نوچەنێت
شارەزایەکی ئەمریکی رایدەگەیەنێت، فشارێکی زۆر لەسەر باراک ئۆبامایە بۆ ئەوەی پێش وادەی کۆتایی هاتنی سەرۆکایەتیەکەی شاری موسڵ کۆنترۆڵبکرێتەوە.
پێگەی ساندیاگۆ یۆنیەن تریبیۆن بڵاویکردەوە، شارەزایان پێیانوایە، کە ئەمریکا هێزی زیاتری سەربازی دەنێرێتە عیراق، بۆ ئەوە لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵی پایتەختی داعشدا بەشداری بکەن.
لاورێنس کۆرب شارەزا ناوەندی پێشکەوتنی ئەمریکا لە واشینتۆن، رایگەیاندووە کە “فشارێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی پێش تەواوبوونی ماوەی سەرۆک کۆماریی ئۆباما، شاری موسڵ کۆنترۆڵبکرێتەوە”.
هەروەها ریگەیاندووە، حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عیراقیش دەیەوێ پێشکەوتنی زیاتر لە کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵدا ئەنجامبدرێت.
لە لایەکیترەوە کریستۆفەر هارمەر، شارەزا لە ناوەندی لێکۆلینەوەی شەر لە واشینتۆن، رایگەیاندووە: پنتاگۆن لە داهاتووشدا سەربازی زیاتر دەنێرێتە عیراق و سودیان لێوەردەگرێت.
ئاماژەی بەوەکرد کە کوشکی سپی بەڵێنیداوە کە “لە ماوەیەکی درێژخایەن”دا کار بکات بۆ ئەوەی سەربازانی ئەمریکا لە عیراق نەمێنن، بۆیەش ناردنی چەکدارانی ئەمریکا بۆ عیراق، ناڕەزایەتی کەمتری هاووڵاتیانی ئەو وڵاتەی لێدەکەوێتەوە.
هەفتەی ڕابردوو، جەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆرد سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، پشتیوانی هێزە عیراقییەکان دەبین لە ئۆپەراسیۆنی گەورەی چاوەڕوانکراوی ئازادکردنەوەی شاری موسڵ، کە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی داعشدایە.
جەنەراڵ دانفۆرد وتیشی: بەرپرسانی ئەمریکا و عیراق سەرقاڵی تاوتوێکردنی نەخشەی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵن، کە لە حوزەیرانی 2014ەوە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی داعش و چۆنیەتی بەشداری هێزەکانی سوپای ئەمریکاش هەڵدەسەنگێنرێت.
سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا دەڵێت، جێبەجێکردنی بڕیاری چۆنیەتی هاوکاری سەربازی ئەمریکا بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنەی هێزە عیراقییەکان، پاش ئەوە دێت کە ئاشتۆن کارتەر وەزیری بەرگری، چەند پێشنیارێکی خستووەتە بەردەستی باراک ئۆبامای سەرۆک کۆماری ئەمریکا و پێکەوە گفتوگۆی دەکەن.
موسڵ، دووەمین شاری گەورەی عیراقە، لە مانگی حوزەیرانی 2014 ەوە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی داعش و لە ئێستاشدا سوپای عیراق و هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شارەکە،. چاوەڕێش دەکرێت زیاتر لە سێ هەزار سەربازی ئەمریکی هاوکاری عیراقییەکان بکەن بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵ.