نوچە-رادیۆ فەردا
ژنێڕاڵ ژوزێف دانفۆرد، فەرماندەی گشتی سوپای ئەمریکا رۆژی چوارشەممە رایگەیاندووە کە باراک ئۆمایا، سەرۆکی ئەمریکا لە رۆژانی داهاتوودا سەبارەت بە زیادکردنی هێزە سەربازیەکانی ئەم وڵاتە لە عێراق، بڕیارێک دەردەکات.
بە گوێرەی رۆیتەرز، دانفۆرد لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی جەختی لەوەکردۆتەوە، کە زیادکردنی ژمارەی هێزە سەربازیەکانی ئەمریکا لە عێراق دەبێت هۆی چونە سەرەوەی توانایی و بەهێزبوونی هێزەکانی عێراق بە تایبەتی لە ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی شاری موسڵ.
ژەنڕاڵ دانفۆرد رونیکردۆتەوە، کە لەم بارەوە کۆمەڵێک پێشنیار خراوەتە روو و سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە رۆژانای داهاتوو لەم بارەوە بڕیاری کۆتایی دەردەکات.
دانفۆرد وێڕای راگەیاندنی ئەم هەواڵە، هیچ ئاماژەیەکی بە وردەکاری و ژمارەی ئەو هێزانەی کە رەوانەی عێراق دەکرێن نەکردووە.
ئەم بەرپرسە سەربازیەی ئەمریکا لە لێدوانەکەیدا، ئەوەش دەخاتە روو کە لە ئێستادا تەرکیزمان کردۆتەوەسەر ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی شاری موسڵ و، پاراستی هێز و توانای سوپای ئەمریکا لە دوای گرتنەوەی شاری رومادی.