نوچەنێت-نیویۆرك تایمز
باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق، زاڵمای خەلیلزاد دەڵێت، لە سەروبەندی بڕیاری كۆتاییهێنان بە رژێمی سەدام حوسێن، ویلایەتە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2003 گفتوگۆی نهێنی لەگەڵ تاران هەبووە و تەنانەت دوای رووخانی سەدامیش گفتوگۆكان بەردەوامبوو، هەروەها ئێران سوور بوو لەسەر ئەوەی دەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی رژێمی پێشوو بە یەكجاری هەڵبوەشێنرێنەوە.
خەلیلزاد دەڵێت، كۆبوونەوە نهێنییەكانی ئەمریكا و ئێران لەبارەی روخاندنی رژێمی سەدام حوسێن لە جنێڤ بەڕێوە دەچوون و، نوێنەری ئێران لەو كۆبوونەوانەدا محەمەد جەواد زەریف بوو، كە ئەوكاتە نوێنەری ئێران بوو لە نەتەوە یەكگرتووەكان و دواتر بووە وەزیری دەرەوەی ئێران.
بەپێی نووسینێكی خەلیلزاد لە رۆژنامەی نیویۆرك تایمز ژمارەی ئەمڕۆ، ئەمریكییەكان داوایان لە ئێران كردووە ئەگەر لەكاتی لێدانی عێراقدا، فڕۆكەی ئەمریكی بە هەڵە چوونە ئاسمانی ئێران ئەوە ئێران تەقەیان لێنەكات، لە بەرامبەردا زەریف رەزامەندی پیشانداوەو تەنانەت بەڵێنیشیدا هانی شیعەكان بدات لە حكومەتی دوای سەدامدا بەشداری بكەن.
لە بەرامبەردا ئەمریكا بەڵێنی بە ئێران داوە، کە هەڵمەتەكان تەنیا بۆ روخانی رژێمی سەددام بن و فراوان نەكرێن و بە هبچ جۆرێك ئێران نەكرێتە ئامانج.
بە وتەی خەلیلزاد، ئەو گفتوگۆیانە لە مانگی پێنجی 2003 وەستێنران، بەهۆی ئەوەی ئەمریكا ئێرانی تاوانبار دەكرد بەوەی بووەتە پەناگەی ئەو سەركردانەی قاعیدە كە ئەمریكا، بە بەرپرسی دەزانین لە تەقینەوەكانی ریازی سعودیە كە بوونە هۆی كوژرانی هەشت كەسی ئەمریكی، یەكێك لەو سەركردانەش كوڕی ئوسامە بنلادن بووە.
ئێران داوای كردبوو، لە بەرامبەر رادەستكردنی ئەو سەركردانەی قاعیدە، چەند ئەندامێكی موجاهیدینی خەڵقی رادەست بكرێ، ئەمریكاش ئەوەی رەتكردووەتەوە و هەموو گفتوگۆكانی لەگەڵ ئێران راگرتووە تایبەت بە عێراق.