نوچه‌نێت-حوڕڕه
دوای ئه‌وه‌ی عه‌بادی نه‌یتوانی كاندیده “ته‌كنۆكراته‌كانی” بكاته وه‌زیر و ملی بۆ داواكاری لایه‌نه سیاسییه‌كان كه‌چكرد، سه‌درییه‌كان ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن و به‌نیازن ده‌ست به خۆپیشاندان بكه‌نه‌وه.
جه‌ودا جبوری وته‌بێژی فراكسیۆنی ئه‌حراری سه‌ر به موقته‌دا سه‌در، له لێدوانێكدا بۆ رادیۆ سه‌وای سه‌ر به حكومه‌تی ئه‌مریكا ده‌ڵێت “جارێكی تر گه‌ڕاینه‌وه بۆ گۆڕینی روخساره‌كان، ئاخر دیسانه‌وه كاندیده‌كان نوێنه‌ری حیزبه‌كانیان ده‌بن و ئه‌وه‌ش شه‌قامی عێراقی تووڕه كردووه و مه‌رجه‌عییه‌تیش ره‌تیده‌كاته‌وه”.
جبوری دەڵێت، لیستی ئه‌حرار هه‌ڵوێستی خۆی ده‌بێت و به‌شێوه‌ی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی گوزارشتی لێده‌كات.
ئێواره‌ی دووشه‌ممه، هه‌ر سێ وه‌زیره‌كه‌ی سه‌ر به سه‌در له حكومه‌تی عه‌بادی ده‌ستیان له‌كار كێشایه‌وه و چاودێران پێیانوایه، ئه‌مه سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی پلانی سه‌درییه‌كانه، بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی به‌رده‌م ناوچه‌ی سه‌وز.