نوچە-العالم
سەرکردەی شاندی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سوریا لە وتووێژەکانی جنێف دەڵێت، بە پێی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان،بەشار ئەسەد تەنها چوار مانگی دەرفەتی لەبەردەمدایە و، دواتر دەبێ پێکهاتنی حکومەتی ئینتقالی بە دەسەڵاتی تەواوەوە بکەوێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.
بە گوێرەی راپۆرتی ماڵپەڕی”دی سایت”محەممەد عەلوش،نوێنەری گروپی “جیش الاسلام”لە وتووێژێکی تایبەت لە گەڵ ماڵپەری”العربی الجدید”گوتویەتی، سستمی ئێستای سوریا دەربارەی ئینتقالی دەسەڵاتی سیاسی مافی هیچ هەڵبژاردنێکی نییە، بەڵکو ناچارە مل بۆ ئەم ئینتقالە رابکێشێ.
بە گوێرەی لیدوانەکانی عەلوش، حکومەتی سوریا بەردەوام هەوڵی داوە خۆی لە ژێر باری ئینتقالی سیاسی بدزێتەوە، هەروەک چۆن تا ئێستا لە سەر ئەو سیاسەتە بەردەوام بووە.
عەلوش جەخت لەوە دەکاتەوە، کە خوازیاری پێکهاتنی حکومەتی ئینتقالین کە دەسەڵاتی تەواوی هەبێ و مەرجیشێ ئەوەیە کە ئەسەد لەم پرۆسەیە جێگای نابێتەوە.
هاوکات جەخت لە چارەسەری سیاسیانەی قەیرانی سوریا دەکاتەوە و ، پابەندبوونی خۆیان بە ئاگربەست لەم وڵاتە دوبارە دەکاتەوە.