نوچەنێت
پەرلەمانی عێراق ئەم پێنجەشەممەیە وەک دوایین مۆڵەت دەداتە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پێشکەشکردنی گۆڕانکارییە وەزارییەکەی.
بەپێی زانیارییەکان، دوای گفتوگۆکردن فراکیسۆنی ئەحرار و سەلیم جبووری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گەیشتونە رێککەوتن، کە ئەم پێنجەشەممەیە وەک دوایین مۆڵەت بدرێتە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پێشکەشکردنی گۆڕانکارییە وەزارییەکەی.
پێشترلەبارەی گۆڕانکاریی وەزاری و پڕۆژەی چاکسازی، دەمەقاڵێ لەنێوان پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی ئەحراری سەر بە رەوتی سەدر و سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق روویدا وە، بەهۆیەوە نوێنەرانی سەدر، هۆڵی پەرلەمانیان بەجێهێشت و دانیشتنی پەرلەمانیان بایکۆت کرد.
پەرلەمانتارانی سەدر، ناڕەزاییان لەوە دەربڕی پەرلەمانی عێراق ماوەی دوو هەفتە مۆڵەت دەداتە حەیدەر عەبادی، بۆ گۆڕانکارییە وەزارییەکان. ئەمەش پێشتر رێککەوتنی کوتلەکانی لەسەر کرابوو، نوێنەرانی سەدری داوایانکردووە دەرفەتی زیاتریان پێبدرێت و کۆبوونەوەیەکی نێوخۆیی ئەنجامدا بدەن، بەڵام سەلیم جبووری ئەمەی رەتکردووەتەوە، بۆیە پەرلەمانتارانی سەدر بەتووندی رووبەڕووی سەرۆکی پەرلەمان بوونەتەوە و پێیانگوتووە “تۆ کێی لە بری ئێمە قسە بکەی و بڕیار بدەی”.