نوچەنێت
موقتەدا سەدر، لە بارەی گۆڕانکارییەکانی حکومەتی عێراق لەبەردەم ناوچەی سەوز گوتارێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند “ئەوانەی لەودیو دیوارەكانن منیان لەنێوان بێدەنگیکردن لە گەندەڵییەکان و رژاندنی خوێنی مانگرتوان سەرپشککرد“.
دوای ئەوەی حەیدەر عەبادی، ناوی وەزیرە نوێیەكانی كابینەكەی پێشكەشی پەرلەمان كرد، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، كە رێبەری خۆپیشاندانەكان دەكات، كۆتاییهێنان بە مانگرتنی خۆی راگەیاند و سوپاسی خۆپیشاندەرانی كرد و گوتیشی “خۆپیشاندانی هەفتانە بۆ چاكسازی بەردەوام دەبێت”.
سەدر پشتگیری خۆی بۆ كابینە نوێیەكەی عەبادی دەربڕی، بەڵام جەختیكردەوە “ئەگەر لەماوەی هەفتەیەك بۆ 10 رۆژ پەرلەمان، دەنگ لەسەر كابینەكە نەدات، ئەوا متمانە لە حكومەتی عێراق وەردەگرینەوە”.
سەدر گوتی “بەهۆی سیاسییەکانییەوە عێراق بەبارودۆخێکی سەختی ئەمنی و ئابووری تێدەپەڕێت، بەڵام باوەڕمان بە رزگاربون لە گەندەڵی هەیە”.
موقتەدا سەدر رویكردە سیاسییەكان و گوتی “خەڵکی عێراق دەزانن ئێوە موڵک و ماڵی ئەوانتان خواردووە. سەرجەم گەندەڵکاران لە دادگایەکی دادپەروەردا لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت”.
گوتیشی “ئەوانەی لە پشتەوەی دیوارەکانن، منیان لە نێوان بێدەنگیکردن لە گەندەڵییەکان و رژاندنی خوێنی مانگرتوان سەرپشککرد، بەڵام نامەوێت خوێنی گەلی عێراق بڕژێت”.