عێراقی و گۆڕانی کوردستانی

  • گۆڕان لەبەغدا : سازنەکردنی دانیشتنی پەڕلەمان لە دروستبوونی ئاڵۆزیی سیاسیی باشترە
  • گۆڕان لەهەولێر: سازکردنی دانیشتنی پەڕلەمان باشترە لەخەمی سەرهەڵدانی کێشەی سیاسی
  • گۆڕان لەبەغدا: تەفاهومی سیاسی لەدانیشتنی پەڕلەمان گرنگترە
  • گۆڕان لەهەولێر: دانیشتنی پەڕلەمان لە تەفاهومی سیاسی گرنگترە
  • گۆڕان لەبەغدا : چۆڵکردنی بینای پەڕلەمان باشترە لەوەی لەم دۆخە پڕ تەشەنوجە بگەڕێینەوە پەڕلەمان.
  • گۆڕان لە هەولێر : بەتەحەداوە دەگەڕێینەوە بینای پەڕلەمان و چۆڵی ناکەین

باخوێنەر بێلایەنانە هەدوو هەڵوێستەکەی بزوتنەوەی گۆڕان بخوێنێتەوە و بەراورد بکات، و خۆی بڕیار بدات.

ئایا بزوتنەوەی گۆڕان:

تەوافقی عێراقی لا گرنگتر و پیرۆز بووە، کەبەهۆیەوە جێگری سەرۆکی پەڕلەمانی پێ دراوە ؟

یان تەوافقی کوردستانی لا گرنگتر و پیرۆزتر بووە، کە بەهۆیەوە سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستانی پێ درابوو ؟

…….

سەرچاوە :

[1] – ئارام شێخ مەحەمەد رووداوی ئەمڕۆ

http://rudaw.net/sorani/onair/tv/episodes/episode/rudawy_emro_16042016

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com