نوچەنێت
بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانییەکانی ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی سعودی ،کۆشکی کڕێملن و کۆشکی سپی لەسەر بارودۆخی سوریا ڕێك کەوتوون و لەکاتی ئیمزاکردنی ڕێكکەوتننامەکەدا گوێیان بۆ بۆچوونەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە نەگرتووە.
ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت دوێنێ شەممە زانیارییەکی نهێنی بڵاو کردەوە کە تێیدا باس لەوە دەکات هەردوو کۆشکە گەورەکەی جیهان، کۆشکی کڕیملن لە ڕوسیا و کۆشکی سپی لە ئەمەریکا، لەسەر بارودۆخی سوریا بەشێوەیەك ڕێكکەوتوون کە کۆتاییەکەی لەبەرژەوەندی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا دەبێت.
ڕۆژنامەکە ڕاپۆرتێك لەسەر بارودۆخی سوریا و ڕێكکەوتنی ئەمەریکا و ڕوسیا بڵاو دەکاتەوە و تێیدا باس لەوە دەکات کە هەردوولا لەسەر ئەوە ڕێكکەوتوون بەشار ئەسەد لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە هەتا سوریا دەگاتە کەنارێکی ئارام و تا هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆككۆماری سوریا بەشار ئەسەد دەمێنێتەوە و ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە باس لەوەش دەکات لە خاڵێكی تری ڕێكکەوتنەکەی ئەمەریکا و ڕوسیا باس لەوە کراوە لە هەڵبژاردنی داهاتووشدا ئەسەد بۆی هەیە جارێكی تر خۆی بۆ سەرۆکایەتی بپاڵێوێتەوە.
ڕۆژنامەکە ئەوەش دەخاتە ڕوو کە ڕێكکەوتنەکە هەم لەبەرژەوەندی ڕووسیا دەبێت هەمیش ئەمەریکا تێیدا سوودمەند دەبێت، بەوەی ڕووسیا سەری ڕەزامەندی بۆ بڕیار بەدەستی کۆتایی ئەمەریکا لە عێراق و یەمەن سعودییە دەلەقێنێت و لەبەرامبەریشدا ڕوسیا بڕیار دەری کۆتایی دەبێت لە سوریا.