نوچەنێت-عێراق نێت
فراكسیۆنە كوردییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوا دەكەن كورد مافی ڤیتۆی لەسەر ئەو بڕیارانەی لە دادگای فیدراڵی دەردەچن و پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە هەبێت.
ئەو داواكارییەی فراكسیۆنە كوردییەكان، لەكاتی كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق خراوەتەڕوو، گوتویانە، بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ كورد چارەنووسسازن و دەبێ كورد مافی ڤیتۆی هەبێت، لەدژی ئەو بڕیارانەی کە دژی كورد دەدرێن.
لە بەرامبەردا سەلیم جبوری، هەندێك پێشنیازی دیكەی خستووەتە بەردەم فراكسیۆنە كوردییەكان و ئەوانیش گوتویانە، دوای پێشاندانی ئەو پێشنیازانە بە نوێنەرانی كورد لە لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران وەڵامی جبوری دەدەنەوە.
جبوری دەڵێت، یاسای دادگای فیدراڵ ئامادەیە و ئەوان خوازیارن بەجۆرێك بێت كورد دەنگی پێبدەن.