نوچەنێت
سەرباری ناکۆکی و گرژی لە پەیوەندی دبلۆماسی نێوان تورکیا و ئەمریکا، ئەم پەیوەندیانە بۆ هەر دوو لایەن جێی بایەخ و گرنگیەکی تایبەت بە خۆیەتی.
لە هەمان کاتدا، کەمتر بینراوە کە پەیوەندی ئەمریکا لە گەڵ تورکیا، وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی خۆی بەم رادەیە ئاڵۆزی و گرژی بەخۆوە بینێبێ.
لەوانەیە بگوترێت، لانی کەم یەکێک لە ئامانجەسەرەکیەکانی سەردانی رەجەب تەیب ئەردٶغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ ئەمریکا، پێشگرتن بە هەر چی ئاڵۆزتر بوونەوە ئەم پەیوەندیانە بێت.
جێفری کوڵدبێرک لە بڵاوکراوەی ئەتلانتیک، دوای چەندین وتووێژ لە گەڵ باراک ئۆباما، ئەمریکا لە هەڵسەنگاندنی سیاسەتی سەرەوەی سەرۆککۆماری ئەمریکا، بۆچوونی ئۆباما سەبارەت بە ئەردۆغان بەم شێوەیە دەخاتە روو، کە ئۆردۆغان بە گوێرەی پێویست چاوەڕوانییەکانی ئۆبامای نەهێناوەتە دی.
سەرەتا باراک ئۆباما پێیوابووە، کە ئەردۆغان سیاسییەکی میانڕەوە و دەتوانێ ببێتە پردی پەیوەندی نێوان رۆژئاوا ورۆژهەڵات، بەڵام لە ئێستادا لە روانگەی سەرۆکی ئەمریکا، ئەردۆغان کەسێکی شکست خواردوو وسەرەڕۆیە کە نایەوێ سوپای گەورەی وڵاتەکەی بخاتە خزمەت سەقامگیری لە سوریا.
ئەگەرچی ئۆباما، بە ئاشكرا ئەم بۆچوونەی خۆی دەرنەبڕیوە بەڵام ئەردۆغان چەندین جار رەخنەی بەرەوروی ئۆباما کردۆتەوە.
سەرەتای مانگی رابردوو، سەرۆککۆماری تورکیا دەوڵەتی ئۆبامای بەوە تۆمەتبار کرد کە لایەنگڕی لە شەڕڤانانی کوردی سوریا دەکات وگوتی، بێ توانایی ئەمریکا لە تێگەیشتنی ماهییەتی راستەقینەی شەڕڤانانی کورد لە سوریا، ناوچەکەی کردووە بە دەریایەکی خوێن.
قەیرانی سوریا
ئەمریکا وتورکیا لە زۆر بارەوە رای جیاواز و ناکۆکیان هەیە. یەک لەوانە نائومێد بوونی ئەمریکایە لە رەوتی سیاسی و کاروباری ناوخۆی ئەم وڵاتە. بەم حاڵەشەوە قەیرانی سوریا و بە تایبەتی رۆڵی شەرڤانانی کوردی سوریا، لە شەڕ بە دژی داعش بۆتە چەقی ئاڵۆزی و گرژی نێوان هەردوو وڵات.
رێککنەکەوتنی ئەمریکا و تورکیا، سەبارە بە قەیرانی سوریا ئاماژەیەکی جددیە بۆ ناکۆکی و رای جیاوازی هەردوو لایەن لە دوو رەهەندی ئامانج و ستراتیجیەوە.
لە دەستپێکی قەیرانی سوریاوە، تورکیا پشتگیری لایەنە دژبەرەکانی رژێمی بەشارئەسەدی کردووە. لە راستیدا لادانی ئەسەد لە کورسی دەسەڵات بۆتە پێویستیەکی ستراتیجی بۆ تورکیا، ئەمەش لە روانگەی تورکیاوە تەنها چارەسەرە بۆ گەڕآندنەوەی ئەمن و سەقامگیری بۆ سوریا.
تورکیا راستەوخۆ لە شەڕی سوریا، زیانی زۆری بەرکەوتووە چونکە نە تەنیا تیرۆریزم رێگەی خۆی بۆ ناو ئەم ولآتە کردۆتەوە، بەڵکو ناچار بووە بچێتە ژێر باری قورسی شەپۆلی ئاوارەکان.
یەکێک لەو هۆکارانەی کە تورکیا خوازیاری پێکهێنانی ناوچەیەکی ئەمنییە لە سوریا، ئەوەیە کە جگە لەوەی کە پاراستنی هێزی ئاسمانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ خۆی مسۆگەر بکات. هاوکات دەیەوێ پشتگیری هێزە زەمینەکانیشی هەبێ. دەوڵەتی ئەمریکا بەردەوام دژایەتی خۆی لە گەڵ ئەم پێشنیارە دەربڕیوە. ئەمریکا دۆستی بەشار ئەسەد نییە بەڵام زۆرتر تەرکیزی کردۆتە سەر داعش لە سوریا وعێراق، هەر بەم هۆیەشەوە تا کاتێک سیستەمێکی نوێی سیاسی لە سوریا نەیەتە کایەوە، شەڕ لە گەڵ داعش لە عێراق وسوریا بەردەوام یەکێ لە ئەولەویەتەکانی ئەمریکا دەبێ.
هەر بەم هۆیەشەوە ئەمریکا هەر لە سەرەتاوە یارمەتی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆی سوریای داوە، بەڵام تا ئێستا ئەنجامێکی دڵخوازی بە دەست نەهێناوە. ناوچە سنوریەکانی تورکیا لە گەڵ سوریا و عێراق، لە رووی ستراتیجیەوە لە شەڕی دژ بە داعش گرنگیەکی تایبەتی هەیە بۆ ئەمریکا.
ئەمریکا خوازیاری کەڵک وەرگرتن لە بنکە سەربازی و ئاسمانیەکانی تورکیا بوو، بەڵام تورکیا تا ماوەیەکی زۆر وڵامی ئەرێنی ئەمریکای نەدایەوە تا سەرئەنجام گەیشتن بە رێککەوتن، کە ئەمەش لە روانگەی شارەزایانەوە هۆیەکەی بۆ داواکاری بەرامبەرر تورکیا لە ئەمریکا دەگەڕێتەوە، کە چاوپۆشی لێکردنی ئەمریکا بوو لە بۆمبابارانکردنی بنکە سەربازیەکانی پەکەکە، لە لایەن تورکیاوە.
لە راستیدا تورکیا زیاتر لەوەی کە بایەخ بە شەڕی داعش، بدات. تەرکیزی کردۆتەوە سەر کورد. شەڕڤانانی کورد لە شەڕ لە گەڵ داعش، زیاتر لە هەر هێزێکی دیکەی سەربازی سەرکەوتوو بوونە، لە بەرامبەردا ئەمریکا لە رووی داراییەو یارمەتی داون.
ئەم بابەتە هۆشداریەک بووە بۆ تورکیا، چونکە هاوکات کە لە ناوخۆ لە گەڵ پەکەکە لە شەڕدایە ترسی ئەوەشی هەیە کە هەر جۆرە پیشڕەوی و سەرکەوتنێکی شەڕڤانانی کورد ببێتە هۆی بەهێزبوونی ویستی نەتەوەخوازی.
بە گشتی ئەگەر چی ئەمریکا وتورکیا هاوپەیمانن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لە سەر سوریا رێک نین. لەم نێوەدا دەستوەردانی سەربازی روسیا لە سوریا، ئەم بابەتەی تا رادەیەکی زۆر ئاڵۆزتر کردووە. بە تایبەت کە دوای خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی شەر کەری روسیا لە لایەن تورکیاوە،هاوپەیمانانی ئەم وڵاتە لە ناتۆ هەڵوێست و دژکردەوەیەکی رونیان نەبوو.
لە لایەک هاوپەیمانانی ناتۆ بە ئاشکرا پشتگیری ئەم کردەوەی تورکیایان دەکرد، بەڵام هاوکات و بە روونی لەم بێ باکییەی تورکیا ترسیان لێ نیشتبوو. فڕۆکەشەڕکەرەکانی تورکیا بۆ ماوەیەکی کورت هەرێمی ئاسمانی تورکیایان، خستە ژێر چاودێریەوە بەڵام هەر زوو کۆتاییان بەم چاودێریە هێنا.
سەرباری ناکۆکی ستراتیجی تورکیا و ئەمریکا، سەبارەت بە سوریا ئەم دوو وڵاتە دەبێ هەوڵ بدەن کە بگەنە بەستێن و زەمینە کار و هاوکاری هاوبەش بۆ بەرەپیشبرنی شەڕ لە گەڵ داعش.
لە ئێستادا تورکیا بە سەرکەوتنی کوردەکان خۆشحاڵ نییە و، مەوقعییەتی ئەم وڵاتە بە شێوەی رابردوو پتەو و سەقامگیر نییە. ئەو رۆژانە بە سەر چووە کە داود ئۆغڵو، لە هەیمەنەی وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە بەڵێنی سیاسەتێکی نوێی دەرەوەی لە سەر بنەمای”هیچ جۆرە کێشەیەک”لە گەڵ دراوسێکان دەدا.
گۆڕینی سیاسەت
لە ئێستادا تورکیا لە هەموو سنورەکانی خۆی لە گەڵ گرفت و کێشە رووبەروویە. ئامانج و خەونی تورکیا بۆ پێکهێنانی”سەردەمی عوسمانی”و لە ئەستۆگرتنی رۆڵی ئەکتەری سەرەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژێر پرسیار دایە.
قەیرانی سوریا بۆتە هۆی نیگەرانی زیاتر و رۆژ لە دوای رۆژی تورکیا و جگە لەوەی کە لە گەڵ پەکەکە لە شەڕ دایە. هاوکات کەوتۆتە بەر مەترسی و هەڕەشەی تیرۆریزمی داعش.
تورکیا لە سنورەکانی خۆی لە گەڵ سوریا و عێراق، لە گەڵ کێشەدایە. پەیوەندیەکانی لە گەڵ ئەمریکا ئاڵۆزە ولە گەڵ روسیا لەوپەڕی گرژیدایە و وەک رابردووش و بەو شێوەیە هەبوو پەیوەندیەکانی لە گەل ئیسرائیل ئاسایی نییە.
تورکیا پێویستی بەوە هەیە کە سیاسەتی خۆی بگۆڕێ و، واشنتۆن لەم گۆڕینەدا دەتوانێ یارمەتی بدات، بەڵام ناکۆکیەکانی نێوان هەردوو وڵات سەبارەت بە سوریا وەک ئەسڵێک هەر لە جێی خۆی دەمێنێتەوە و زۆر دژوار دێتە بەرچاو کە ئەم دوو وڵاتە لەم بارەوە پێکبێن.