نوچەنێت
تاوەکو ئێستا تاڤگە ئەحمەد لە فراکسیۆنی گۆڕان و عادل نوری لە فراکسیۆنی یەکگرتوو ئامادەییان دەربڕیوە بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانتارانی مانگرتوو، بەڵام بەپێی زانیارییەکان رێزان شێخ دلێر لە فراکسیۆنی یەکێتی بڕیاریداوە نەچێتە ناو کۆبوونەوەکە.
٣٢٠ کەس ئەندامی پەرلەمانی عێراقن و ژمارەی مانگرتووەکان گەیشتووەتە سەرووی 200 کەس، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق بۆ هەر گۆرانکارییەک لە پەرلەمان پێویستە 165 پەرلەمانتار ئامادە بن، کە رێژەی یاسایی بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان لەلایەن پەرلەمانتارانی مانگرتووەوە تەواو بووە.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان هۆشداریی داوەتە عادل نووری، ئەندامی فراکسیۆنی حیزبەکە لە پەرلەمانی عێراق و داوای لێکردووە لە ریزی پەرلەمانتارە مانگرتووەکان بێتە دەرەوە.
فراکسیۆنی یەکگرتوو رایانگەیاندووە، چوونی عادل نوری، بۆ نێو پەرلەمانتارە مانگرتووەکان هەڵوێستێکی تاکە کەسی خۆیەتی و فراکسیۆنی یەکگرتوو لەگەڵ ئەوەدا نییە. هاوکات سەرکردایەتی یەکگرتووش هۆشداریان پێداوە کە دەبێت بکشێتەوە.