دیسانەوە شەڕی قەرەباغ

0

نوچەنێت

کۆماری ئازەربایجان و ئەرمەنستان بۆ جارێکی دیکە لە ناوچەی جێی کیشە و ناکۆکی کوێستانی قەرەباغ، ملیان لە ملی یەکتر ناوە و کەوتونەتە شەڕو تێکهەلچوونەوە. بە پێی دوایین زانیارییەکان تاکو ئیستا لانی کەم ٣٢ کەس لە سەربازانی دوو لا کوژراون. یەرڤان رایگەیاندووە، کە توانیویەتی فڕۆکەیەکی ئازەربایجان بکاتە ئامانج بەڵام باکۆ ئەم پڕوپاگەندەیەی رەتکردۆتەوە.

بە گوێرەی کەناڵی هەواڵی ئەلجەزیرە، شەڕ و تێکهەڵچوونی هەردوو وڵات دوای ئەوە دەستی پێکرد، کە هەردوو لایەن یەکتریان بە پێشێلکردنی ئاگربەستی نێوانیان تاوانبار دەکرد. هەر کام لەم دوو وڵاتە بەرامبەرەکەی بەوە تۆمەتبار دەکات، کە بە هۆی تۆپخانەوە و چەکی سووکەوە تەقەیان لە بەرامبەرەکە کردووە.

دوابەدوای شەڕ و تیکهەڵچوونی دوێنێ، ئاسۆشیتێدپرێس لە راپۆرتێکدا تیشکی ختسۆتە سەر هۆی سەرهەڵدانی  ناکۆکی و گرژی لە پەیوەنیەکانی نیوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان.

ئاسۆشیتێد پرێس نووسیویەتی: ناگۆرنۆی قەرەباغ، کە رۆژی رابردووە بووە مەیدانی شەڕ و تێکهەڵچوون لە نیوان هێزەکانی ئازەربایجان و ئەرمەنستان لە ساڵی ١٩٩٤ەوە کەوتۆتە دۆخێکی بەرزەخی و بەرداشی نێوان دوو وڵات.

ناگۆرنۆ کە دەکەوێتە وڵاتی ئازەربایجانەوە ،١٥ هەزار دانیشتووی هەیە و رووبەرەکەی ١٢ هەزار کم چورگۆشەیە، لە دوای کۆتایی شەڕی تەمام عەیاری نێوان ئەم وڵاتە لە ١٩٩٤ لە ژیر کۆنتڕۆڵی هێزە ئەمنیەکانی ئەرمەن دایە.بە گوێرەی ئامارە فەرمیەکان لە شەڕ و پێکدادانی نێوان هەردوو وڵات زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس کوژران  ونزیکەی یەک ملیۆن کەس، خەڵکی ئەم دوو وڵاتە ئاوارە بوون.

ناکۆکی و ململانێی درێژماوەی نیوان ئەرمەنیە مەسیحیەکان و زۆرینەی موسوڵمانی ئازەری لە دوای رووخانی سۆڤییەت و سەربەخۆبوونی کۆماریەکانی پاشماوەیە، ئەم یەکێتییە بووە هۆی شەڕ و تێکهەڵچوونی سەربازی. ئاگربەستی ساڵی ١٩٩٤ بووە هۆی ئەوەی کە هێزە سەربازیەکانی ئەرمەنی و ئازەربایجانی لە سەرتاسەری ناوچە مەدەنیەکانی بەرەورووی یەکتر ببنەوە. بەم پێیە بەردەوام راپۆرت و هەواڵەکانی تایبەت بە شەڕی نێوان دوو لایەن بڵاو دەبووەوە.

شەڕی نیوان ئەم دوو وڵاتە، لەساڵی ١٩٩٨ەوە سەری هەڵدا، راست ئەو کاتەی کە ناگۆرنۆی قەرەباغ لە کۆماری ئەزەربایجان جیا بووەوە. ئێستاشی لە گەڵ بێت هەر کام لەم دوو وڵاتە ئیدەعای خاوەندارێتی ئەم ناوچەیە دەکەن.

ناوچەی قەرەباغ کە کەوتۆتە سەر سنووری هەر دوو وڵات، زۆرینەی دانیشتوانی ئەرمەنین بەڵام لە سەردەمی یەکێتی سۆڤییەتەوە لە ژیر کۆنتڕۆڵی ئازەربایجاندا بووە.

قەرەباغ لە ساڵی ١٩٩١ سەربەخۆیی خۆی راگەیاند، کە دواتر بووە هۆی سەرهەڵدانی شەڕێکی سێ ساڵە لە نیوان دوو وڵات. هەرچەند بە دەستوەردانی روسیا، ئەم شەڕە لە ساڵی ١٩٩٤ ئەجامەکەی بوو بە ئاگربەست، بەڵام بە مانای واقعی وشە هیچ کات کۆتایی پێنەهات  و لایەنەکانی ئەم ئاگربەستەش جاروبار لە گەڵ یەکتر دەکەونە شەڕ و تێکهەڵچوونەوە.

هەوڵە نیودەوڵەتیەکان بۆ نێوانگیری، بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی ئەم دۆخە زۆر یارمەتیدەر نەبوو. درێژەکیشانی ئەم شەڕ و تیکهەڵچوونانە هەر لە بنەمادا زەبرێکی گەورە بوو لە پەیکەری ئابوری ئەرمەنستان، چونکە دوابەدوای درێژەکیشان و بەردەوام بوونی ئەم شەڕ و تێکهەڵچوونانە تورکیا سنورەکانی خۆی بە رووی ئەم وڵاتە داخست. تەنیا سنووری وڵاتانی جۆرجیا و ئێران بە رووی ئەرمەنستاندا کراوە بوون.

رۆژی شەممە، ٢-٣-٢٠١٦ سەرلەنوێ شەڕ و پێکدادان لە نیوان هێزە سەربازیەکانی ئەم دوو کۆمارە دەستی پێکردەوە. وەزارەتی ئەرمەنستان رایگەیاندووە، کە لە ئەنجام ئەم شەڕ و تێکهەڵچوونانە تاکوو ئێستا ١٨ سەربازی ئەرمەنی کوژراون و ٣٥ سەربازیش بریندار بوونە.

ئەم وەزارەتخانەیە لە درێژەدا کۆماری ئازەربایجان بەوە تۆمەتبار دەکات، کە لە جەند میحوەرەوە هێرشی بەربڵاوی کردۆتە سەر ناوچەی جێی ناکۆک و کوێستانی ناگۆرنۆی قەرەباغ.

ناگۆرنۆی قەرەباغ دەکەوێتە ناوچەی قەفقازی باشور. لە رۆژئاوا لە گەڵ ئەرمەنستان، لە باشور لە گەڵ ئێران  لە باکور و رۆژهەڵاتەوە لە گەڵ کۆماری ئازەربایجان هاوسنوورە.

کاردانەوەی ناوچەیی و جیهانی

ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، ئەمە توندوتیژترین شەڕ و تێکهەڵچوونی دوو وڵاتە لە سەر خاڵە سنوریەکان.

ڤێلادیمیر پوتین،سەرۆککۆماری روسیا و هەروەها جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا  ودەوڵەتی فەرەنسا وچەندین وڵاتی جیهان لە ماوەی چەند کاتژمێری رابردوودا داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەیان کرددوە.

هاوکات گەڵ گەرماوگەرم بوونی ئەم شەڕە لە ناوچەی جێی ناکۆکی ناگۆرنۆ، ڤێلادیمیر پوتین، سەرۆککۆماری روسیا، یەکەم سەرکردەی وڵاتێکی بیانی بوو کە لەم بارەوە هەڵویستی وەرگرت و داوای لە وڵاتانی دراوسێ کردووە، کە هێمنی خۆیان بپارێزن.

دیمێتری پۆسکۆف، وتەبێژی کرملین گوتی: پوتین داوای لەو دوو لایەنە کردووە کە رەچاوی ئاگربەست بکەن. لە هەمان کاتدا، سێری شویگۆ، وەزیری بەرگری ئەم وڵاتە لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لە گەڵ هەر کام لە وەزیرانی بەرگری ئەرمەنستان و ئازەربایجان خوازیاری وەستاندنی شەڕەکە بووە.

هەر لەم پەیوەندیەدا فدریکا مۆگرینی، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دۆخی قەیراناوی ناگۆرنۆ خستە روو و داوای لە لایەنەکانی شەڕەکە کردووە، کە بگەڕێنەوە سەر خاڵەکانی ئاگربەستەکە و یارمەتی ئاساییکردنەوەی دۆخەکە بدەن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com