نوچەنێت-هەولێر
ئێران ترسی هەیە وەزیری نوێی دەرەوە لە حكومەتەكەی عەبادی، ببێتەهۆی دووكەوتنەوەی عێراق لە ئێران و نزیكبوونەوەی لە وڵاتانی سوننەی عەرەب.
بەگوێڕەی ماڵپەڕی “عەسرنیوز” كە سەر بە محافزكارەكانی ئێڕانە، گەیشتنی شەریف عەلی كوڕی بن حوسێن، بە پۆستی وەزیری دەرەوەی عێراق هەنگاوێكە بە ئاراستەی دوركەوتنەوەی عێراق لە ئێڕان و نزیكبوونەوەی لە وڵاتە عەرەبییەكان بەگشتی و وڵاتانی كەنداو بەتایبەتی.
لەدوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن، شەریف ئەلهاشمی دەبێتە یەكەمین وەزیری دەرەوە كە عەرەبی سوننە بێت، چونكە لەماوەی 13 ساڵی رابردوودا ئەو وەزارەتە لەدەستی كورد و شیعەدا بووە.
رەزا گبیشاوی، پسپۆڕی ئێرانی لە كاروباری عەرەبیدا بە ماڵپەڕەكەی وتووە “وەزیری دەرەوەی ئێستا كە ئیبراهیم جەعفەرییە، نزیكترین كەسە لە ئێران و روانگە سیاسییەكانی ئێران بۆ ناوچەكە”.
ئیبراهیم جەعفەری بووەتەهۆی دوورخستنەوەی زیاتری عێراق، لە وڵاتە عەرەبییەكان، چونكە هەم دەنگی نەدا بە بڕیاری ناساندنی حیزبوڵڵا وەك لایەنێكی تیرۆریست، لەلایەن كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەب و هەم كاتێك وڵاتانی عەرەب سەركۆنەی ئێرانیان كرد لە پرسی پەلاماردانی باڵیۆزخانە و كونسوڵگەرییەكانی سعودیە لەنێو ئێراندا، جەعفەری بەرگری لە ئێران كرد و ئەوەش پێچەوانەی هەڵوێستی كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەب بوو.
شەریف عەلی بن حوسێن ئەلهاشمی، نەوەی بنەماڵەی پاشایی عێراقە و سەرۆكی رەوتێكی سیاسییە كە داوای گێڕانەوەی فەرمانڕەوایی پاشایەتی دەكات بۆ عێراق.