زیاتر لە 300 میدیاكاری ئێران بەردەوام لە عێراقدان

0

نوچەنێت
كۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە لە كردنەوەی كەناڵی ئاسمانی و دەیان كەناڵی ئاسمانی بەزمانی عەرەبی لە نێو ئێران‌ و لوبنان و عێراق و فەلەستین و یەمەن كردۆتەوە، كە هاوشانی میدیای فەڕمی ئێران برەو بە سیاسەتەكانی ئێران دەدەن لە نێوخۆی ئێران ‌و وڵاتانی عەرەبی، بە زمانی عەرەبی بۆ برەودان بە سیاسەتەكانی ئەم وڵاتە لە ناوچەدا.

بە پێی زانیاریی و سەرچاوەكان، لە عێراق گرووپە شیعەكان هەر یەكەو خاوەنی كەناڵی ئاسمانی خۆیانن، كە ئەم كەناڵانە كوالێتیان زۆر بەرزە و پێویستی بە بودجەی زۆر هەیە، لە نمونەی “كەناڵی غەدیر: كوتلەی بەدر، كەناڵی عهد ١‌ و ٢: عەسائیبی ئەهلی حەق، الاتجاه: حزبوڵا” لە عێراق.

ئەمە جیا لە كەناڵە شیعەكانی دیكەی عێراق كە تا دێت لە زۆر بووندان، لەوانە كەناڵی ئافاق: حزبی دەعوە: فورات ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، مەنهەج: سەدرییەكان، بلادی نزیك لە ئیبراهیم جەعفەری و چەندین كەناڵی دیكەی شیعی كە لە بەرژەوەندی ئێران كاردەكەن. كەناڵەكانی منار و مەیادین و ئاسیا لە لوبنان و كەناڵەكانی سەر بە حوسییەكانی یەمەن وەك كەنالی مەسیرە، ئەمانە راستەوخۆ هاوشێوەی میدیا فەرمییەكانی ئێران پشتیوانی لە سیاسەتەكانی ئەم وڵاتە دەكەن.

جیا لەم وڵاتانە، لە فەلەستین لە ساڵانی رابردووەوە، ئێران پشتیوانی دارایی بۆ كەناڵی فەرمی بزوتنەوەی حەماس و كەناڵەكانی قودس و فەلەستین ئەلیەوم دابینكردووە، بەڵام بەپێی زانیاری سەرچاوەكان لە مانگی یەكی رابردووەوە بودجەی ئەم كەناڵانە بڕدراوە لەلایەن تارانەوە، هۆكاری ئەم بڕیارەی تاران دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی حەماس لەگەڵ پێكدادانە سیاسی و سەربازی و میدیاییەكانی ناوچەكەدا دەیهەوێت هاوسەنگییەك لە نێوان ئێران و وڵاتانی سوننەدا رابگرێت، بە تایبەت، كە دژی رژێمی سوریا.

جیا لە كەناڵی سیاسی و هەواڵی و فەرمی لایەنەكانی نزیك لە ئێران، ژمارەیەك كەناڵی دیكەی ئاینی و مەزهەبی و فكری لەلایەن ئێرانەوە لە ناوچەی عەرەبیدا كراونەتەوە.

بە گوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی ریاز-ی سعودی، بە گشتی ئێران 25 كەناڵی بۆ برەودان بە سیاسەتەكانی لە ناوچەی عەرەبی كردۆتەوە لەوانە، ئەنوار، معارف، اهل بیت، كەوسەر، فۆرتین، ئیمان، دعا، مەهدی، زەهرا، فەیحا، سقلین، ئەوحەد، مسار، فرقان، كەربەلا، فیلمی ئێران و تەهای منداڵان.

بە پێی راپۆرتێكی سایتی مەندەب پرێس-ی یەمەنی، لە عێراق 15 كەناڵ، لە لوبنان 10 كەناڵ، لەفەلەستین 3 كەناڵ، 3 كەناڵ تایبەت بە یەمەن و 60 كەناڵیش لە نێوخۆی ئێرانەوە برەو بە سیاسەتی ئێران دەدەن.

بە پێی راپۆرتێكی رۆژنامەوانی لە دوای 2003ەوە لە رێگای كردنەوەی كەناڵی “العالم” بە فەرمی ئێران بە زمانی عەرەبی و رووماڵكردنی رووداوەكانی عێراق كاریگەرییەكی زۆری لە سەر عێراقییەكان دروستكرد، بەتایبەت لەو كاتەدا كە هیچ میدیایەكی عێراقی نەبووە. هەروەها ئێران پرۆژەی میدیایی خۆی لە عێراق پەرەپێدا و دەگوترێت، زیاتر لە 300 میدیاكاری ئێران بەردەوام لە عێراقدان.

 بە پێی وتەی شارەزایانی میدیایی، لە بەرامبەردا عەرەبستانی سعودی دەستیكردووە بە كردنەوەی كۆمەڵێ‌ كەناڵی ئاسمانی، كە هێرشی توند دەكەنە سەر شیعە و ئێران، هەروەها كەناڵەكانی سعودیە بە پێچەوانەی بەشێك لە كەناڵەكانی ئێران، كە تا ئاستێك پابەندن بە بنەماكانی كاری میدیایی.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com