نوچەنێت
هێرشە تیرۆریتسیەکانی ئەم دواییانە ی ئیسلامیە توندڕەوەکان لە برۆکسل، کە لانی کەم ٣٥ کوژراو ودەیان برینداری لێکەوتەوە، بەرنامەی گەشتیاریی باراک ئۆباما-ی، لە هاڤاناو سەمای تانگۆ لە بۆینس ئایرس، بە شێوەیەکی کاتی دواخست و ئۆبامای ناچار بە دەرکردنی بەیانێکی سیاسی توند کرد، کە بۆ جارێکی دیکە بەڵێنی سەرکەوتنی ئێکجاری و کۆتایی بە سەر تیرۆریستاندا دووبارە بکاتەوە.
ئەم لێدوانەی ئۆباما، ئاماژەیەکە بۆ پارادۆکی گوتار و کرداری سەرۆکێک کە نزیکەی ٨ ساڵ جڵەوی دەسەڵاتی بەهێزترین ولآتی جیهانی بەدەستەوە بووە.
لە نێوان سەرۆککۆمارەکانی مێژووی هاوچەرخی ئەمریکا، جیمی کارتەر، تەنیا نمونەیەکە کە دەکرێ لە گەل ئۆباما ، بەو جیاوازیەوە بەراورد بکرێت کە ئۆباما وتاربێژێکی بەتوانایە و دەتوانێ شکستی سیاستە ئینفعالیەکانی بە وشە و دروشمی هەڵخەلەتێنەر داپۆشی، بە پیچەوانەوە کارتەر نە بە کردەوە ونە بە وتار لەم بارەوە بێتوانا بوو.
رەفتار و هەڵسوکەوتی جێی پرسیاری کارتەر، لە پانتایی سیاسەتی نێودەوڵەتی و پشتکردنی لە رژێمی پاشایەتی ئێران و یارمەتیدانی بە هاتنە سەردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و، پشتگیری بۆ شەخسی خومەینی بە واتای لە دەست دانی گەورەترین وبەهێزترین هاوپەیمانی ناوچەیی خۆی، واتە رژێمی پاشایەتی بوو، کە دواتر داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەم وڵاتەی بەدواداهات لە لایەن پەیڕەوانی هێڵی خومەینەوە.
شەپۆلی توندوتیژئامێژی تیرۆریزمی ئیسلامی، کە ئەم دواییانە پاریس وبرۆکسل، ئەمن و ئاسایشی کۆمەڵگای ئازادی جیهانی کردە ئامانجی خۆی و میراتی قێزەونی ئیسلامی سیاسی، بە واتایەک دیموکراسیەتی ئیسلامییە کە لە لایەن جیمی کارتەرەوە لە کۆتاییەکانی دەیەی ٧٠ی زایینی گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکرا.
سەرهەڵدانی تاڵیبان لە ئەفغانستان و پاکستان، قاعیدە لە عێراق، بەرەی نوسرە و سەدان گروپی تیرۆریستی و چەکداری دیکە لە سوریا، کە ئەمڕۆ کاریگەری و کاولکاریەکانی دەبیندرێت، لە یەکەم روانیندا میراتی ئەو رێوشوێن و سیاسەتانەیە کە نزیک بە ٤٠ ساڵ بەرلە ئێستا، زەمینەی بۆ هاتنە کایەی حکومەتێکی عەقیدەگەرا و رادیکاڵی شیعە لە ناوچەکە ئامادەکرد، کە ئەنجامەکەی بوو بە رکابەرایەتی و جەمسەربەندییەکی تۆخ لە سەر ئەساسی هێڵی شیعە- سوننە کە جوگرافیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تەنیوەتەوە.
باراک ئۆباما بە پێی قسە و لێدوان و دەرکردنی بڕیاری یەکلاکەرەوە، بێ بەڵێنی تواندنەوە و ریشەکێشکردنی رادیکاڵیزمی ئیسلامی دەدات، کە ماکەکەی ئەم دیاردەیە چ ساڵ بەر لە ئێستا ولە سەردەمی کارتەر دانرا.
مێژوو لە نێوان دووبارە بوونەوە وبەردەوامبوون
هێڕشە تیرۆریستیەکانی ئەم دواییانە برۆکسل، ئەنجامی راستەوخۆی سیاسەتێکی دەرەکی پڕتێچوو و گرانی دەوڵەتی ئۆبامایە، لە پەیوەندی لە گەڵ رۆژهەلآتی ناوەڕاست و وڵاتانی موسوڵمان، کە سەرباری هەڕەشەی بێ بنەما و دووبارەبوونەوەی دروشمە هەمیشەییەکانی ئۆباما، پێدەچێ لە ساڵانی داهاتووشدا شار ووڵاتانی دیکەی ئەوروپاش بکاتە ئامانج، تەنانەت خودی ئەمریکاش.لە بەر رووناکایی ئەم حەقیقەتە، سیاسەتەکانی کارتەر و ئۆباما رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئازادی کردۆتە قوربانی.
ئۆباما دەیتوانی لە جیاتی هەڵگرتنی دروشمی رەنگاڵەی ئاشت بوونەوە لە گەڵ ئیسلام و دۆستایەتی لە گەل دەوڵەتە هەژمۆنخوازە ئیسلامیەکان، لە سەرەتاوە بە دیدی مامەڵەی لە گەڵ ئیسلامی سیاسی و شەپۆلەکانی کردبایە و پشتیگیری مافی ئینسانی و دابینکردنی ئازادی تاکەکەسی و بەکۆمەڵی مرۆڤەکان بکردبایە وەک سیاسەتی ناوچەیی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
بە پێخۆشبوون و ئەگەر لە توانایدا بوایە، ئۆباما لە جیاتی سەردانی بۆ هاڤانا،رووی دەکردە تاران، لە فڕۆکەخانەی تاران دەستی حەسەن روحانی دەگوشی و دواتر لە گەڵ عەلی خامنەیی وێنەی یادگاری دەگرت، بێ ئەوەی کە ئەوەی لە بیری مابێت کە کۆماری ئیسلامی تەنها لە ساڵی رابرودوودا نزیکەی١٠٠٠ کەسی لە سێدارە داوە و تارانی کردۆتەوە پایتەختی لە سێدارەدان لە جیهاندا.
ئەوەی کە ئەمڕۆ وەک چەمک و بیرۆکەی سیاسی ئۆباما، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەناسرێتەوە تێکەڵاوێکە لە سیاسەتی ئینفعالی کە لە ژێر ناونیشانی “بەهێزکردنی ئەمنیەتی ناوچەیی وێڕای بەشدارکردنی دەوڵەتەکان”هاتووە.
مەفهوم و واتای ئەم سیاسەتە خۆ دزینەوە وخۆگێلکردنی گەورەترین هێزی سەربازی جیهانە، لە ئاستی قەیرانە ناوچەییەکان. ئەمە لە کاتێکدایە کە قەیرانە ناوچەییەکان سیمای قەیرانی جیهانیان بە خۆوە گرتووە، بە جۆرێک کە تەقینەوە وبۆمبە کوشندەکان تەنها شیعە و سوننە ورۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناکاتە ئامانجی خۆی بەڵکو لە بەرچآوی بیرورای گشتیی جیهان ئازاد و دڵی ئەوروپای گرتۆتەوە.
باراک ئۆباما و ستراتیجیە سیاسیەکەی، لە پەیوەندەی لە گەڵ خۆبەدوور گرتنی لە قەیرانە ناوچەییەکان و درێژەدان بە ئاشتیخوازی لە گەڵ ئیسلامی سیاسی، کە وەک بۆخۆیان دەڵێن لە سندوقەکانی دەنگدانەوە سەریان هەلێناوە، دووبارەکردنەوەی مێژوویی ئەو سیاسەتانەیە کە پیشتر لە لایەن کارتەرەو پەیڕەو کراوە.
وادیارە لە سیاسەتی ئەمریکا، ئەم ئەسڵە فەرامۆش کراوە کە هێز لە گەڵ بەرپرسیارێتی هاوتەریبە و نادیدە گرتنی ئەم هاوکێشە ئەوەی لێ دەکەوێتەوە، کە ئەمڕۆ جیهان ئەزموونی دەکات.
ئۆباما هاوکات دەست لە ملانی رابەرانی رادیکاڵی شیعەی ئێرانی و عەرەبە سوننەکانی ناوچەکەیە، غافڵ لەوەی کە رکابەرایەتی و ململانێی کوێرکوێرانەی نێوان ئەم دوو جەمسەرە وێڕای ئیهمال و بێ هەڵوێستی ئیدارەکەی خۆی، داعشیان لە عێراق رواند وسوریایان کرد بە کاولستان.
ئۆباما و سیاسەتەکەی، دووبارەکردنەوەی رەفتاری سیاسی کارتەرو ئەبوبەکر بەغدادیش لە درێژەی ئەم مێژووەدا، لە هەیمەنەی خومەینی چل ساڵ بەرلە ئێستا خۆی دەرخستووە.