نوچەنێت
پەرلەمانتارە مانگرتووەکان، بەیاننامەیەک لەبارەی تاڤگە ئەحمەد وعادل نوری وعەبدولعزیم عەجمان بڵاودەکەنەوە و، داوا لە گەلی عێراق دەکەن ستایشیان بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 18-4-2016، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە تەلاری پەرلەمانی عێراق، مازن مازنی، لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری مانگرتوو، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا و بەیاننامەیەکیان بەناوی پەرلەمانتارە مانگرتووەکان خوێندەوە.
پەرلەمانتارانی مانگرتوو لە بەیاننامەكەدا، داوا لە گەلی عێراق دەکەن”ستایشی هەڵویستی نیشتمانپەروەرانەی مانگرتووان بکەن، کە دابەشکاری تائیفی، نەتەوەیی، رەگەزپەرستی رەتدەکەنەوە و، کار بۆ عێراقی یەکگرتوو دەکەن، بەتایبەتی ئەو پەرلەمانتارانەی لەلایەن فراکسیۆن و پارتەکانیانەوە بڕیای دەرکردنیان بۆ دەرچووە، کە بریتین لە، تاڤگە ئەحمەد، عادل نوری و عەبدولعەزیم عەجمان”.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە “ئەوانەی لە حزبەکانتان هاتوونەتە دەرەوە بۆ ئەوەی بێنە نێو ماڵی گەورەی عێراق، هاتوونەتە نێو کاروانی گۆڕانکاری و چاکسازی، داواش لە سەرۆکی فراکسیۆنەکانتان دەکەین پەیوەندی بە ریزی نیشتمانییەوە بکەن لەو چرکە ساتە مێژووییەدا، تاوەکو مێژوو بە شەرەفمەندانە بۆتان تۆمار بکات، کە لەکاتی ناخۆشیدا لەگەڵ گەل بوون”.
هەریەک لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی، تاڤگە ئەحمەد و عادل نوری-یان لە فراکسیۆنەکانیان دوورخستنەوە، بەهۆی بەشدارییکردن لە مانگرتن و سەرپێچیکردن لە هەڵوێستی فراکسیۆنەکانیان، هاوکات حیزبی ئیسلامی عێراقی، بەهەمانشێوە عەبدولعزیم عەجمان-ی دوورخستەوە.
