نوچەنێت
ئەم رۆژانە کە هێرشە تیرۆریستیەکان لە یەکێتی سەرسەوزی ئەوروپا، کەوتۆتە رۆژەڤەوە و بۆتە مانشێتی راگەیەنەکانی ئەوروپا، سروشتییە کە دیاردەی تیرۆریزم هەموو چین وتوێژەکانی ئەوروپا، بە تایبەت منداڵانی خستبێتە ژێر کاریگەری خۆیەوە.
ماوەیەک بەر لە ئێستا یەکێک لە کەناڵەکانی فەرەنسا، وێنەی منداڵێکی فەرەنسی بڵاو کردەوە کە لە باوەشی گەرمی باوکیدا بۆ یادکردنەوە ورێزگرتن لە قوربانیانی هێرشە تیرۆریستیەکەی پاریس، وێڕای ژمارەیەک خەڵکی دیکە جێگەی بەتاڵی کوژراوەکانیان بە گوڵ پر دەکردەوە.لە هەمان کاتدا کە مێرمندالەکە ترس و دڵەراوکی سەرتاپای وجودی داگرتبوو باوکی پێی دەگوت: ئێمە هەر بەم گوڵانە کە بە دەستمانەوەیە بەرگری لە خۆمان دەکەین و ئەگەر پێکەوە بین زۆر لە تیرۆریستان بەهێزترین. ئەمە هەمان ئەو ترسەیە کە بەرەورووی زۆربەی منداڵانی ئەوروپی بۆتەوە. ترس لە دیاردەیەک کە پێشتر نە هەستیان پێکردووە و نە بە واقع ئەزموونیان کردووە.
روونکردنەوەی دیاردەی تیرۆریزم و هێرشە تیرۆریستیەکان بۆ منداڵان، کارێکی ئاسان نییە.هەر وەک چۆن هێرشە تیرۆریستیەکانی پاریس وبرۆکسل. کە لە ناوەندی ئەوروپا روویدا، تێگەیشتنی ئەستەمە. کێشەی تیرۆریزم و منداڵان بابەتێکی نوێیە کە لای زۆربەی بنەماڵەکانی ئەوروپا جێی سەرنج و تێڕامانە.
مێرمنداڵان سروشتیە کە نامۆبن بەم دیاردەیە و کەمتر یان هیچ کات لە گەڵ ئەم دیاردە بەرەوروو نەبوونەتەوە. چون لە ناو بنەماڵەکان کاتی بڵاوبوونەوەی دەنگ و رەنگ و وێنە وهەواڵی ئەم هێرشە تیرۆریستیانە رادیۆ و تەلەفزیۆنەکان دەکوژێننەوە، تا دەگاتە شوێنەکانی دیکەی پەروەردەی منداڵ. ئەم بابەتە لە خۆیدا بۆ کەسانی تەمەن سەرەوە جددییە. جۆری پەروەردە لە بنەماڵەکان جیاوازە و منداڵان بە بەراورد لە گەل گەورەساڵان جیهانێکی گەورەتریان هەیە.
دوای روداو و هێرشە تیرۆریستیەکانی پاریس، سیستمی پەروەردە و دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان ئەرکی و بەرپرسایەتی قورستریان کەوتۆتە سەرشان. سیستمی پەروەردە بەوە ئەرکدار کراوە کە فکر و زەینی منداڵان بە پرسیار و وەڵام سەبارەت بەوەی کە رویداوە یان روو دەدات ئاشنا بکەن، بۆ وێنە لە بابەتی وەک توندڕەوی، ئایینەکان، تیرۆریزم و …هتد.
لەم پەیوەندیەدا میدیا وکەناڵە تەلەفزیۆنیەکانی وڵاتانی ئەوروپا، بۆ هۆشیارکردنەوە وزانیاریدان بە منداڵان ن پرۆگرامیان لە ژێر ناوی هەواڵەکانی منداڵان کە بە شێوەی ئەنیمەیشن سەبارەت بە تیرۆریزم، شەڕ و توندڕەوی نمایش دەکرێ ئامادە کردووە تا لەم رێگەوە منداڵان لە گەڵ دیاردەی تیرۆریزم ئاشنا بکەن. ئەمانە هەمان ئەو دیاردانەن کە رەنگە منداڵانی ئەوروپا تا چەند ساڵی داهاتوو وێڕای گەورەساڵان و کەس وکارەکانیان لە نزیکەوە هەستی پێبکەن و بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەزموونی بکەن.
دەنگی گریانی کچە میرمنداڵێک، کە لە توونێلە تاریکەکانی برۆکسل لە ترسی تەقینەوە لە گەڵ باوکی بەرەو دەرگای چوونە دەرەوە هەڵدێت بەهەمان رادە کارەساتبار و ئازاردەرە،کە چەند سەد هەزار منداڵ لە یەمەن، عێراق وسوریا و فەلەستین لە کاتی یاری کردن بە یەک جاری دەبنە قوربانی و هەموو ژیانیان لە کیس دەجێ، ئیتر لەمەوبەدواوە لە نازی باوک و دایکان بێ بەری دەبن.
دوای تەقینەوەکەی پاریس جیهان رەنگی فەرەنسای لە بەر کرد، بەڵام سەرباری ملیۆنان کوژراو وبریندار کە بەشێکی زۆری لە منداڵان پێک دێن، تا ئێستا کەمتر کەسێک سەرنجی خستۆتە سەر رەنگی ئاڵای ئەم وڵاتە، شەر لێدراوانە و کەمتر کەسێک هەیە کە ئەم رەنگانە لێک بکاتەوە.
بە هەمان رادە کە میسر و تونس بۆ سەیران و گەڕان شوێنێکی نائاسایشن، بە هەمان رادەیەش پاریس وبرۆکسل. لێرە بەدواوە، باوک و دایکان ناچارن لەوەی کە وێڕای هەموو روودا وو دیاردەکانی ناو کۆمەڵگا، دیاردەی تیرۆریزمیان پێبناسێنن.
منداڵانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە مێژ سالە لە گەڵ شەڕو کوشتار و رەشەکوژی و تیرۆریزم ئاشنان، بەڵام دەبی چاوەڕێی وەڵامی ئەم پرسیارە بکەین کە کۆمەڵگای ئەوروپا تا چ رادەیەک و بە چ شێوەیەک دەتوانێ، منداڵانی خۆی لە گەڵ ئەم دیاردەیە ئاشنا بکات؟