رزگار رەزا چوچانی / نوچەنێت
تاڤگە ئەحمەد میرزا ئەندامی پەڕلەمانی عێراق بوو لەسەر لیستی بزوتنەوەی گۆڕان، هاوسەری کاندیدی سەرنەکەوتووی گۆڕان بۆ پەڕلەمانی پەڕلەمانی کوردستان، بێستون حەمە ساڵح هەورامییە، لەسەرەتای دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، تاڤگە ئەحمەد میرزا لەڕێگای مەجید ساڵح راوێژکاری یوسف محەمەدی سەرۆکی پەڕلەمانەوە، دیدارێکی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا بۆ رێکخراوەو پەیوەندی بەبزوتنەوەی گۆڕانەوە کردووە. [1]
لەهەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان لەسەر لیستی ١١٧ ی بزوتنەوەی گۆڕان, بێستوون حەمە ساڵح هاوسەری تاڤگە ئەحمەد میرزا، بەژمارەی کاندید ٣٤ کاندید دەکرێت و سەرناکەوێت، دواتر لەهەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق لەسەری لسیتی ژمارە ٢٣٤ بەژمارەی کاندید ٤ تاڤگە ئەحەمەد میرزا کاندید دەکرێت و سەر دەکەوێت.
ئەنجام بەهۆی ئەوەی رۆژی 14-4-2016 چووە ریزی ئەو پەڕلەمانتارانەی عێراق کە لەپەڕلەمان مانیانگرت و داوای هەڵوەشاندنەوەی سەرۆکایەتی پەڕلەمانیانکرد، بزوتنەوەی گۆڕان بەبڕیارێکی فەرمی پەڕلەمانتار تاڤگە ئەحمەد میرزا لەبزوتنەوەی گۆڕان دەردەدەکات، پاساوی بزوتنەوەکەش بۆ ئەو دەرکردنی ئەو پەڕلەمانتارەی ئەوەیە کە :
- دەرچووە لە ئیجماعی کوردی و ئەجێندای بزوتنەوەی گۆڕان.
- پابەند نەبووە بە ئەجێندا و هەڵوێستی فراکسیۆن و بزوتنەوەی گۆڕان.
- پێشتر چەندین جار ئاگادار کراوەتەوە لەسەر سەرکێشی و دەرچونی لە هەڵوێست و ئەجێندای فراکسیۆن و بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام بێ سود بووە. [2]
بەر لەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری دەرکردنی ئەو پەڕلەمانتارە بدات، هۆشیار عەبدوڵا سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەڕلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ سپی لەبارەی ئەگەری دەرکردنی ئەو پەڕلەمانتارە ئەوەی خستەڕوو کە ئەوان وەک” فراکسێۆن پابەندین بە هەر بریارێک کە بزوتنەوەی گۆڕان دەرحەق بە بەرێز تاڤگە ئەحمەد دەریبکات” چونکە بەگوتەی ئەو ” ئەو خاتونە بە رەسمی لە لەلایەن سکرتێری جڤاتەوە قسەی لەگەڵ کراوە کە پاشگەز ببێتەوە و ئیلتیزام بکات، بەڵام قسەی بزوتنەوەکە و فراکسیۆنەکەشی رەتکردۆتەوە “. [3]
پەڕلەمانتارە دەرکراوەکەی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ هەریەک لەپەڕلەمانتارانی کورد لەبەغدا، عادل نووری پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو، عەبدولعەزیز حەسەن و رێزان شێخ دلێر، پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكێتی، بەپێچەوانەی هەڵوێستی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، بەشداری دانیشتنی رۆژی پێنجشەممە 14-4-2016ی پەرلەمانی عێراقیان کرد، کە بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ 174 ئەندام کەئامادەی ئەو دانیشتنە بوون، و تێیدا دەنگ بۆ لابردنی سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمان و هوممام حەموودی، و ئارام شێخ محەممەد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق درا.
دواتریش هەریەک لە سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکان و یەکێتی هێزە عێراقییەکان (سوننەکان) و کوتلەی بەدر (سەدرییەکان) و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و کوتلەی فەزیڵە کۆبونەوەو بڕیارو هەڵوێستی ئەو پەڕلەمانتارانەیان رەتکردەوە و لای خۆیەوە هۆشیار عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لابردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقی بە پێچەوانەی تەوافوق و رێکەوتنە سیاسییەکان ناوبرد. [4]
خوێندنەوەی بڕیارەکەی بزوتنەوەی گۆڕان
بڕیارەکەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دەرکردنی تاڤگە ئەحمەد میرزای پەڕلەمانتار لەریزەکانی ئەو حزبەدا، چەند ڕایەکی جیاوازی لێکەوتەوە.
رای یەکەم :
پێی وایە، بزوتنەوەی گۆڕان ئازادی دەربڕینی لەڕیزەکانی خۆیدا یاساغ کردووە و بەوەش لایداوە لەو پرەنسیپانەی بزوتنەوەکەی لەسەر دامەزراوە.
ئەم ڕایەش بەڕای ئەوکەسانە هەژمارە، کەبزوتنەوەی گۆڕان وای گۆش و پەروەردەکردوون، کە لەناو حزبەکاندا، هیچ هەڵوێست و دەربڕینێک ئەگەر پێچەوانەی رای حزبەکەش بێ یاساغ نییە، نابێ پرەنسیپ و دیسپلینی حزبی هەبێت و دەبێ ئازادی بۆ هەموو شت هەبێ، بەو هۆیەشەوە تا ئێستا لەوە نەگەشتوون کە هەموو حزبێک دەبێ دەستور و یاسای خۆیی هەبێت و ئەندام پابەندبێت پێیەوە. [5]
رای دووەم :
پێی وایە، گۆڕانکارییەکی نەوعی و گەورە بەسەر بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، و ئەوەی گۆڕان کردی بڕیارێکی دروست بوو بۆ پاراستنی ریزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەفەوزا و پەرتەوازەیی، ئەو بڕیارەش کاریگەریی پۆزەتیڤی لەخزمەتی پرسی نەتەوەیی کورد دەبێت لەبەغدا. ئەم رایە رای بەشیکی دیار لەبزوتنەوەی گۆڕان و چاودێران و بەشێک لەلایەنگرانی هێزە سیاسییەکانی دیکە و لایەنگرانی پرسی نەتەوەیی کوردیشە. [6]
رای سێیەم :
ڕای زۆر کەس و رای منیشە، کە پێم وایە بڕیاری دەرکردنی تاڤگە ئەحمەد میرزا لەریزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەگەرچی بڕیارێکی دروست بوو:
- بەئاراستەی نەهێشتنی فەوزا لەناو بزوتنەوەی گۆڕان.
- بەئاراستەی بنەبڕکردنی پاشاگەردانی لێدوان و هەڵوێست لەناو بزوتنەوەی گۆڕان.
- بەئاراستەی یەکڕیزی کورد لەبەغدا کە ئیستا لەهەموو کات زیاتر پیویستە و لەخزمەتی کورددایە.
بەڵام باکگراوەند و هۆکاری دەرکردنەکە، رەچاوکردنی هیچ کام لەوانە نەبووە، هێندەی تەمێکردنی ئەندامانی ئەو بزوتنەوەیە، کەچیدی خەتەر لەسەر بەرژەوەندییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دروست نەکەن، ههروهها هۆكار ئهوهیه ئەو هەڵوێستەی پەڕلەمانتارەکەشی دروستکردنی مەترسیی بووە لەسەر پۆستەکانی گۆڕان، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان دەزانێت تەنها پۆست کە ئەمرۆ وەک هێزێکی کاریگەر و بەدەسەڵات لەناو پرۆسەی سیاسی عێراق و کوردستاندا ئەو بناسێنێت، ئەو حزبەی لەبازنەی هێزە کاریگەرەکان هێشتبێتەوە پۆستی جێگری سەرۆکی پەڕلەمانی عێراقە، وەک حزبیش سودی گەورەیان لەو پۆستە وەرگرتووە بۆ دروستکردنی پەیوەندی حزبیی و نمایشکردنی توانا و سیاسەتی بزوتنەوەکەیان لەسەر ئاستی عێراق، بێگومان بەلەدەستدانی ئەو پۆستەش گۆڕان دەکەوێتە دەرەوەی بازنەی هێزە کاریگەرەکان.
گۆڕان دڵنیاشە لەوەی دوای تێکچوونی ئەم پێکهاتەی ئێستای سەرۆکایەتی پەڕلەمانی عێراق، بەدوو هۆکاری کوردستانی و عێراقی، ئاسان نییە بۆ ئەو حزبە جارێکی تر پۆستی جێگری سەرۆکی پەڕلەمانی پێبدرێتەوە.
هۆکاری عێراقی:
بریتییە لەو ئاڵۆزییە گەورە سیاسیەیە کە لەعێراقدا هەیە، و خەتەری لەسەر پشکی کورد لەبەغدا دروستکردووە.
هۆکاری کوردستانی:
بریتییە لە ئاڵۆزییە سیاسییەکانی نێوان پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان، کە پێمان دەڵێت، ئەگەر هەمان پۆست بەکورد بدرێتەوە، ئاڵۆزیی پەیوەندی سیاسی پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان چانسی گۆڕانی نەهێشتووە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە.
چونکە پارتی بە ئاشکرا ئەوەی راگەیاندووە کە ” فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گهورهترین فراکسیۆنی کوردی بووه له پهرلهمانی عێراق و پۆستی جێگری سهرۆکی پهرلهمان مافی ئێمه بووه و دراوه به گۆڕان، بڕیارمان داوه پۆستی جێگری سهرۆکی پهرلهمان له گۆڕان وهربگرینهوه و کهسێکی دیکهی پارتی له شوێنی ئهو کاندید دهکهین”.[7]
زیاتر لەوەش ئەوەی پێمان دەڵێت، هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان بەرانبەر ئەو پەڕلەمانتارەی، دروستبوونی مەترسی بووە لەسەر پۆستەکانی خۆی نەک خەمی یەکڕیزی کورد، هەڵوێستە پێچەوانەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بووە، بەرانبەر پرسی هاوشێوە و یاخی بوونی هاوشێوەی ئەندامەکانی لەڕابردوو، کە دیارترینیان پابەندنەبوونی سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان بوو، بەبڕیاری بزوتنەوەی گۆڕانەوە، کە ئەویش وەک پەڕلەمانتارەکەی بەغدا پابەندی بڕیاری حزب نەبوو، بەڵام گۆڕان هەڵوێستی نەنواند بەرانبەری، بۆ زیاتر خستنەڕووی ئەو دوو هەڵوێستە لێک جیاوازەی بزوتنەوەی گۆڕان، روونکردنەوەی زیاتر دەخەینەڕوو، و ئەنجام بەراوردی هەردوو هەڵوێستەکەش دەکەین:
غەزەبی گۆڕان لەپابەند نەبونێک بەئەجێندای گۆڕانەوە
بزوتنەوەی گۆڕان لەبڕیاری دەرکردنی پەڕلەمانتارەکەیدا، سێ خاڵی وەک هۆکار راگەیاندووە، لەهەر سێ خاڵەکەدا باسی ئەوە دەکەن، پەڕلەمانتارەکەیان پابەند نەبووە بەئەجێنداکانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، واتە پابەندی ئەرکە حزبییەکانی نەبووە.
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕانیش هۆکارێکی تری ئەو دەرکردنە، وا دەخاتەڕوو کە “لەگەڵ پەیوەندی کردنی ئەو خاتونە بەو گروپە پەرلەمانیەوە بزوتنەوەکە ئاگادار بوە و بە رەسمی لە لەلایەن سکرتێری جڤاتەوە قسەی لەگەڵ کراوە کە پاشگەز ببێتەوە و ئیلتیزام بکات، بەڵام قسەی بزوتنەوەکە و فراکسیۆنەکەشی رەتکردۆتەوە”. [8]
کەواتە بەپێی قسەی کاک هۆشیار، سهرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، رەتکردنەوەی قسەی فراکسیۆن و بزوتنەوەکەی لەلایەن ئەو خاتونەوە، بەس بووە بۆ ئەوەی لەبزوتنەوەی گۆڕان دەربکرێت.
بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا بڕیاری مەرکەزیی بزوتنەوەی گۆڕان، بەو شێوەیە گرنگ و بەسەنگە لای سەرکردە و پەڕلەمانتارەکانی تری بزوتنەوەکە، تا تاڤگە ئەحمەد بەهۆی پێشێلکردنیەوە دەربکرێت ؟
با وەڵامی ئەو پرسیارە هەڵبگرین بۆ بەراوردی ئەم هەڵوێستەی بزوتنەوەی گۆڕان، بەهەڵوێستەکەی پێشتری ئەو بزوتنەوەیە.
پێشوازی و رێزی گۆڕان، لەپابەند نەبونێک بەئەجێندای گۆڕانەوە
ئێستا لەکوردستان ئاڵۆزییەکی سیاسی بوونی هەیە، ئاڵۆزییەک کەپەڕلەمانی پەکخستووە، یەک دەنگی هێزە سیاسییەکانی نەهێشتووە، و تا ئاستێک کاریگەریشی لەسەر باشبەڕێووەچوونی چاکسازییە راگەیەنراوەکانی حکومەتەوە هەبووە.
هۆکاری ئەم ئاڵۆزییە سیاسییەش، دەرچوونی بزوتنەوەی گۆڕان بوو لەو تەوافقە سیاسیەی حکومەت و پەڕلەمانی کوردستانی لەسەر تەشکیلکرا، ویستیان لەپرسی سەرۆکایەتی کوردستاندا لەو تەوافقە دەربچن و بەڕێگای زۆرینەو کەمینەی پەڕلەمانی کار بکەن بۆ سەرخستنی بڕوا سیاسییەکانی خۆیان.
بۆ ڕوونەدانی ئەو ئاڵۆزییەی ئێستای کوردستان، هەوڵ زۆر درا و کۆبونەوەی سیاسیش زۆر کرا، ئەنجام لەکۆبونەوەی شەوی ١٨ لەسەر ١٩ی ئابی ٢٠١٥ کە لەنێوان سەرکردەکانی هەر پێنج حزبە سیاسییەکەی کوردستان و بەئامادەبوونی نوێنەرای نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا سازکرا، بڕیار درا، کۆبونەوەی ١٩ی ئابی پەڕلەمانی کوردستان لەسەر پرسی سەرۆکایەتی کوردستان سازنەکرێت.
عەبدولستار مەجید وەزیری کشتوکاڵ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی کەیەكێك بوو لە بەشداربووانی ئەو كۆبونەوەی پێنج لایەنە سیاسیەكە، کەتا كاتژمێر 7ی بەیانی خایاند هەر ئەوکات بۆ ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا، ئەوەی خستەڕوو”نوێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕانیش وەك لایەنەكانی تر هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە كۆبونەوەكەی پەرلەمان دوابخرێت”. [9]
لەدواین دیداری تەلەفزیۆنیشدا مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، تەئکید لەوە دەکاتەوە” لەو كۆبونەوەی كە لەگەڵ ئەمریكاو نەتەوە یەكگرتوەكان پێنج حزبەكە دانیشتین، پێش دانیشتنی پارلەمان لە 19ی ئاب، بڕیارمان ئەوەبو، پرسەكە دو حەفتە دوا بخرێ بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی بتوانێ كێشەكە چارەسەربكات”. [10]
بەڵام وێڕای ئەوەی سەرکردەکانی گۆڕان ئامادەی کۆبونەوەکەبوون و بەئامادەبوونی نوێنەرانی ئەمریکا رێککەوتن لەسەر ئەو بڕیارە، لەڕێی تەلەفۆنەوە ئەنجامی کۆبونەوەکەیان بەسەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان گەیاندبوو، هێشتاش سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان پابەند نەبوو بەبڕیاری حزبەکەی خۆیەوە و رۆژی ١٩ی ئاب بەهۆی تەواونەکردنی نیسابی قانونییەوە دانیشتنێکی سەرنەکەوتووی پەڕلەمانی سازکرد، و ئەو دانیشتنەش بووە هۆی قوڵتربونەوەی ئاڵۆزییە سیاسییەکان لەکوردستان، رێگەنەدان بەگەڕانەوەی سەرۆکی پەڕلەمان بۆ هەولێر و ئیزندانی وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان.
ئەو پابەندنەبونەی سەرۆکی پەڕلەمان بەڕێککەوتنی حزبەکەیەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە بۆ دواخستنی دانیشتنی پەڕلەمان، زیانی گەورەی بەبزوتنەوەی گۆڕان و پرۆسەی سیاسی لەکوردستان گەیاند، و کاریگەری نێگەتیڤیشی لەسەر ناوبانگی کوردستان دروستکرد، جگە لەوەی مەترسی لەسەر یەک هەڵوێستی کورد دروستکردووە لەئەمڕۆدا، کەناوچەکە بەقۆناغی هەستیاردا تێدەپەڕێت.
بەڵام هەتا ئەمڕۆش بزوتنەوەی گۆڕان، هیچ بڕیارێکی دژ بەسەرۆکی پەڕلەمان نەگرتۆتە بەر و بگرە داکۆکیشی لێ دەکات، سورە لەسەر ئەوەی سەرۆکی پەڕلەمان رێگایەکی دروستی گرتۆتە بەر، کەپابەندی رێککەوتنی حزبەکەی نەبووە، لەگەڵ لایەنەکانی تری کوردستان.
بەراوردی هەردوو هەڵوێستەکەی گۆڕان بەرانبەر پەڕلەمانتارەکانی
بەبەراوردی هەردوو پابەند نەبونەکەی تاڤگە ئەحمەد و یوسف محەمەد بەبڕیارەکانی حزبەکەیانەوە، بەروانین لەهەڵوێستی لێکجیاوازی بزوتنەوەی گۆڕان بەرانبەر ئەو دوو پابەند نەبوونە، ئێمە گەشتوین بەو ئەنجامەی کەبزوتنەوەی گۆڕان هەر بڕیارێکی وەرگرتبێت، رەچاوکردنی بەرژەوەندییە حزبییەکانی خۆی بووە، نەک رەچاوکردنی یەک هەڵوێستی کورد و تێکنەچوونی یەکڕیزی کورد.
چونکە :
یاخی بونەکەی تاڤگە ئەحمەد میرزا لەبڕیاری حزبەکەی، خەتەری لەسەر کورسییەکەی ئارام شێخ محەمەد دروست کردووە.
بەڵام یاخی بونەکەی یوسف محەمەد لەبڕیاری حزبەکەی، خەتەری لەسەر پەڕلەمانی کوردستان و پرۆسەی سیاسی لەکوردستان دروستکرد.
ئەگەر بەقسەی کاک هۆشیار عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لابردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقی بە پێچەوانەی تەوافوق و رێکەوتنە سیاسییەکانە، [11]
خۆ دانیشتنەکەی پەڕلەمانی کوردستان و دەستبردن بۆ یاسای سەرۆکایەتی کوردستانیش بەڕێگای زۆرینە و کەمینەی پەڕلەمان، دەرچوون بوو لەو تەوافق و رێککەوتنە سیاسییەی کەپەڕلەمانی کوردستان و حکومەتی لەسەر پێک هات.
کەواتە پرسیار ئەوەیە :
بۆچی دەرچونەکەی تاڤگە ئەحمەد میرزا لەتەوافق و رێککەوتنە سیاسییەکانی پەڕلەمانی عێراق گۆڕانی ناچار بەو هەڵوێستە توندەکرد، بەڵام دەرچونەکەی یوسف محەمەد سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان لەتەوافق و رێککەوتنە سیاسییەکانی کوردستان، نەک گۆڕانی ناچار بەهەڵوێستی توند نەکرد بەرانبەری بەڵکو رێزیشی لێنا ؟
وەڵامی ئەو پرسیارە :
وەک راو خوێندنەوەی شەخسی خۆم بەبێ بەڵگە : پێموایە، ئەوەی یوسف کردی رەنگە یاخی بوون نەبوبێ لەبڕیاری بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵکو بزوتنەوەی گۆڕان راستی نەکردووە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ ئەوان رێککەوتووە کە کۆبونەوەی پەڕلەمان نەکرێت، بەڕێگای تریش داوای لەیوسف محەمەد کردووە، کە دڵنیاییە نیسابی قانونی تەواو نابێ دانیشتنەکە بکات، تا دواتر ئەو رێککەوتنەی کردویەتی پێچەوانەی شعارەکانی نەبێت بۆ خەڵک، ئۆباڵی رێککەوتنە سیاسییەکان لەدەرەوەی پەڕلەمان بخاتە ئەستۆی لایەنەکانی تر، کە ئەوان هاوکاری نەبوون بۆ تەواوکردنی نیساب لەپەڕلەمان.
بەڵام ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کەم ئەزموونی و تێنەگەشتنی ئەو بزوتنەوەیە، لەسیاسەت، چونکە ئەگەر تێگەشتبا، دەیزانی باجی پێشێلکردنی رێککەوتنێک کە لایەنە سەرەکییەکانی کوردستان و نوێنەرانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان، بەشێکن لێی گەورە دەبێت و ئاسان گوزەر ناکرێت بەسەریدا.
بهڵام ئایا مافی خهڵك نییه بپرسن ئهگهر رێككهوتن بۆ لهپهڕلهمان ئهو نمایشه كرا ؟ ئهگهر ڕێكنهكهوتوون كوا ڕاگهیهنراوی فهرمیتان بۆ وهڵامی ئهو لایهنانهی بهفهرمی وتیان ڕێككهوتوین.
بهههرحاڵ دەکرێ بڕیاری دەرکردنی تاڤگە ئەحمەد میرزا بۆ دوو هۆکاری بگێڕینەوە، کەبەدڵنیاییەوە ئەگەر هۆکاری دووەمیان بێت، لەداهاتوودا بزوتنەوەی گۆڕان خزمەتی گەورە بەپرسی کورد و پرسی دیموکراسی دەکات، گەر هۆکاری یەکەمیش بێ، گۆران هەمان ئەو هێزەی جاران دەبێ كهتا ئێستا هیچ ئەجێندایەکی روونی نییە بۆ پرسی کورد و دەسەڵاتداریی لەکوردستاندا.
هۆکاری یەکەم : شەڕی پۆست
بەڕەچاوکردنی ئەوەی لەڕابردوودا.
- بزوتنەوەی گۆڕان زۆر پەیوەستی یەکڕیزی کورد نەبووە لەبەغدا و خۆی وەک فراکسیۆنێکی جیاواز نمایشکردووە.
- بزوتنەوەی گۆڕان بۆ زۆر پرسێکی ناوخۆیی کوردستان هەوڵیداوە بۆ بەغدا بگەڕێتەوە، و حکومەتی بەغدایان لەحکومەتی کوردستان پێ باشتربووە و تەئکیدیان لەوە کردۆتەوە کەدەبێ کوردستان چاو لەبەغدا بکات.
- سەرکردەو پەڕلەمانتارەکانی لەبەغدا بۆ چارەسەری کێشە ناوخۆییەکانی کوردستان عێراق و عەبادییان بەمەرجەع دەزانی. [12]
- پەڕلەمانتارەکانیان لەبەغدا سكاڵایان دژ بەکێشە ناوخۆییەکانی کوردستان بەرز دەکردەوە و یاساکانی بەغدایان بەچارەسەر دەزانی. [13]
- سەرۆکی فراکسیۆنەکەی عەبادی پێ باشتر بوو لەنێچیرڤان بارزانی. [14]
- بەڕەچاوکردنی ئەوەی، گۆڕانکارییەکانی عێراق، و پابەند نەبوونی تاڤگە ئەحمەد میرزای پەڕلەمانتاری گۆڕان، بەبڕیاری حزبەکەیەوە، مەترسی لەسەر پۆستەکانی گۆڕان لەحکومەت و پەڕلەمانی عێراقدا دروست دەکات.
- بەڕەچاوکردنی ئەوەی کێشەکانی کوردستان، و پابەندنەبوونی سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان، بەخوێندنەوەی خۆیان مەترسی لەسەر پۆستی لایەنەکانی تر دروست دەکرد لەحکومەتی کوردستان، نەک لەسەر پۆستەکانی حزبەکەی.
- بەڕەچاوکردنی ئەوەی کە بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا تەنها بەهۆی پۆستەکانی بەغداوە لەبازنەی حزبە کاریگەرەکان ماوەتەوە، و لەدەستدانیان بەیەکجاری دەیخاتە دەرەوەی بازنەی حزبە کاریگەرەکانەوە.
دەکرێ بڵێین لەپرسی هەڵوێست وەگرتنی بزوتنەوەی گۆڕان دژ بە پەڕلەمانتار تاڤگە ئەحمەد میرزا و دەرکردنی لەڕیزەکانی، ئەو حزبە هێندەی خەم و ترسی لەدەستدانی پۆستەکانی هەبووە لەبەغدا، هێندە خەمی یەکڕیزی کورد، ناوبانگی کورد و دەرچوون لەتەوافق و رێککەوتنە سیاسییەکانی نەبووە.
هۆکاری دووەم : بوون بەحزبێکی بەرپرس
بەڕەچاوکردنی ئەوەی کە لەڕابردوودا:
- بەهۆی پابەند نەبونی گۆڕان بەڕێککەوتن و تەوافقە سیاسییەکانەوە لەکوردستان ناکاریگەر کرا.
- بەهۆی پابەند نەبونێکی سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان، بەڕێککەوتنی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، گۆڕان خرایە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتەوە.
- بەڕەچاوکردنی ئەوەی هیچ هێڵێکی هاوبەش لەلێدوان و هەڵوێستی هەڵسوڕاوانی ئەو بزوتنەوەیە نەبوو جگە لە دژایەتی دەسەڵات.
- بەڕەچاوکردنی ئەوەی پاشاگەردانی لێدوان و هەڵوێست، گۆڕانی وەک هێزێکی بێ دسپلین و پرەنسیپی حزبی نمایش دەکرد.
- بەڕەچاوکردنی ئەوەی هیچ لایەنێکی کوردستانی جگە لەڕەچاوکردنی ترسی هێرشی راگەیاندن و میدیاکانی گۆڕان، بروایەکی نەبوو بۆ نزیکبونەوە لەبزوتنەوەی گۆڕان.
- بەهۆی ناجێگری لێدوان و هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، نزیک بونەوەی هەموو هێزەکان لەو حزبە تاکتیکی بوو نەک مەدەئی.
- بەهۆی نابەرپرسیارەتی لەسیاسەت و توندڕەوی لەسیاسەتکردندا، لەگۆڕەپانی سیاسی کوردستان بەتەنها مایەوە.
دەکرێ بڵێین بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری خۆ رێکخستنەوەی داوە و لەئێستاوە چیدی ناوبانگی بزوتنەوەکەی و داهاتووی بزوتنەوەکەی ناکاتە قوربانی شعاراتی ناواقیعی و بەناوی ئازادییەوە رێگە بەپاشاگەردانی ناو بزوتنەوەکەی نادات.
بۆیە دەتوانرێ دەرکردنی تاڤگە ئەحمەد میرزا وا بخوێنرێتەوە، کەبزتنەوەی گۆڕان دەیەوێ لەو رێگایەوە، بەئەندام و بەرپرسەکانی رابگەیەنێ، کەچیدی بزوتنەوەی گۆڕان هێزێکی بێ یاساو دەستور و لێپرسینەوە نییەو هیچ دەرچوونێک لەسیاسەتی حزبەکەی بەناوی ئازادییەوە، رێگە پێدراونییە.
..
سەرچاوەکان :
…
[1] – تاڤگە ئەحمەد میرزا بەم شێوەیە پەیوەندی بەگۆڕانەوە کرد.
https://www.facebook.com/majeed.salih1/posts/10206212999827475
[2]– سبەی : گۆڕان تاڤگە ئەحمەد لەریزی فراکسیۆن و بزوتنەوەکەی دوردەخاتەوە
http://www.sbeiy.com/Article-20293
[3] – هۆشیار عەبدوڵا: فراکسیۆنی گۆڕان تاڤگە
http://www.speemedia.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=31950&Jor=1
[4] – دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان لابرد
http://www.sbeiy.com/Article-20240
[5] – بڕواننە لاپەڕەی تایبەتی کاک بێستوون حەمە ساڵح، هاوسەری تاڤگە خان، ئەو رایانەتان بەرچاو دەکەوێت، کە لەراوێژکارو ئەندام جڤاتەوە رای هەیە تا ئەندامانی ئەو حزبە.
[6] – بڕوانە پێگەی رووداو لەفەیسبووک، رای هاونیشتیمانیان بخوێنەوە لەسەر هەواڵی دەرکردنی تاڤگە ئەحمەد لەبزوتنەوەی گۆڕان و وەڵامی تاڤگە ئەحمەد بۆ بزوتنەوەی گۆڕان.
[7] – ”پارتی پۆستی جێگری سهرۆکی پهرلهمان له بهغدا له گۆڕان وهردهگرێتهوه”
http://www.gulan-media.com/sorani/details.php?section=1&id=25970
[8] – هۆشیار عەبدوڵڵا تاڤگە ئەحمەد لە
http://www.speemedia.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=31950&Jor=1
[9] – عەبدولستار مەجید:دەبوو پەرلەمانی كوردستان لە(19)ی ئاب كۆبونەوەكەی دوابخستایە لەسەر داواكاری پێنج حیزبەكە،هیچ لایەنێك لەو كۆبونەوەیە قازانجی نەكرد
http://www.dengiamerika.com/a/2925561.html
[10] – کەناڵی گەلی کوردستان، دیدار : هەڤاڵ مەلا بەختیار 22/3/2016
https://www.youtube.com/watch?v=pauxVmQENnQ
[11] – دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان لابرد
http://www.sbeiy.com/Article-20240
[12] – پارتی ھهوڵمان دا کێشهکانی ھهرێم نهیته بهغدا، بهڵام گۆڕان کێشهکانیان ھێنا بهغدا و بردیان بۆ لای سهرۆک وهزیران.
http://www.gulan-media.com/sorani/details.php?section=1&id=25970
[13] – پهرلهمانتارێكی گۆڕان له بهغدا، سكاڵا له دژی پارتی بهرزدهكاتهوه.
http://www.xendan.org/dreja.aspx?=hawal&jmara=52753&Jor=1
[14] – هۆشیار عەبدوڵڵا: ههولێر به بێ بهغدا نهیتوانی موچهی فهرمانبهرانی دابین بکات
http://www.kurdpress.ir/NSite/FullStory/News/?Id=48164