نوچەنێت
سەرەتا پاریس، ئێستاش برۆکسل، تیرۆریستان توانیان بە شێوەی رەمزی و لە ناوەوە یەکێتی ئەوروپا بکەنە ئامانج. دوو کردەوەی تیرۆریستی لە ماوەی چوار مانگدا لە ناو جەرگەی ئەوروپا، ئەمە وەرزێکی نوێیە لە مێژووی ئەم یەکێتیە لە دوای شەڕی دووەمی جیهانیەوە، لێرەوە جیاوازە لە رابردوو.
هێرشە تیرۆریستیەکانی ٢٢ی مارس، لە کاتێکدا روویدا کە یەکێتی ئەوروپا لە ژێر باری قورسی هێرشە خوێناویەکانی ١٣ی نۆڤەمبەری پاریسدا بوو،هاوکات ئەم یەکێتییە سەرقاڵی قەیرانی پەنابەرانە.
لە هەموو گرنگتر، ئەم هێرشانە لە کاتێکدا روویدا کە پارتە نەتەوەخوازەکان بەرچاوترین دەستکەوتەکانی یەکێتی ئەوروپایان، بۆ وێنە ئازادی گواستنەوەی هێزی کار و سنوورە ئازادەکان (رێککەوتنی شنگن) بە هۆکاری ئەمنی خستۆتە ژێر رەخنە و پرسیار. دۆخی نائەمن و ترس و رەشبینی لە دوای ئەم تیرۆرانە هەلو مەرجی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوری ئەوروپا دەخەنە ژێر کاریگەری.
یەکەم کاردانەوە سەبارەت بە هێرشە تیرۆریستیەکانی سەر برۆکسل، بێگومان ئەم خاڵە دەبێت کە کاربەدەستانی ئەم یەکێتیە پێداچوونەوەیەک سەبارەت بە کۆنتڕۆڵی سنوورەکانی ئەوروپا بکەن.بە تایبەت لە پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی ئەندام لە شنگن.
هێرەشەکانی سەر پاریس جیاوازی بۆچوونەکانی خستە روو، چونکە تیرۆریستان بە کەڵک وەرگرتن لە ئازای هاتووچۆ لە سنوورەکانی نیوان فەرەنسا وبەلجیکا، توانیان بە ئاسانی پلانی هێرشەکان بۆ سەر پاریس و برۆکسل، دابڕێژن. لە ئەنجامدا لە دوای هێرشەکانی سەر پاریس، فەرەنسا و ژمارەیەکی دیکە لە وڵاتانی ئەوروپی کۆنتڕۆڵ و چاودێری سەر سنوورەکانیان توندوتۆڵ کردەوە و، دوای چەندین ساڵ، خاڵەکانی پشکنین گەڕێندرانەوە سەر سنوورەکان. هێرشەکانی برۆکسل و ئەگەری روودانی هێرشی دیکە لە داهاتوودا، پێش هەموو شتێک لەمپەر دەخاتە بەردەم پرۆژەی یەکێتی ئەوروپا، بۆ هەڵگرتنی کۆنتڕۆڵ لە سەر سنوورەکان تا کۆتاییەکانی ٢٠١٦.
پێدەچێ وڵاتانی ئەوروپی، لە رۆژانی داهاتوودا لە پەیوەندی لە گەڵ ئەمن و ئاسایشی نیشتمانی خۆیان تەنانەت لە دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، کۆمەڵێک رێوشوێن و یاسای سەخت بگرنە بەر، تا لەم رێگەوە بتوانن کۆنتڕۆڵی دۆخەکە و هاووڵاتیان بکەن، بە تایبەت ئەوهاووڵاتیانەی کە لە ناوچە جەنگیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا دەگەڕێنەوە بۆ ئەوروپا.
لەم روانگە ئەمنییەوە و بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ئەوروپا، لە دوای ئەم هێرشانە ئەگەری هێنانە ئارای پڕۆژەی هاوکاری لە نیوان وڵاتانی ئەوروپی و وڵاتانی دراوسێی ئەم یەکێتیە زیاتر لەهەموو کات بەهێزترە، بە تایبەت لە رووی زانیاری و هەوڵگرییەوە. هەر لەم گۆشەنیگاوە پێدەچێت ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا بە هێزی رەق و جیدیەتێکی زیاترەوە، مامەڵە لە گەڵ کەیسی تیرۆر بکەن بە تایبەتی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەم یەکێتیە ولە وڵاتانی وەک سوریا ویەمەن.
ئەوروپیەکان بە دڵنیاییەوە، لە دوای ئەم هێرشانە خوازیاری هاوکاری زیاتر و کردەوەی هاوبەش دەبن، لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی داعش. لەم رووەوە چاوەڕوان دەکرێ راددەی هاوکاری و رێژەی یارمەتیەکان و دانی چەک و چۆڵ و مەشق و راهێنانی سەربازی لە پەیوەندی لە گەڵ هێزەکانی عێراق وهێزی پێشمەرگە بە جیدیەتێکی زیاترەوە بخرێتە دەستوری کاری ئەوروپیەکانەوە. ئەم کەمپەینە ی دژ بە داعش، جگە لەم هاوکاری و یارمەتیانە دەکرێ هێرشی ئاسمانی و لایەنی هەواڵگری و راوێژکاری لە خۆبگرێ و لەم رێکەوتە بەواوە ناتۆ وەک ئەکتەرێکی سەربازی رۆڵی زیاتر بگێڕێ.
بەڵام هاوکات دەبێ کاریگەری و زیانەکانی ئەم هێرشانە، بۆ سەر رێککەوتنی ئەم دواییانەی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا، لە پەیوەندی لە گەڵ قەیرانی پەنابەران لە بەرچاو بگیردرێ. رێککەوتنێک کە بڕیاروابوو رێژەی چوونی پەنابەران بۆ ئەوروپا کەم بکاتەوە، بەڵام لە ئێستادا بە توندترکردنەوەی دۆخی ئەمنی لە یەکێتی ئەوروپا بێ گومان، ئەم وڵاتانە خوازیاری داخستنی سنورەکانی باشور و رۆژهەڵاتی ئەم یەکێتیە دەبن بڕیارێک کە پێویستی بە هاوکار و پەیوەندی وڵاتانی ئەوروپایە لە گەڵ تورکیا.
هاوکات نابێ لە بیر بکرێت، ئەم هێرشانە کاردەکاتە سەر بەرین بوونەوەی بۆچوون و روانگەی دژ بە ئیسلامگەرایی وزیاتر لە هەموو کاتێک گروپە و لایەنە توندڕەوەکانی ئەوروپا هان دەدات. هاوکات کاردەکاتە سەر رێککەوتنی نێوان ئەوروپا و تورکیا، بە تایبەتی لە پەیوەندی لە گەڵ ئەو خاڵەی کە دەڵێت، یاسای ڤیزا هاووڵاتیانی تورکیا ناگرێتەوە ئەگەر بیانهەوێ سەردانی وڵاتانی ئەوروپی بکەن. جێێ ئاماژەیە ئەم خاڵە یەک لەو خاڵانەیە کە لای تورکیا، گرنگیەکی تایبەت بە خۆی هەیە.
لە لایەکی دیکەوە، بەرزبوونەوەی هەستی دژە ئیسلامی، دەتوانێ یارمەتی بەهێزبوونی پارتە نەتەوەخوازەکانی ئەوروپا بدات. بەرەی نەتەوەیی فەرەنسا لە ئێستادا خاوەنی رێژەیەکی زۆر لە دەنگەکانە. لە ئەڵمانیا پارتی ئای ئێف دی(ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەلمانیا) کە هەڵوێستی توندی دژە پەنابەری هەیە لە هەڵبژاردنەکانی سێ ئەیالەتی ئەم وڵاتە، رێژەیەکی بەرچاو لە دەنگەکانی مسۆگەر کردووە و بۆتە سێهەمین پارتی ئەم وڵاتە.
هەم ئەڵمانیا وهەم فەرەنسا لە ٢٠١٧ دوو هەڵبژاردنی گەورەیان لە بەردەم دایە، کە بێگومان لە ژێر کاریگەری دوو بارەی قەیرانی پەنابەران و هێرشە تیرۆریستیەکاندان و پارتی سەرەکیەکانی ئەم دوو وڵاتە، لە لایەن رکابەرە نەتەوەخوازەکانەوە دەکەونە ژێر گوشار. لە ئەنجامدا ئەم پارتانە بۆ مانەوەی خۆیان ناچار دەبن بەشێک لە پلان و بەرنامەی پارتە نەتەوەخوازەکانن، بخەنە چوارچێوەی کاروباری خۆیانەوە. سیناریۆیەکی هاوشێوە کە پێشتر لە هوڵەندا و سوید ئەزموون کراوە. هەروەها ئەو حزب و لایەنانەی کە خوازیاری چونە دەرەوەی بەریتانیان لە یەکێتی ئەوروپا، کە دەتوانن ئەم هە و مەرجە ئەمنیەی ئێستا وەک خاڵێکی لاواز و کارتێکی گوشار بەکار بهێنن.
هێرشەکانی برۆکسل، ئابوری ئەوروپا دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە، هەرچەند بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت. لە رۆژانی رابردوو خەڵکانی بەلجیکا و وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا بە حەزەرەوە و لە ترسی روودانی کردەوە وهێرشی تیرۆریستی هاوشێوە، لە سەردان و ئامادەبوونیان لە شوێنە گشتیەکان و مارکێتەکان و بازاڕی خۆیان بواردووە، ئەمەش دەتوانێ کاربکاتە سەر ئابوری ناوخۆو هەروەها بابەتی گەشتیاری لەم وڵاتانە ئەگەر چی کاتیش بێت.
ئێستا لای ئەوروپیەکان مەترسی تیرۆریزم بەشێکی لە ژیانی رۆژانەی خەڵک، سەرباری ئەم کاریگەریە سیاسی و ئەمنی و ئابوریانە، ئەم هێرشانە بۆ ماوەیەکی دورودرێژ وێنەیەکی خەوشدار لە ئەوروپا دەخاتە روو، کە قەرەبوو کردنەوەی پێویستی بە کات هەیە.