نوچەنێت-هەولێر
حەسەن ساعیدی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی بەدر و یەكێك لە فەرماندە باڵاكانی حەشدی شەعبی دەڵێت، بەهۆی ئەوەی موچە و خواردنی چەكدارانی حەشدی شەعبی لە میحوەری خوارووی بەغدا بڕاوە، ئەوان ناوچەكەیان چۆڵكردووە و دوای ئەوەش داعش لەو ناوچەیە دەستی بە جموجووڵ كردووەتەوە.
ئەو وتانەی ساعیدی لە چوارچێوەی بەیاننامەیەكدا بوون، كە ئەمڕۆ شەممە 2ی نیسان بڵاویكردەوە و تێیدا هاتووە “كشانەوەی حەشدی شەعبی، لە ناوچەكانی یوسفیەی باشوری بەغداد دوای بڕانی مووچە و بەشە خۆراكەكانیان، بووەتەهۆی دزەكردنی داعشی تیرۆریست بۆ ناوچەكە”.
لە درێژەی بەیاننامەكەدا هاتووە “چەند گرووپێكی داعشی تیرۆریست لە گوندی قەرەگوڵ و مەلا روشدی سەر بە قەزای یوسفیە، هەڵیان كوتاوەتە سەر خەڵكی و چەند سەرباز و كەسانێكی مەدەنییان كوشتووە”.
بە گوتەی ساعیدی “داعش چەند ماڵێكی تەقاندووتەوە و هەندێكی تری سووتاندووە، ئەویش دوای ئەوەی هێزەكانی ئەبولفەزڵ ناوچەكەیان چۆڵ كردووە بەهۆی بێ مووچەییەوە”.