نوچەنێت
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، دەستپێشخەرییەکی وەک “نەخشەڕێگا”ی راگەیاند و پێشنیازی پێکهێنانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەکات، کە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، تێیدا ئەندام بێت.
لە نەخشە رێگایەکەدا، عەمار حەکیم پێشنیازی پێکهێنانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەکات، کە سەرکردەکانی وڵات تێیدا ئەندام بن و خشتەیەکی کاتی بۆ ئەنجامدانی چاکسازییەکان دابنرێت.
عەمار حەکیم، پێشنیازی دامەزراندنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کردووە، وەکو ئەنجوومەنێکی راوێژکاری ستراتیژی بەجۆرێک، گەورە سەرکردەی هێزە سیاسییەکانی وڵات، هەرسێ سەرۆکایەتی کۆمار، وەزیران و پەرلەمانی تێدا بن، کە پێکهاتوون لە ( سەرۆک کۆمار، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادگا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نوری مالیکی ،موقتەدا سەدر ، عەمار حەکیم ،ئەیاد عەلاوی، ئیبراهیم جەعفەری ، ئوسامە نوجەیفی ، ساڵح موتلەگ و هادی عامری).
ئەو ئەنجوومەنەش مانگانە کۆببێتەوە و، تاوتوێی هەنگاو و بڕیارە باڵاو ستراتیژییەکانی حکومەت بکات، رێڕەوی چاکسازییەکان هەڵبسەنگێنێت و کێشە سیاسییەکان چارەسە بکات.
عەمار حەکیم، پێنیشازی کردووە، فراکسیۆنەکان خۆیان وەزیرانی تەکنۆکرات دیاری بکەن و، عەبادی پەسەندی بکات، هەروەها ماوەی 90 رۆژیش لە بەردەم عەبادی و حکومەت دابنرێت بۆ چاکسازیکردن و، دەبێت هەوڵەکان لەسەر پەسەندکردن و جێبەجێکردنی 6 یاسای گرنگ چڕبکرێنەوە.
عەمار حەکیم هەروەها دەڵێت “ئەگەر نەتوانرا پێشنیازەکەی وەک نەخشەرێگا جێبەجێبکرێت، تەواوی کابینەکەی حکومەت بگۆڕدرێت، بە سەرۆکوەزیرانیشەوە و، حکومەتێکی تەکنۆکرات دابمەزرێت، هاوسەنگی نیشتمانی بپارێزرێت، فراکسیۆنێکی پەرلەمانی نیشتمانی پێکبهێنریت، کە لەسەرجەم فراکسیۆنەکان پێکبێت بۆ پاڵپشتیکردن لە حکومەتی تەکنۆکرات هەروەها. لەماوەی 30 رۆژدا حکومەت پێکبێت و پەرلەمان پەسەند بکات”.