نوچەنێت
باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هەڕەشەی تیرۆرستان بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئەتۆمی شتێکی راستەقینەیە و ئەگەر رووبدات ئەوا جیهان دەگۆڕێت.
رۆژی ٣١-٣- ٢٠١٦، لوتکەى ئاسایشى ناوکیى بە بەشداری ٥٠ سەکردەی جیهان لە واشنتۆن دەستیپێکرد و دوو رۆژی خایاند.
دوێنێ ١ی نیسانی ٢٠١٦، باراک ئۆباما لە لوتکەی ئاسایشی ناوکی لە واشنتۆن رایگەیاند، وڵاتانی جیهان هەنگاوی جددییان ناوە بۆ رێگەگرتن لە هێرشی تیرۆرستی ئەتۆم، بەڵام بەدەسهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن داعشەوە گەورەترین هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی جیهان.
ئۆباما گوتوویەتی “داعش لە سوریا چەکی کیمیایی بەکارهێناوە، گومان لەوەدا نییە ئەگەر ئەم شێتانە بۆمبی ئەتۆمییان دەستکەوێت ئەوا بەکاریدەهێنن و هەرچەند بۆیان بکرێت خەڵك دەکوژن”.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا “پێکەوە پێشکەوتنی بەرچاومان بەدەستهێناوە لە پاککردنەوەی چەندین ناوچە لە ماددە و پێداویستی ئەتۆمی” دەڵێت: لە ئەمریکای باشور ئەو پێشکەوتنە بە روونی دەبینرێت و لە ئەمساڵیشدا هەریەکە لە ئەوروپای ناوەند و رۆژهەڵاتی ئاسیاش ئەو پێشکەوتنە دەبینن.
ئۆمابا ئەوەی خستەڕوو، ئەگەر ئەو ناوچانە پاککبرێنەوە لە ماددە و پێداویستی ئەتۆمی، ئەوا ترسی ئەوە نامێنێت کە بکەوێتە دەستی کەسانی خراپ و دواتر بەکارهێنانی لەدژی هاووڵاتیان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئۆباما ستایشی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی کرد لەگەڵ ئێران و گوتی کە سەرکەوتنی دیپلۆماسییە و تا ئێستا ئێران بەردەوامە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.