نوچەنێت
بەدواداچوونێكی رۆژنامەوانی گەورەترین ریسوایی گەندەڵی لە جیهان لە عێراقدا ئاشكرا دەكات، كە لەژێر پەردەی گرێبەستی نەوتی لەلایەن بەرپرسانی باڵای عێراقەوە ئەنجام دراوە.
هەردوو ماڵپەڕی (هاڤینگتۆن پۆست) و (فبرفاكس میدیا)ی عەرەبی دوێنێ چوارشەممە ٣٠-٣-٢٠١٦، راپۆرتێكیان لە ئەنجامی بەدواداچوونە رۆژنامەوانییەكە بڵاوكردەوە، تیایدا ناوی ژمارەیەك بەرپرسی باڵای عێراقیان ئاشكرا كردووە، كە دەستیان لەو ریسوایەدا هەبووە.
لە ناسراوترین تێوەگلاوانی ئەو گەندەڵییە، حسێن شەهرستانی وەزیری خوێندنی باڵای عێراقە، كە پێشتر وەزیری نەوت و جێگری سەرۆك وەزیرانیش بووە بۆ كاروباری وزە.
هەروەها ناوی هەر یەك لە عەبدولكەریم لعێبی وەزیری نەوتی پێشوو و زیا جەعفەر موسەوی بەڕێوەبەری كۆمپانیای نەوتی باشوور لەو ریسواییە گەورەیەدا هاتووە.
بەهەمان شێوە كیفاح نەعمان، بەڕێوەبەری پێشووی نەوتی باشوور و عودەی قرشی یەكێک لە بەرپرسانی باڵای كۆمپانیای نەوتی باشووریش تێوەگلاون. ناوی (باسم جەراح)
-یش كەوتووەتە نێو ئەو لیستەوە، كە هۆی پێكەوە گەیاندنی بەرپرسانی عێراق و کۆمپانیای “unaoil”ی نەوتی ئێرانی بووە، كە كاری دزینی نەوتی عێراق بوو.
رۆڵی كۆمپانیای “unaoil” ئەوە بووە كە پەیوەندی بەكۆمپانیا گەورە نەوتییەكانی جیهانەوە بكات. تا گرێبەست بۆ نەوتی كێڵگەكانی عێراق بكەن.
بەدواداچوونە رۆژنامەوانییەكە ئاشكرای دەكات، گرێبەستە ساختەكان چۆن ئەنجام دراون و بەم شێوەیە چەندین ملیار دۆلار لە پارەی نەوتی عێراق لە نێوان ساڵی 2005 تا 2014 دزراوە.
لەنێو دەیان گرێبەستی ساختە و گەندەڵدا، گرێبەستێكی كۆمپانیایەكی ئێرانی هەیە لە ساڵی 2011دا ئیمزا كراوە، نرخەكەی 600 ملیۆن دۆلار بووە و بۆ ئەوەی بڕی 16 ملیۆن دۆلار دراوە تا ڕەزامەندی شەهرستانی بەدەست بێنن.