نووچه‌نێت-سۆمه‌ریه نیوز
وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی عێراق ئاماژه ده‌كات به به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی هه‌ژاری له عێراق، بۆ ئاستێكی مه‌ترسیدار بەرزبۆتەوەو یه‌كێك له هۆكاره‌كانیش بۆ خه‌مساردی حكومه‌تی به‌غدا ده‌گێڕێته‌وه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ٥-٤-٢٠١٦زانكۆی به‌غدا، كۆڕبه‌ندێكی ئه‌كادیمی بۆ تاوتوێكردنی پرسی هه‌ژاری له عێراق رێكخست و تێیدا به‌رپرسان و شاره‌زایان گفتوگۆیان له‌باره‌ی كێشه‌ی هه‌ژاری له عێراق و لێكه‌وته مه‌ترسیداره‌كانی كرد.
جه‌مال بیلال به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له ده‌سته‌ی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی له وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی عێراق، كه به‌شداری كۆڕبه‌نده‌كه‌ی كردبوو گوتی “رێژه‌ی هه‌ژاری له عێراق 22%ی تێپه‌ڕاندووه، ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه‌یه ئێستا له عێڕاق 7-8 ملیۆن هاوڵاتی هه‌ژارن، ئه‌وه‌ش كۆششێكی زۆری ده‌وێ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه”.
پسپۆڕانی بواری زانستی ئابووری، به‌رزبوونه‌وه‌ی هه‌ژاری بۆ ئه‌و ئاسته مه‌ترسیداره له عێراق له‌م ساڵانه‌ی دواییدا بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گێڕنه‌وه، له‌وانه نه‌بوونی پلانێكی پته‌و له‌لایه‌ن حكومه‌تی به‌غدا بۆ رووبه‌رووبونه‌وه‌ی كێشه‌ی بێكاری له عێراق، هه‌روه‌ك دابه‌زینی نرخی نه‌وت له بازاڕی وزه‌ی جیهانیش رۆڵی هه‌بووه.