نوچە-ئیسنا
سەرۆککۆماری تەمەن ٨٤ ساڵەی کوبا، وێڕای ئەوە کە پێیوایە سەرکردەباڵاکانی حزبی کۆمنیست دەبێ لە تەمەنی ٧٠ ساڵی خانەنشین بکرێن، دەڵێت:ئەو سەرکردانەی کە بیر لە بەرزبوونەوەی پلەکانیان دەکەنەوە، باشتر وایە خۆیان بە یاری کردن لە گەڵ نەوەکانیان سەرقاڵ بکەن.
رائۆل کاسترۆ، سەرۆککۆماری کوبا، سەبارەت بە نیازی ئەمریکا بۆ گۆڕینی سیستمی کۆمۆنیسی هاڤانا هۆشداری دەدات.
بە گوێرەی رۆیتەرز، سەرکردەکانی ئێستای کوبا لە چەند کەسێکی تەمەن ٧٠ و ٨٠ ساڵە پێکدێن، کە لە ساڵی ١٩٥٩وە هاورێیەتی فیدل کاسترۆیان کردووە.
ئەم لێدوانەی کاسترۆ لە رێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرەی حزبی کۆمۆنیستی کوبا، بێدەنگی بەشداربووانی بەدواوە بوو. هەر بەم هۆیەش زۆربەی ئەندامانی کۆنگرە پیشوازییان لەم بۆچوونەی کاسترۆ نەکردووە.
کاسترۆ لە کاردانەوەی بەرامبەر بە هەڵبژاردنی بێدەنگی لە لایەن ئەندامانی کۆنگرەوە گوتویەتی: ئەمە بابەتێکی جدییە، ئەگەر ناتوان سەرکردایەتی وڵاتێک بکەن ئەندامە بەساڵاچووەکان دەتوانن وەک چالاکێکی حزبی بمێننەوە وکاتێکی زۆرتر بۆ یاریکردن لە گەڵ نەوەکانیان تەرخان بکەن.
کاسترۆ هەروەها رەخنەی لە دۆخی لاوازی ئابوری وڵاتەکەی گرتووە و، دانی بەوەدا ناوە کە حکومەتەکەی تەنها توانیویەتی ٢٠%ی خاڵەپەسەندکراوەکانی کۆنگرەی پێشووتر کە لە ساڵی ٢٠١١ بەستراوە وەدی بێنن.
حزبی کۆمۆنیستی کوبا، بڕیار وایە رۆژی دووشەممە بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرکردایەتی نوێ دەنگدان ئەنجام بدات، گریمانە دەکرێ کە کاسترۆ بۆ جارێکی دیکە وەک سەرۆکی کوبا هەڵبژێردرێتەوە.
کاسترۆ لە وتارەکەی دا جەختی لەوەکردۆتەوە، کە ساڵی ٢٠١٨ لە پۆستی سەرۆکایەتی ئەم وڵاتە دەکشێتەوە.