سهنتهری میترۆ: لە قەیرانی سیاسیدا ئازادی رۆژنامەنوسی قوربانی ژمارە یەکە
نوچهنێت: تایبهت
سهنتهری میرۆ له راگهیاندراوێكیاندا، ئاماژه بهو پێشلێكارییانه دهكهن، كه له ماوهی 48 كاتژمێردا، بهرانبهر به رۆژنامهنووسان ئهنجام دراوه.
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لەرۆژنامەنوسان رایدەگەینێت پێشێلکاری بەرامبەر ئازادی رۆژنامەنوسی سنوری بەزاندووەو لەماوەی 48 کاتژمێری رابردودا شەش ئۆفیسی کەناڵی راگەیاندن سوتێنراون، شەش رۆژنامەنوس لەزینداندانو پێشێلکاری بەرامبەر بە 16 رۆژنامەنوسی تر ئەنجامدراوە.
رۆژی هەینی، پاش هێرشی خۆپیشاندەرانی زاخۆ بۆ سەر سەنتەرەکانی مەساجو دوکانی مەیفرۆشتن لەو شارە، هێرشکرایە سەر بارەگاکانی یەکگرتوی ئیسلامی و کەناڵەکانی راگەیاندنی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستانیان لە زاخۆو دهۆک سوتاند. هەندێ کارمەندی راگەیاندنی ئەو حزبە دەستگیرکرانو تا ئێستا چارەنوسیان نادیارە.
• شەوی هەینی نەسرەدین سەعید بەرپرسی مەڵبەندی سیانزەی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان لە قەزای زاخۆ، بەسەنتەری میترۆی وت”تەلەفزیۆنی خابور، ئۆفیسی کەناڵی سپێدە، دەنگی کوردیو، سوتێنراو هەندێ لە ئەندامانی کەناڵەکانی راگەیاندنمان دەستگیرکراون.”
• شەوی هەینی پەیامنێری کەناڵی سپێدە دوسکی ێبری بەسەنتەری میترۆی ووت “کەناڵی تەلەفزێۆنی یەکگرتوو، رادیۆی یەکگرتوو، نوسینگەی سایتی کوردیۆ، سوتێنرا”.
• رۆژی شەممە 3ی کانونی یەکەم پەیامنێری کەناڵی سپێدە فەرهاد سندی بەسەنتەری میترۆی وت، “پەیامنێرانی رادیۆو تەلەفزێۆنی خابور، دلبرین یوسف، ئیسلام سەعدی، ئوسامە نێرالدین، دلبرین حاجی، سامر عوبێد، ماهر سگڤان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون تا ئێستا ئازاد نەکراون”• بێژەری کەناڵی خابور لە شاری زاخۆ عبدالواحد تەها، بە سەنتەری میترۆی راگەیاند، یەکێک لە گیراوەکان تەمەنی خوار 18 ساڵە ناوی( بیلال جومعە) یە.
• رۆژی هەینی 2 ی کانونی یەکەم، عبدالله ئەحمەد پەیامنێری کەناڵی سپێدە لە شاری زاخۆ بە سەنتەری میترۆی وت”لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناخۆ پەلاماردرام کامێراکەیان شکاندم” .
• رۆژی شەممە 3 ی کانونی یەکەم، وێنەگری کەناڵی سپێدە لە شاری دهۆک موراد فوئاد بە سەنتەری بە سەنتەری میترۆی وت “هێزە ئەمنییەکان پەلاماریان دامو لێاندامو کامێراکەیان شکاندم.”
• سەنتەری میترۆ زانیوێتی کە رۆژنامەنوسێکی گۆڤاری باشور لە شاری زاخۆ، بەناوی (بەرەڤان) دەستگیرکراوە، پاشان ئازاد کراوە.
• شەوی هەینی 2ی کانونی یەکەم پەیامنێری کەناڵی NRT سیپان بە سەنتەری میترۆی وت” لەشاری سمێل دەستگیرکرام 6 چەکدار لێاندام” جەختیکردەوە”4 کاتژمێر لە ژێر چاودێری پزیشکیدا بوم لەبەر ئازاری گیانم”.
• رۆژی شەممە 3ی کانونی یەکەم پەیامنێری کەناڵی ئەلجەزیرە ئەحمەد زاوێتی، بە سەنتەری میترۆی راگەیاند دەیان هێزی چەکدار لەبەردەم بارەگای مەڵبەندی یەکگرتوو هێرشیانکردە سەر خۆمو وێنەگرەکەی هاوکارمو لێانداین. وتی”چەکدارەکان وەک دوژمن تەماشایان دەکردین هەندێکیان هاواریان دەکرد ئەوە ئەحمەد زاویتەی کەناڵی جەزیرەیە لێیبدەن.”
• سەرلەبەیانی شەممە 3ی کانوی یەکەم ، هێزە ئەمنییەکانی بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی رێگریانکرد لە پەیامنێرانی کەناڵەکانی راگەیاندن لە سەنتەری شاری سلێمانی وێنەبگرن کە بریتی بوون لە “پەیامنێری ئاوێنە زریان محەمەد، پەیامنێری PUKmedia سەفین ئەحمەد، پەیامنێری NRT هێمن مەحمودو وێنەگری کەناڵەکە تەلان کۆسرەت، پەیامنێری رۆژنامەی چاودێر ئاکۆ محمەد، پەیامنێری KNN هێمن خلیل، وێنەگری تەلەفزێۆنی ئازادی هێمن زاهیر.”
• رۆژی شەممە 3ی کانونی یەکەم پەیامنێری کەناڵی سەحەری ئێرانی، کەمال نوری بە سەنتەری میترۆی وت، ” تەقە کراوە بە سەر وێنەگرەکەمان کەیوان بەلوتی لەناو شاری دهۆک و هێزە ئەمنییەکان کامێراکەیان شکاندووە.”
• رۆژی شەممە 3ی کانوی یەکەم پەیامنێرو وێنەگری کەناڵی سپێدە لەشاری سلێمانی، کاروان رەحمان، عەبدولواحید سەعید، بە سەنتەری میترۆیان راگەیاند ” ئەمڕۆ چوار جار لێپرسینەوەمان لەگەڵکراوە لەکاتی ئامادەکردنی هەواڵ لەناو شاری سلێمانی”
• رۆژی شەممە 3ی کانونی یەکەم پەیامنێری ماڵپەری خەندان دەرباز سالح، لە شاری هەولێر لایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە دەستگیرکرا. دەرباز رایگەیاند، “خەریکی روماڵکردنی هەواڵ بوم هێزێکی پۆلیس دەستگیریانکردمو کەلوپەلی رۆژنامەنوسیان لێسەندمو وتیان سبەی وەرە وەریبگرەوە.”
سەنتەری میترۆ رایدەگەینێت لە هەموو تەنگژەیەکی سیاسیداو بەبێ هیچ پاساوێکی یاسایی، هێزە ئەمنییەکان رۆژنامەنوساندەستگیردەکەنو کەلوپەلی رۆژنامەنوسیان لێدەستێنن، یان دەیشکێنن. بەم کردارەشیان ئازادی رۆژنامەگەریو ئازادی رادەربڕین دەکرێنە قوربانی ژمار یەک لە ناو ململانیو قەیرانی سیاسیدا.
بە پێی لێدوانی رۆژنامەنوسان بۆ سەنتەری میترۆ زۆربەی پێشێلکارییەکان لەلایەن ئەمنییەکانەوە بە پۆشاکی فەرمی و مەدەنییەوە ئەنجامدراون.
سەنتەری میترۆ ئیدانەی سوتانی کەناڵەکانی راگەیاندنی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستانو دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسانی دەکات. داوا دەکات هەموو ئەو کەسو لایانەنەی دەستیان هەبوە لەو روداوانە بدرێنە دادگا.