نوچەنێت-شفقنا
جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە مەبەستی بەشداریکردن لە دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی هاوکاری کەنداوی عەرەبی، پاش نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە گەیشتە مەنامەی پایتەختی بەحرێن.
بە پێی راپۆرتەکانی پەیوەندیدار، بڕیار وایە جۆن کێری، لەم دانیشتنە سەبارەت بە کۆمەڵێک بابەت لەوانە مافی مرۆڤ و شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتارێک پێشکەش بکات.
لە دوای سەردانەکەی هێلاری کلینتۆن، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمریکا بۆ بەحرێن لە ساڵی ٢٠١٠، ئەمە یەکەم سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە لە مەنامەی پایتەختی بەحرێن.
کێری، لەم دیدار و دانیشتنانەدا لە گەل وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی هاوپەیمانی ئەمریکا و، هەروەها وڵاتانی کەنداو کۆدەبێتەوە. بە گوێرەی زانیاریەکان هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە تەوەرێکی گرنگی گفتوگۆکان دەبێت.
بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەم بارەوە رایگەیاندووە، کە دۆخی سوریا،عێراق و لوبنان تەوەرێکی دیکەی باس و گفتۆگۆکانی نێوان جۆن کێری و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی دەبێت.