نوچە-رادیۆ فەردا
دوای بڵاوبوونەوەی چەند راپۆرتێک دەربارەی سەردانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران بۆ روسیا،کۆشکی کرملین رایگەیاندووە، کە هیچ دیدارێک لە نێوان وێلادیی پوتین، سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە و قاسم سولەیمانی پێک نایەت.
ئاژانسی رۆیتەرز لەم بارەوە رایگەیاندووە، پێشتر سێ سەرچاوە جەختیان لەوە کردبووەوە کە فەرماندەی سوپای قودسی ئێران، رۆژی هەینی سەردان روسیای کردووە. مەبەست لەم سەردانەی قاسم سولەیمانی دیدار و چاوپێکەوتنی لە گەڵ سەرکردە سیاسی و فەرماندە باڵاکانی سوپای روسیا بووە.
بە گوێرەی راپۆرتی سەرچاوە ئێرانی و روسیەکان، لەم ساڵانەی دواییدا قاسم سولەیمانی چەند جارێک سەردانی روسیای کردووە. ئاژانسی فارسی نزیک لە سوپای پاسداران لە پاییزی ساڵی رابردوو هەواڵی سەردانی قاسم سولەیمانی، بۆ روسیای بڵاو کردەوە کە لە لایەن کۆشکی کرملینەوە رەتکرایەوە.
ئێراان و روسیا لە قەیرانی سوریا پشتیوانی لە حکومەتی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە دەکەن.